دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان: بە پێنج مووشەک هێرشکرایە سەر زڕگوێزەڵە و قەرەداغ

کیژان مەحمود 1 کاتژمێر پێش ئێستا
لۆگۆی دەزگای ئاسایشی هەرێمى کوردستان
لۆگۆی دەزگای ئاسایشی هەرێمى کوردستان

پووختەی هەواڵەکە:

  • دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە پێنج مووشەک هێرشکراوەتە سەر سێ ناوچەی هەرێم.
  • سێ لە مووشەکەکان ئاراستەی ناوچەی زڕگوێزەڵە کراون و دوو مووشەکەکەی دیکەش لە قەرەداغ و سیروان کەوتوونەتە خوارەوە.
  • بەپێی راگەیەنراوی فەرمیی دەزگای ئاسایش، هێرشە مووشەکییەکان هیچ زیانێکی گیانییان لێنەکەوتووەتەوە.
  • ئاسایش هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان لە شوێنی کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکان دووربکەونەوە و دەستکاری پاشماوەکانیان نەکەن.

زانیارییەک کە بە کەناڵ8 گەیشتووە، ئاماژە بەوە دەکات کاتژمێر 03:10ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنج مووشەک ئاراستەی ناوچەکانی زڕگوێزەڵە، قەرەداغ و سیروان کراون و لە چەند شوێنێکی جیاواز کەوتوونەتە خوارەوە. بەپێی بەدواداچوونە ئەمنییەکان، هێرشەکان لە کاتێکدا ئەنجامدراون کە هاووڵاتییان لە خەودا بوون، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی و برینداری لە ناوچەکانی کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکان تۆمار نەکراوە.


شوێن و کاتی کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکان

  • کاتژمێر 03:10 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی ئەیلوول هێرشەکان بە پێنج مووشەک ئەنجامدراون.
  • سێ مووشەک راستەوخۆ ئاراستەی ناوچەی زڕگوێزەڵە کراون.
  • مووشەکێکیان لە نزیک گوندی گورگەچیا سەر بە شارەدێی سیروان کەوتووەتە خوارەوە.
  • مووشەکی پێنجەمیش لە نێوان گوندەکانی داری زاین و میراسی خواروو لە سنووری قەرەداغ کەوتووەتە خوارەوە.

زیانەکان و رێنماییە ئەمنییەکان بۆ هاووڵاتییان

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان پشتڕاستیکردووەتەوە کە لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی سەرجەم مووشەکەکان هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و بارودۆخی ناوچەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە. لە هەمان کاتدا دەزگای ئاسایش داوا لە سەرجەم هاونیشتمانیان دەکات لەپێناو پاراستنی گیان و سەلامەتییاندا، لە دوای هێرشەکان لە شوێنەکان نزیک نەبنەوە و بە هیچ جۆرێک دەستکاری پارچە و پاشماوەکانی مووشەک و درۆن نەکەن تاوەکو لەلایەن تیمە پسپۆڕەکانەوە کۆدەکرێنەوە و پووچەڵ دەکرێنەوە.

زانیاری زیاتر بۆ تۆ

دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە دەوروبەری سلێمانی و هەڵەبجە بیسترا

کیژان مەحمود

1 کاتژمێر پێش ئێستا