سوپای ئیسرائیل دەچێتە ناو سووریا

مەعاز فەرحان 58 خولەک پێش ئێستا
ژمارەیەک سەربازی سوپای ئیسرائیل لە کاتی ئەرکە سەربازییەکانیان لە سووریا
ژمارەیەک سەربازی سوپای ئیسرائیل لە کاتی ئەرکە سەربازییەکانیان لە سووریا

پووختەی هەواڵەکە

  • کاروانێکی سەربازیی ئیسرائیل چوونە ناو گوندێکی سنووری پارێزگای دەرعا.
  • سوپای ئیسرائیل لە گوندەواری قونەیترە بازگەی کاتیی پشکنینی داناوە.
  • هێزەکانی ئیسرائیل بە تۆپخانە چەند خاڵێکیان لە نزیک سنوور بۆردومان کرد.
  • لە کۆتایی 2024ـەوە ئیسرائیل 1200 جار خاکی سووریای بەزاندووە.

کاروانێکی سوپای ئیسرائیل بە زیاتر لە 10 ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە چوونەتە ناو گوندەکانی باشووری سووریا، لە کاتێکدا سەربازانی ئەو وڵاتە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییان و خاڵی پشکنینی کاتییان لەسەر ڕێگا سەرەکییەکانی نێوان دەرعا و قونەیترە داناوە.


میدیاکانی سووریا لەبارەی جووڵەی سەربازیی هێزەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکە بڵاویانکردەوە:

  • بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە زیاتر لە 10 ئۆتۆمبێلی سەربازیی ئیسرائیل چوونەتە گوندی مەعریە لە گوندەواری ڕۆژئاوای دەرعا.
  • هێزەکان لە ناوچەی یەرموک هەڵیانکوتاوەتە سەر چەند ماڵێک و پاش ئەنجامدانی پشکنین بەرەو سەربازگەی جەزیرە کشاونەتەوە.
  • کاروانێکی سەربازیی ئیسرائیل چووەتە گوندی خان ئارنبە لە قونەیترە و خاڵێکی پشکنینی کاتییان لەسەر ڕێگای عەین نووریە داناوە.
  • ڕۆژی دووشەممەش هێزەکانی ئیسرائیل لە نزیک گوندی تەرەنجە، هەردوو ناوچەی حوریە و تەل حەمریەیان تۆپباران کردووە.

هەڵوێستی دیمەشق و خستنەڕووی پێشێلکارییەکان لە نەتەوە یەکگرتووەکان:

ئەم ئۆپراسیۆنە زەمینی و هێرشە بەردەوامانە لە کاتێکدایە کە پرسی بەزاندنی سەروەریی خاکی سووریا گەیشتووەتە ناوەندە دیپلۆماسییە نێودەوڵەتییەکان؛ لە کۆبوونەوەی ئەم دواییەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەوە کرا کە سوپای ئیسرائیل بە شێوەیەکی بەردەوام سنوورەکان دەبەزێنێت، بە مەبەستی دروستکردنی پشتێنەیەکی ئەمنی لەسەر هێڵی تەماس، لە کاتێکدا دانیشتووانی ناوچە سنورییەکان لە ژێر چاودێریی بەردەوامی سەربازیدا دەژین.

پێشینەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە سووریا:

بەگوێرەی ئەو داتایانەی لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە لایەن ئەحمەد شەرعەوە خرانەڕوو، لە کۆتاییەکانی ساڵی 2024ـەوە تاوەکو ئێستا ئیسرائیل 500 جار بۆردومانی ئاسمانی و مووشەکی ئەنجامداوە و هەزار و 200 جاریش بە هێزی زەمینی چووەتە ناو خاکی سووریا؛ بەهۆی هاوسنووریی پارێزگاکانی دەرعا و قونەیترە لەگەڵ بەرزاییەکانی جۆلان، سوپای ئیسرائیل بەردەوام مانۆڕ و هەڵمەتی پشکنینی سەربازی لەو گوندانە جێبەجێ دەکات.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ:

سوپای ئیسرائیل: هێرشمان کردە سەر باشووری سووریا و ژمارەیەک چەکدارمان کوشت

سوپای ئیسرائیل: بۆ یەکەم جار لە ڕێگەی سنووری سووریاوە ئۆپەراسیۆنمان لە ناو خاکی لوبنان ئەنجامدا

سوپای ئیسرائیل: هێزەکانمان لە باشووری سووریا جێگیرکردووە

مەعاز فەرحان

58 خولەک پێش ئێستا