عێراق لەگەڵ سێ وڵات پرسی ئاسایشی ناوچەکە تاوتوێ دەکات
پووختەی هەواڵەکە:
- فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە نیویۆرک بەجیا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی کەنەدا، سویسرا و ئازەربایجان کۆبووەوە.
- لە کۆبوونەوەکاندا مەترسییەکانی سەر ئاسایشی گەرووی هورمز و لێکەوتەکانی بۆ سەر بازرگانی و وزەی جیهانی تاوتوێ کران.
- عێراق و ئازەربایجان جەختیان لەسەر دەستپێکردنەوەی خێرای گەشتە ئاسمانییە ڕاستەوخۆکانی نێوان هەردوو وڵات کردەوە.
- وەزیرانی دەرەوە هاوڕابوون لەسەر چڕکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و گەیشتن بە چارەسەری ئاشتییانە.
عێراق لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا جووڵەیەکی دیپلۆماسیی چڕی دەستپێکردووە تاوەکو مەترسیی ئاڵۆزییە سەربازییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناوخۆی وڵاتەکەی دووربخاتەوە؛ لەم چوارچێوەیەشدا فوئاد حسێن دۆسیەی ئاسایشی گەرووی هورمز، کەرتی وزە و گەشتە ئاسمانییەکانی خستووەتە بەردەم هاوتا نێودەوڵەتییەکانی.
تەوەر و داواکارییەکانی وەزیری دەرەوەی عێراق:
- فوئاد حسێن لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ جیهون بایراموڤ، وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان، جەختی لە پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و گرنگیی دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردەوە بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگییە ئابوورییەکان.
- لە دیدارێکدا لەگەڵ ئەنیتا ئەناند، وەزیری دەرەوەی کەنەدا، ئاڵنگارییە ئەمنییەکانی ناوچەکە و لێکەوتە ئابوورییەکانی گرژییەکانی خستەڕوو، هەروەها داوای هەماهەنگیی نێودەوڵەتیی کرد بۆ کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکان.
- لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئیگنازیۆ کاسیس، وەزیری دەرەوەی سویسرا، تیشکی خستە سەر پەرەسەندنی ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هۆشداریی دا لە دروستبوونی قەیران لە گەرووی هورمز و کاریگەرییە نەرێنییەکانی بۆ سەر جووڵەی بازرگانی و هەناردەی وزەی جیهانی.
هەڵوێستی وەزیرانی دەرەوەی کەنەدا، سویسرا و ئازەربایجان:
لە بەرامبەردا، وەزیرانی دەرەوەی هەر سێ وڵات ئامادەیی خۆیان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغداد و پاڵپشتیکردنی سەقامگیریی ناوچەکە دەربڕی. لایەنی ئازەربایجانی پێشوازیی لە هەنگاوەکانی دەستپێکردنەوەی هێڵی ئاسمانی لەگەڵ عێراق کرد، لە کاتێکدا وەزیرانی دەرەوەی کەنەدا و سویسرا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی دۆزینەوەی میکانیزمی هاوبەش بۆ پاراستنی هێڵە دەریاییە بازرگانییەکان، کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی شەڕ و گەیشتن بە چارەسەری ئاشتییانە لە ڕێگەی دیالۆگەوە.
ئەم دیدارە دیپلۆماسییانەی عێراق لە کاتێکدان کە بەهۆی پەرەسەندنی ململانێ چەکدارییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مەترسیی پچڕانی هێڵەکانی گواستنەوەی وزە لە کەنداو و گەرووی هورمز دروستبووە. بەغداد هەوڵ دەدات لە ڕێگەی هاوبەشییە نێودەوڵەتییەکانیەوە ڕۆڵی نێوەندگیر و هێورکەرەوە بگێڕێت تا کاریگەرییە ئابووری و سەربازییەکانی شەڕ بۆ سەر خاکی عێراق سنووردار بکات.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ:
بازرگانیی جیهانى: جەنگى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست هەڕەشە لە ئاسایشى خۆراک دەکات
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران بابەتی گەرمی دانیشتنەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بوون
فوئاد حسێن و عەباس عێراقچی لە نیویۆرک کۆبوونەوە


1 کاتژمێر پێش ئێستا