هەفتەى داهاتوو بڕی 76.2 ملیار دینارى شایستەى جووتیاران دابەش دەکرێت

ئارا ئیبراهیم 2 کاتژمێر پێش ئێستا
چەردەیەک لە دیناری عێراقی
چەردەیەک لە دیناری عێراقی

پووختەی هەواڵەکە

  • هەفتەی داهاتوو لەڕێگەی شەش سایلۆوە دەست بە دابەشکردنی گوژمەی هەشتەمی شایستەی گەنمی جووتیاران دەکرێت.
  • بەغداد لە کۆی 500 ملیار دینار، زیاتر لە 76 ملیار دیناری بۆ شایستەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان تەرخانکردووە.
  • لە کۆی پارەی شایستەی دارایی ساڵی 2025، تاوەکو ئێستا تەنیا نزیکەی حەوت ملیار دینار لای حکومەتی فیدراڵیی ماوەتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەک، کە بە کەناڵ8 گەیشتووە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی بازرگانی و دانەوێڵەی سلێمانی و دهۆک، هەفتەی داهاتوو پاش تەواوبوونی ڕێکارە بانکییەکان، زیاتر لە 76 ملیار دینار لەڕێگەی شەش سایلۆوە وەک گوژمەی هەشتەمی شایستەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دابەشدەکرێت.


پشکی پارێزگاکان لە گوژمەی هەشتەمدا

  • پارێزگای سلێمانی بڕی 29 ملیار و 93 ملیۆن و 449 هەزار دیناری پێدەدرێت.
  • پارێزگای هەولێر بڕی 24 ملیار و 815 ملیۆن و 610 هەزار دیناری بۆ تەرخانکراوە.
  • پارێزگای دهۆک بڕی 22 ملیار و 385 ملیۆن و 125 هەزار دیناری بەردەکەوێت.
  • کۆی گشتیی پارەی دابینکراو بۆ سێ پارێزگاکە دەگاتە 76 ملیار و 294 ملیۆن و 184 هەزار دینار.

کاتی دابەشکردن و ڕێکارە بانکییەکان

نازم محەممەد، بەڕێوەبەری بازرگانی و دانەوێڵە لە دهۆک ڕایگەیاند، ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممەی هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی پارەکە دەکەن بەمەرجێک بخرێتە سەر هەژماری بانکییان. هاوکات نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری بازرگانی و دانەوێڵەی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد کە پارەکە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی وەردەگیرێت و دوای تەواوبوونی چەند ڕێکارێکی بانکی و گەیشتنی پارەکە، دەستبەجێ لەڕێگەی شەش سایلۆوە دابەشکردنەکە ڕادەگەیەنن.

زانیاریی زیاتر لەسەر بابەتەکە

حکومەتی فیدراڵیی لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا بڕی 500 ملیار دیناری بۆ شایستەی جووتیاران لە عێراق و هەرێمی کوردستان تەرخانکرد، کە 250 ملیار دیناری بۆ ساڵی 2025 و 250 ملیار دیناری دیکەی بۆ شایستەی ئەمساڵ بوو، لەو بڕەش تەنیا نزیکەی حەوت ملیار دیناری ساڵی 2025 لای بەغداد ماوەتەوە. جووتیارانی هەرێمی کوردستان ساڵی ڕابردوو نزیکەی 390 هەزار تۆن گەنمیان ڕادەستی سایلۆکان کردووە، هەروەها بۆ ئەمساڵ 292 هەزار تۆن گەنم لە چوارچێوەی پلان بە نرخی 700 هەزار دینار و 108 هەزار تۆن گەنمی دیکەش لە دەرەوەی پلان دراوەتە سایلۆکان، بەوەش کۆی شایستەی دارایی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2026 دەگاتە 258 ملیار و 400 ملیۆن دینار.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

بەغداد 76.2 ملیار دینارى شایستەى گەنمى جووتیارانى هەرێمى کوردستان خەرج دەکات

وەزارەتی دارایی عێراق 500 ملیار دینار بۆ جووتیاران دابیندەکات

ئارا ئیبراهیم

2 کاتژمێر پێش ئێستا