حکوومەت دەکرێتە کاربەڕێکەر؟ دادگای فیدراڵی بڕیار دەدات

کەناڵ8 2 کاتژمێر پێش ئێستا
لۆگۆی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق
لۆگۆی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق

پووختەی هەواڵەکە:

  • دادگای باڵای فیدراڵی دادبینی بۆ 3 سکاڵا دژی سەرۆکی حکومەت و پەرلەمانی کوردستان ئەنجام دەدات.
  • پەرلەمانتاران داوا دەکەن حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی بە کاربەڕێکەر بناسێنرێت.
  • سکاڵاکارەکان داوای هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم بڕیارە دارایی و نەوتییەکانی دوای 10ـی تەممووزی 2023 دەکەن.
  • لە سکاڵایەکی جیادا داواکراوە بەردەوامیی خولی 6ـەمی پەرلەمانی کوردستان بە نادەستووری لەقەڵەم بدرێت.

زانیارییەک گەیشتووە بە کەناڵ8 کە دانیشتنی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی لە بەغداد هەڕەشەیەکی یاسایی ڕاستەوخۆ لەسەر شەرعیەتی بڕیارە دارایی و کارگێڕییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستدەکات. سکاڵاکان داوای پووچەڵکردنەوەی هەموو ئەو بڕیارانە دەکەن کە لە دوای تەواوبوونی چوار ساڵی تەمەنی کابینەی نۆیەم لە دۆسیەکانی نەوت، باج و کرێی کارەبا دەرکراون. دەرچوونی بڕیار لە بەرژەوەندیی سکاڵاکاران، پەرلەمانی پەککەوتوو هەڵدەوەشێنێتەوە و سەرجەم دەسەڵاتە ستراتیژییەکان لە دەست مەسرور بارزانی دەسەنێتەوە.


داواکاری و خاڵە سەرەکییەکانی سکاڵاکاران لە دادگای فیدراڵی:

  • داواکاریی ڕێبوار ئەوڕەحمان بۆ بەسەرچوو ناساندنی ویلایەتی یاسایی حکومەت لە 10ـی تەممووزی 2023ـەوە و سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی بۆ تەنیا کاربەڕێکەری ڕۆژانە.
  • هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم بڕیارەکانی دوای کۆتاییهاتنی ویلایەتەکە، لەوانە زیادکردنی کرێی کارەبا، سەپاندنی باج و ڕەسم، و هەموار و واژۆکردنی گرێبەستە نەوتییەکان.
  • داواکاریی عەلی حەمەساڵح دژی سەرۆکی بەتەمەنی پەرلەمان بۆ دەرکردنی بڕیاری نادەستووریبوون لەسەر بەردەوامیی خولی 6ـەمی پەرلەمانی کوردستان.
  • سکاڵای دووەمی عەلی حەمەساڵح دژی مەسرور بارزانی بۆ ڕێگریکردن لە دەرکردنی هەر بڕیارێکی ستراتیژی و پابەندیی دارایی درێژخایەن لە کاتی نەبوونی حکومەتی نوێدا.

لێکەوتە دەستوورییەکان و چارەنووسی دەسەڵات لە هەرێم:

دۆسیەی دادبینیی دادگای باڵای فیدراڵی ڕەهەندێکی چارەنووسساز بە قەیرانی یاسایی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان دەبەخشێت؛ چونکە لە ئەگەری سەپاندنی سیفەتی کاربەڕێکەری بەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکردندا، حکومەت ناچار دەبێت پەنا بۆ بڕیاری بەپەلەی ڕۆژانە ببات و ناتوانێت هیچ دانوستانێکی پابەندکەری نوێ لەگەڵ بەغداد ئەنجام بدات، هاوکات هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانیش دامەزراوەی یاسادانانی هەرێم دەخاتە بەردەم بۆشاییەکی دەستووریی تەواوەتی تا کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی نوێ.

زانیاری زیاتر بۆ تۆ:

ژمارەیەک مامۆستا و فەرمانبەر لە دادگای فیدڕاڵی دژی مەسرور بارزانی سکاڵایان تۆمارکرد

کەناڵ8

2 کاتژمێر پێش ئێستا