هەنگاوێک بۆ کۆتاییهێنان بە گرانیی بەنزین؛ ڕۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوت بە نرخی پاڵپشتیکراو دەدرێتە هەرێمی کوردستان
پووختەی هەواڵەکە
- لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمان پێشنیازی تەرخانکردنی 50 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی بۆ هەرێمی کوردستان کرد.
- نەوتەکە بۆ پاڵاوتن و دابینکردنی سووتەمەنی و بەنزینە بە نرخی فەرمیی پاڵپشتیکراو.
- وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بەڵێن دەدات سووتەمەنی بە هەمان نرخی پارێزگاکانی عێراق بفرۆشێت.
- تێچووی پاڵاوتنی نەوتەکە لە کۆتایی هەموو ساڵێکدا لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە دەدرێتەوە.
لیژنەی نەوت و غازی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە فەرمی ڕاسپاردەی دابینکردنی 50 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی ڕۆژانەی لە وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵەوە بۆ هەرێمی کوردستان ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە. ئەم هەنگاوە بە ئامانجی چارەسەرکردنی قەیرانی سووتەمەنی و گرانبوونی نرخی بەنزینە لە پارێزگاکانی هەرێم، تاوەکو هاوشێوەی شارەکانی دیکەی عێراق بە نرخی پاڵپشتیکراو بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش بکرێت.
وردەکاریی ڕاسپاردەکانی لێژنەی نەوت و غاز بۆ چارەسەری قەیرانی سووتەمەنی:
- تەرخانکردنی 50 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی ڕۆژانە لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بۆ پاڵاوگەکانی هەرێمی کوردستان.
- دیاریکردنی پشکی هەر پارێزگایەکی هەرێم بەپێی ژمارەی دانیشتووان و هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق لەلایەن کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانەوە.
- بەڵێندانی فەرمیی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان بەو نرخەی کە لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵییەوە پەسەند کراوە.
- لە کاتی هەبوونی کورتهێنان لە سووتەمەنیدا، بڕەکە بە یەکسانی بەسەر هەموو پارێزگاکاندا دابەش دەکرێت، بە پێچەوانەوە ناردنی نەوتەکە ڕادەگیرێت و لە ڕێگەی سۆمۆوە هەناردە دەکرێت.
- یەکلاکردنەوەی تێچووی پاڵاوتن لە کۆتایی هەموو ساڵێکدا لە نێوان وەزارەتی نەوت و پاڵاوگەکانی هەرێمى کوردستاندا تاوەکو خەرجییەکان لەلایەن بەغدادەوە بدرێنەوە.
لێدوانی سەرۆکی لێژنەکە و مەرجەکانی زیادکردنی بڕی نەوتەکە:
لە بەرامبەردا، هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی لێژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ڕاسپاردەکان بەرهەمی بەدواداچوونی لێژنەیەکی لاوەکی بوون و بەرزکراونەتەوە بۆ سەرۆکی پەرلەمان تا بەدواداچوونیان بۆ بکرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە حاڵەتی پەسەندکردنی پێشنیازی زیادکردنی نەوت بۆ سەرووی 50 هەزار بەرمیل، پێویستە بڕەکە لە ڕێگەی لێژنەیەکی تەکنیکیی هاوبەشەوە دیاری بکرێت، فرۆشتنی نەوتی خاو و ڕادەستکردنی نەوتی ڕەش بە هەمان نرخی پارێزگاکانی دیکە بێت و حکومەتی هەرێم پابەند بێت بە دابینکردنی بەنزین و سووتەمەنی بە نرخی فەرمی بۆ هاونیشتمانییان.
لە هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا جیاوازییەکی بەرچاو لە نرخی سووتەمەنی و بەتایبەت بەنزین بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق هەبووە؛ لە کاتێکدا لە بەغداد و پارێزگاکانی دیکە بەنزینی نۆرماڵ بە 450 دیناری پاڵپشتیکراو دەفرۆشرێت، لە هەرێمی کوردستان بەهۆی نەبوونی پاڵپشتیی دارایی و کەمبوونەوەی بەشە سووتەمەنی حکومی، نرخەکەی بەرزتر بووە و پشتبەستن بە کەرتی تایبەت زیاتر بووە.
دوای ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئازاری 2023ـەوە، پرسی دابینکردنی نەوتی خاو بۆ پاڵاوگە ناوخۆییەکانی هەرێم و دابینکردنی سووتەمەنی بۆ پێداویستیی ناوخۆ، بووەتە یەکێک لە دۆسییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغداد کە پەسەندکردنی ئەم ڕاسپاردانە دەتوانێت کەلێنی کەمیی سووتەمەنی پڕبکاتەوە.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ:
لەبارەى نرخى بەنزینەوە ژمارەیەک پێشنیاز ئاڕاستەى وەزارەتى نەوت کران
1 کاتژمێر پێش ئێستا