عێراق و تورکیا نەخشەڕێگایەکی درێژمەودا لە بواری وزەدا تاوتوێ دەکەن

محەمەد عەلی 1 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆبوونەوەی شاندی تورکیا و عێراق
کۆبوونەوەی شاندی تورکیا و عێراق

پووختەی هەواڵەکە

  • وەزیری وزەی تورکیا:  کار لەسەر نەخشەڕێگایەک بۆ ڕێککەوتنێکی نوێی درێژمەودا و گشتگیرتر لەگەڵ عێراق دەکەین.
  • بایراکتار:  دەمانەوێت لە کێڵگەکانی دیکەی نەوت جگە لە کەرکووک کار بکەین

وەزارەتی وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا ڕاگەیێنراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی شاندی وەزارەتەکە بە سەرۆکایەتیی ئاڵپارسڵان بایراکتار، و شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بە سەرۆکایەتیی باسم محەممەد خزەیر، بڵاوکردەوە و دەڵێت، کۆبوونەوەیەکی گرنگ بووە لە بواری وزەدا.


پەیوەندییەکانی عێراق تورکیا

  • هەردوو دوو وڵات کار لەسەر نەخشەڕێگەیەک دەکەن بۆ ڕێککەوتنێکی نوێی درێژەمەودا و گشتگیرتر لە بواری وزەدا.
  • لەو چوارچێوەیەدا گرووپەکانی هاوبەشی کار دەخەنەگەڕ تاوەکو بە خێرایی پڕۆژەکانی ژێرخانی نەوت و گازی سروشتی پەرەپێبدەن.
  • بایراکتار:  بە هەماهەنگی نزیک لەگەڵ حکومەتی نوێی عێراق، بە شێوەیەکی بەهێز بەردەوام دەبین لە هێنانەدیی ئەم پڕۆژە بەرجەستانە لەپێناو سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی جوگرافیای هاوبەشمان.
  • بایراکتار:  لەم قۆناغەی کە پێشهاتەکانی ناوچەکە ئاسایشی دابینکردنی وزەیان لە هەموو کاتێک زیاتر بە بایەخ کردووە، پەیوەندییە وزەیییەکانی نێوان تورکیا و عێراق دەبەنە ئاستێکی زۆر بەهێزتر.
  • بایەخ بە درێژکردنەوەی هێڵی نەوتی کەرکووک-جەیھان تا بەسڕە و زیادکردنی تواناکەی دەدەن .
  • ڕوانگەی دروستکردنی جێگرەوەیەکی بەهێز بۆ ناوچەی کەنداو و گەرووی هورمز.
  • "ئامانجمان ئەوەیە کۆمپانیای نیشتمانیی تورکیا ناسراو بە تی پی ئەی ئۆ، جگە لە کێڵگەکانی کەرکووک، لە کێڵگەکانی دیکەی عێراقیشدا ڕۆڵی کاریگەری هەبێت و بگەینە ئامانجی دابینکردنی یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی ڕۆژانە ".


بایراکتار باسی لەوەشکردووە، وەک تورکیا سوورن لەسەر بنیاتنانی ڕێگەی گەشەپێدان نەک تەنیا وەک ڕێڕەوێکی گواستنەوە، بەڵکو وەک ڕێگەیەکی ستراتیژیی وزە کە هێڵەکانی نەوت، گازی سروشتی و گواستنەوەی کارەبا لەخۆدەگرێت.

لەماوەی ڕابردوودا سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی تورکیای کرد و چەندین یاداشت و پرۆتۆکۆلی دوو قۆڵیان لەگەڵ تورکیا واژۆکرد و عەلی زەیدی بەڵێنی بە ئەردۆغان دا ڕۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ تورکیا دابینبکات.

زانیاری زیاتر بۆ تۆ

ئەردۆغان: لە چوارچێوەى وزەدا پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق فراوانتر دەکەین

عێراق و تورکیا لەسەر هەناردەکردنی نەوت لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە ڕێککەوتن

محەمەد عەلی

1 کاتژمێر پێش ئێستا