حەوت هەزار کۆبۆنی نوێی بەنزین بەسەر شۆفێرانی کەرکووکدا دابەشدەکرێت
پووختەی هەواڵەکە:
- کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان دەستیکرد بە دابەشکردنی 7 هەزار کۆبۆنی نوێی بەنزین لە کەرکووک.
- ئەو شۆفێرانەی لە نێوان مانگەکانی ئازار تا تەممووزی ئەمساڵ مامەڵەیان کردووە کۆبۆنەکان وەردەگرنەوە.
- دوای تەواوبوونی ئەم قۆناغە، سیستمی کۆبۆنی دەستی نامێنێت و دەبێتە لەزگەی ئەلیکترۆنیی بارکۆددار.
- کەرکووک ڕۆژانە پێویستی بە 2.2 ملیۆن لیتر بەنزینە، بەڵام پشکەکەی تەنیا 1.82 ملیۆن لیترە.
زانیارییەک گەیشتووەتە کەناڵ8 کە لقی کەرکووکی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان دەستیکردووە بە دابەشکردنی 7 هەزار کۆبۆنی بەنزین بەسەر ئەو شۆفێرانەی لە مانگەکانی ڕابردوودا مامەڵەیان پێشکەشکردووە. ئەم دابەشکردنە لە کاتێکدایە کە ئیدارەی کەرکووک ئامادەکاری دەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی یەکجارەکیی کۆبۆنی کاغەزی و گۆڕینی بۆ سیستمی دیجیتاڵی و لەزگەی ئەلیکترۆنی لەسەر ئۆتۆمبێلەکان.
وەرگرتنی کۆبۆن و گواستنەوە بۆ سیستمی ئەلیکترۆنی
- دابەشکردنی 7 هەزار کۆبۆنەکە ئەو شۆفێرانە دەگرێتەوە کە لە نێوان مانگی ئازار تاوەکو مانگی تەممووزی ئەمساڵ مامەڵەی فەرمییان پێشکەشکردووە.
- لە ڕێگەی ئەم کۆبۆنانەوە شۆفێران دەتوانن بەنزین بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکومی لە 22 بەنزینخانەی کەرکووک وەربگرن.
- دوای تەواوبوونی ئەم قۆناغە، سیستمی کۆبۆنی دەستی بە تەواوی کۆتایی دێت و سیستمی لەزگەی ئەلیکترۆنی و بارکۆد دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
پشکی بەنزینی کەرکووک و نرخەکان
لە سنووری پارێزگای کەرکووک نرخی بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکومی بۆ جۆری نۆرماڵ بە 450 دینار، موحەسەن 850 دینار، و سوپەر بە 1,250 دینارە؛ لە ئێستادا پشکی ڕۆژانەی پارێزگاکە 1 ملیۆن و 820 هەزار لیترە، سەرەڕای ئەوەی پێداویستیی ڕاستەقینەی شارەکە دەگاتە 2 ملیۆن و 200 هەزار لیتر، هاوکات تاوەکو ئێستا زیاتر لە 350 هەزار ئۆتۆمبێل لە شارەکەدا کۆبۆنی فەرمیی بەنزینیان بۆ دەرکراوە.
زانیاریی زیاتر بۆ تۆ
لەکەرکووک بەنزینی حکومی بەهەزار دینار دەدرێت بەشۆفێرانی بێ کۆبۆن
دواکەوتنی بودجەی پترۆدۆلار لە بەغدادەوە پڕۆژەکانی کەرکووکی پەکخستووە
1 کاتژمێر پێش ئێستا