داهاتی فێستیڤاڵی گەشتوکاڵی ڕاپەڕین نزیکەی یەک ملیار دینار بوو

ئارا ئیبراهیم 1 کاتژمێر پێش ئێستا
فێستیڤاڵی گەشتوکاڵی ڕاپەڕین
فێستیڤاڵی گەشتوکاڵی ڕاپەڕین

پووختەی هەواڵەکە:

  • داهاتی فرۆشی فێستیڤاڵی گەشتوکاڵی ڕاپەڕین گەیشتە نزیکەی 1 ملیار دینار.
  • زیاتر لە 75 هەزار هاووڵاتی لە ماوەی سێ ڕۆژدا سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کرد.
  • بەرهەمی زیاتر لە 200 جووتیار و کاسبکار لە فێستیڤاڵەکەدا ساغکرایەوە.
  • ئیدارەی ڕاپەڕین لە بەرهەمهێنانی هەنگوین و شیرەمەنیدا لەسەر ئاستی هەرێم یەکەمە.

سێیەمین فێستیڤاڵی گەشتوکاڵ لە دەربەندی ڕانیە داهاتێکی پێوانەیی بۆ جووتیاران و خاوەن کارە دەستییەکان تۆمارکردووە و ئاستی فرۆش لە ماوەی سێ ڕۆژدا نزیکبووەتەوە لە 1 ملیار دینار، لە کاتێکدا دەیان هەزار گەشتیار بە مەبەستی کڕینی بەرهەمی خۆماڵی ڕوویان لە سنوورەکە کردووە.


خالید ئەحمەد، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئیدارەی ڕاپەڕین بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند:

  • لە 24 تاوەکو 26ـی ئەیلول لە دەربەندی ڕانیە 153 کابینە بۆ جووتیاران دابینکرابوو.
  • بە هەژمارکردنی شوێنی فرۆشتنی خواردنی کوردەواری و کاڵای دیکە، ژمارەی بەشداربووان گەیشتە 210 شوێن.
  • داهاتی فرۆشراوی بەرهەمی کشتوکاڵی و کاری دەستی لە ماوەی ئەو سێ ڕۆژەدا گەیشتە نزیکەی 1 ملیار دینار.
  • زیاتر لە 75 هەزار کەس سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کردووە و لە ڕاپرسییەکی مەیدانیدا 99%ـی بەشداربووان ڕەزامەندییان دەربڕیوە.
  • ئەم جۆرە چالاکییانە پاڵنەرێکی سەرەکین تاوەکو جووتیاران بەرهەمی وەرزیی داهاتوویان زیاد بکەن.

بەستنەوەی کەرتی کشتوکاڵ بە گەشتوگوزارەوە:

ئامانجی سەرەکی لەم هەنگاوە بازرگانییە، دۆزینەوەی بازاڕی ڕاستەوخۆ بووە بۆ جووتیاران بەبێ بوونی نێوەندگیر، هاوکات لەم چالاکییەدا ستراتیجی بەستنەوەی بەرهەمی کشتوکاڵیی ناوخۆیی بە ناوەندە گەشتیارییەکان تاقی کرایەوە بە مەبەستی کەمکردنەوەی پشتبەستن بە کالای هاوردەکراو و ناساندنی شوێنە گەشتیارییەکانی دەڤەرەکە بەو هاووڵاتی و گەشتیارانەی لە شارەکانی دیکەوە سەردانی ناوچەکەیان کردبوو.

پێگەی بەرهەمهێنان و ژێرخانی ناوچەکە:

سنووری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لە بەرهەمهێنانی هەنگوین، شیرەمەنی و گۆشتدا لە پلەی یەکەمدایە؛ هاوکات دەڤەرەکە خاوەنی 120 شوێنی گەشتیارییە و پێگەیەکی لەباری هەیە بۆ تێکەڵکردنی کەرتی گەشتوگوزار و بەبازاڕکردنی بەروبوومی کێڵگەیی، کە ساڵانە دەیان هەزار گەشتیار لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە ڕووی تێدەکەن.

زانیاری زیاتر بۆ تۆ:

سبەى لە ئیدارەی ڕاپەڕین فێستیڤاڵی گەشتوکاڵ دەستپێدەکات

ئیدارەی ڕاپەڕین ئامادەکاری بۆ سازکردنی فێستیڤاڵی گەشتوکاڵ دەکات

ئارا ئیبراهیم

1 کاتژمێر پێش ئێستا