پڕۆژەی «ڕووناکی» ماڵەکان تاریک دەکات؛ هەزاران سکاڵا و قەرزی خەیاڵی لەسەر هاونیشتمانیان
پووختەی هەواڵەکە:
- پڕۆژەی ڕووناکی سزای دارایی بەسەر بەشێک لە هاوبەشانی کارەبادا سەپاندووە.
- هاووڵاتییان و یاساناسان ئاماژە بە هەڵەی پسوولە و تێکەڵبوونی هێڵەکان دەکەن.
- خاوەنکاران بە کورتەنامە ئاگادارکراونەتەوە کە دەبێت پارەی کارەبای ساڵی 2023 بگەڕێننەوە.
- بڕی پارەی داواکراو لە پرۆژە بازرگانییەکان لە نێوان 3 تاوەکو 130 ملیۆن دیناردایە.
زانیاریی گەیشتووە بە کەناڵ8 کە جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، ڕووبەڕووی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان و بازرگانان بووەتەوە بەهۆی سەرهەڵدانی کێشەی تەکنیکی و سەپاندنی سزای دارایی، لە کاتێکدا ڕۆژانە سکاڵای جۆراوجۆر لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی کارەبا تۆمار دەکرێن.
هاووڵاتییان و پارێزەران دەربارەی گرفتەکانی پڕۆژەی ڕووناکی دەڵێن:
- هاوبەشانی کارەبا سەرەڕای پێدانی پارەی مانگانە، بە تۆمەتی ڕاکێشانی نایاسایی هۆشداریی بڕینی کارەبا و سزای 600 هەزار دینارییان بۆ هاتووە.
- هاووڵاتییان بەڵگەی فەرمیی پارەدانی مانگانەیان پێیە، بەڵام ڕووبەڕووی هەڵەی کارگێڕی بوونەتەوە لە تۆمارکردنی پێوەرەکانیاندا.
- دیارترین گرفتەکان بریتین لە بەرزبوونەوەی پارەی کارەبا، تێکەڵبوونی هێڵی ماڵان، هەڵە تۆمارکردنی خانووەکان و کێشەی سیستمی تەکنیکی.
- گۆران محەممەد، پارێزەر ئاماژە بەوە دەکات مامەڵە و سکاڵای هاووڵاتییان لەسەر ئەم پرۆژەیە زۆرە و چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکان کاتی پێویستە.
ڕێکارەکانی پڕۆژەی ڕووناکی و داواکاری لە کەرتی بازرگانی:
لە لایەکی دیکەوە، ئیدارەی پڕۆژەی ڕووناکی لە ڕێگەی کورتەنامەوە خاوەنی پڕۆژە بازرگانییەکان، مارکێت و کۆگاکانی ئاگادارکردووەتەوە کە لە ساڵی 2023ـەوە پارەی کارەباکەیان بە هەڵە و کەمتر لە بڕی دیاریکراو بۆ هەژمارکراوە؛ بەگوێرەی کورتەنامەکان، پێویستە ئەو خاوەنکارانە پارە پاشەکەوتکراوەکان بگێڕنەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی کارەبا، کە بەپێی داهات و قەبارەی پڕۆژەکان بڕی ئەو پارەیە لە 3 ملیۆن دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 130 ملیۆن دینار.
پێشینە و ئامانجی سەرەتایی پڕۆژەکە:
پڕۆژەی ڕووناکی وەک هەنگاوێکی حکومەت بۆ دابینکردنی کارەبای بەردەوامی 24 کاتژمێری لە ڕێگەی پێوەری زیرەکەوە ڕاگەیەندرا بە ئامانجی ڕێکخستنەوەی خەرجی و دابەشکردنی وزە، بەڵام لەگەڵ فراوانبوونی پرۆسەکەدا، کێشەی تەکنیکی و هەڵەی سیستمی هەژمارکردنی پارە وایکردووە کێشەی یاسایی و کارگێڕی لەنێوان بەشداربووان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی کارەبادا دروستببێت.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ:
پەرمانتارێک بۆ وەزیرى کارەبا: داهاتی فرۆشتنی 1,500 میگاوات کارەبا و پرۆژەی ڕووناکی بۆ کوێ دەچێت؟
60 خولەک پێش ئێستا