ئەمڕۆ ڕووفاتى 25 هاونیشتمانیى ئێزدى دەگەڕێنرێنەوە شنگال
جەبار حسین 1 کاتژمێر پێش ئێستا
پووختەى هەواڵەکە
- ڕووفاتى 25 هاونیشتمانیى ئێزدى دەگەڕێنرێنەوە شنگال.
- ڕووفاتەکان ڕادەستى کەسوکارییان دەکرێنەوە و لە ڕێورەسمێکدا بەخاک دەسپێردرێن.
ڕووفاتەکان لە کاتژمێر 10:00ـى بەیانى بەڕێدەکرێن و کاتژمێر 1:00 دەگەنە مۆنۆمێنتى ئێزدییەکان لە گوندى سۆلاڤ و هەر لەوێش مەراسیمێکیان بۆ ڕێکدەخرێت و دواتر ڕووفاتەکان ڕادەستى کەسوکارییان دەکرێنەوە و لە ڕێورەسمێکدا بەخاک دەسپێردرێن.
بە گوێرەى ئامارەکان
- تاوەکو ئێستا بە هەشت قۆناغ ڕووفاتى 295 هاونیشتمانیى ئێزدى لە بەغداد گەڕێندراونەتەوە بۆ شنگال.
- گەڕانەوەى ئەو ڕووفاتانە دەبێتە قۆناغى نۆیەمی گەڕاندنەوەی ڕووفاتەکان، کە پێشتر لەسەر دەستى داعش کوژراون.
- لە شنگال 93 گۆڕى بەکۆمەڵ دۆزراوەتەوە، لەو ژمارەیە 68 گۆڕ هەڵدراونەتەوە و لەو 68 گۆڕە بەکۆمەڵە، کە هەڵدراونەتەوە، ڕووفاتى 798 هاونیشتمانیى ئێزدى بۆ ناسینەوە ڕەوانەى بەغداد کراون.
چەکدارانی داعش لە 3ـى ئابی 2014، هێرشان کردە سەر هاونیشتمانییانی ئێزدی لە شنگال و دەوروبەری و بەو هۆیەوە هەزاران کەس کوژران و بێسەروشوێنبوون و نزیکەی 550 هەزار ئێزدی لە ناوچەکە ئاوارەبوون.
بەگوێرەى ئامارەکان، ژمارەی ونبووان و کوژراوانی ژنان و پیاوان و منداڵانی ئێزدی بە چوار هەزار کەس مەزەندە دەکرێت، بەجۆرێک دوو هەزار و 100 بۆ چوار هەزار و 400 حاڵەتی مردن و کوشتن و چوار هەزار و 200 بۆ 10 هەزار و 800 حاڵەتی ڕفاندن لە ناوچەکە ڕوویداوە.
زانیارى زیاتر بۆ تۆ
جەبار حسین
1 کاتژمێر پێش ئێستا