سێ میدیای دیاری ئەمریکا سکاڵا لەسەر ئیدارەی ترەمپ تۆمار دەکەن
پووختەی هەواڵەکە:
- ترەمپ میدیاکانی CNN و MS NOW و پۆلەتیکۆی لە کۆشکی سپی دوورخستەوە
- ترەمپ بەشێک لە میدیاکان بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست تۆمەتبار دەکات
- ترەمپ: هەڵمەتێکم دژی هەواڵی ساختە دەستپێکردووە
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ڕێگری لە میدیاکانی سی ئێن ئێن، ئێم ئێس ناو و پۆلەتیکۆ بۆ چوونەژوورەوە بۆ کۆشکی سپی کردووە، هەرسێ دامەزراوەکەش دەڵێن، سکاڵا لەسەر ئیدارەی ترەمپ تۆمار دەکەن.
ڕاگەیێنراوی هاوبەشی سێ میدیای دیاری ئەمریکا دەربارەی هۆکاری بڕیارەکەیان
- تۆمارکردنی سکاڵایەکی دادوەریی بۆ پاراستنی مافە دەستوورییەکانیان و داکۆکیکردن لەو بنەمایەی کە حکومەت بڕیار لەسەر ئەوە نادات، میدیاکان چ بابەتێک بڵاودەکەنەوە.
- کۆشکی سپی ناسنامەی ڕۆژنامەوانەکانی "بەبێ ئاگاداری پێشوەختە" هەڵوەشاندووەتەوە.
- ئەگەر ئەم دۆخە بە بێدەنگی تێپەڕێنرێت، ئەوا دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئازادیی ڕۆژنامەگەری و مافی هاوڵاتییان بۆ بەدەستهێنانی زانیاریی سەربەخۆی دوور لە دەستوەردانە حکومییەکان.
میدیاکان لە ڕاگەیێنراوێکی هاوبەشدا بڵاویانکردەوە:"حکومەتمان ئاگادارکردەوە ئەمڕۆ سکاڵایەکی دادوەریی پێشکەش دەکەین بۆ پاراستنی مافە دەستوورییەکانمان و داکۆکیکردن لەو بنەمایەی کە حکومەت بڕیار لەسەر ئەوە نادات، میدیاکان چ بابەتێک بڵاودەکەنەوە."
هەڵوەشاندنەوەی ناسنامەی ڕۆژنامەوانەکان بێ ئاگاداری پێشوەختە
هەرسێ دامەزراوەکە دەشڵێن، کۆشکی سپی ناسنامەی ڕۆژنامەوانەکانی "بەبێ ئاگاداری پێشوەختە" هەڵوەشاندووەتەوە، باسیان لەوەش کرد، "ئەگەر ئەم دۆخە بە بێدەنگی تێپەڕێنرێت، ئەوا دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئازادیی ڕۆژنامەگەری و مافی هاوڵاتییان بۆ بەدەستهێنانی زانیاریی سەربەخۆی دوور لە دەستوەردانە حکومییەکان."
تۆمەتبارکردنی بەشێک لە میدیاکان بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست
ئەوەش لەکاتێکدایە، ترەمپ بەردەوام بەشێک لە میدیاکان بەوە تۆمەتبار دەکات، هەواڵی ناڕاست و چەواشەکارانە بڵاودەکەنەوە و چەندین جاریش بە قسە هێرشی کردووەتەسەر ڕۆژنامەوانانی کۆشکی سپی.
هەرچەندە ترەمپ هۆکاری ڕاستەقینەی ئەم بڕیارەی بە وردی ڕوون نەکردووەتەوە، بەڵام گوتوویەتى "پێویست ناکات دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە کاتی ڕووماڵکردنی سەرۆکی ئەمریکا چیرۆک و زانیاریی ناڕاست بڵاوبکەنەوە."
دەستپێکردنی هەڵمەتێک لە دژی هەواڵی ساختە
هەر ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، لە پۆستێکدا لە تۆڕی تروس سۆشیاڵ ڕایگەیاند، هەڵمەتێک دژی هەواڵی ساختە دەستپێدەکات، کە بە شێرپەنجەیەکی بڵاو لە ئەمریکادا وەسفی کرد و گوتیشی، هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی و دەبێت بوەستێنرێت.
ترەمپ ڕۆژی هەینی هۆشداریی دا، ڕەنگە دەزگای دیکەش ڕووبەڕووی هەمان چارەنووس ببنەوە، بەڵام ناوی هیچ دەزگایەکی دیکەی نەهێنا.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
دۆناڵد ترەمپ: فێڵبازەکان لیست و ڕێککەوتنی ساختە لەبارەی ئێران بڵاودەکەنەوە و ئێمە گەیشتینە ئاگربەست
ترەمپ: ئێران خۆشی ڕادەست بکات میدیای چەواشە وەک سەرکەوتن باسی دەکات
ترەمپ بۆ پێشکەشکاری CBS: تۆ جێگەی شەرمەزاریت؛ من منداڵباز نیم و دەستدرێژیم نەکردووەتە سەر کەس
1 کاتژمێر پێش ئێستا