بافڵ جەلال تاڵەبانى لە یادى کۆچى دوایى مام جەلال: بەڵێنەکە ڕوونە

کەناڵ8 3 کاتژمێر پێش ئێستا

پووختەى هەواڵەکە


  • بافڵ جەلال تاڵەبانى: بەڵێنەکە ڕوونە: پاراستنى ڕێبازەکەت و تەواو کردنى بەرنامەکەت.
  • قوباد تاڵەبانى: پەیمانى وەفادارى بە ڕێبازەکەت تا دوا هەناسە.

بافڵ جەلال تاڵەبانى لە هەژمارەکانى خۆى لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان فۆتۆیەکى مام جەلالى داناوە و لەسەرى نووسیوە، "بەڵێنەکە ڕوونە: پاراستنى ڕێبازەکەت و تەواو کردنى بەرنامەکەت".

هاوکات قوباد تاڵەبانى، لە تۆڕى کۆمەڵایەتیى فەیسبووک فۆتۆیەکى خۆى و بافڵ جەلال تاڵەبانى لەگەڵ مام جەلال داناوە و لەسەرى نووسیوە "پەیمانى وەفادارى بە ڕێبازەکەت تا دوا هەناسە".


کۆچى دوایى مام جەلال

ئەمڕۆ نۆ ساڵ بەسەر کۆچى دوایی مام جەلال دامەزرێنەرى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و یەکەم سەرۆککۆمارى کورد لە مێژوویی عێراقدا تێپەڕ دەبێت.


هاوینی 1933 لە دایکبووە


مام جەلال کوڕ‌ی شێخ حیسامەدین كوڕ‌ی شێخ نوری كوڕ‌ی شێخ غەفوور، لە هاوینی ساڵی 1933 لە گوندی (كەلكان)ی بنارى چیای كۆسرەت لەدایكبووە.


کۆمەڵەی پێشخستنی خوێندنەوە

لە ساڵی 1946 دا لەگە‌ڵ چەند هاوڕ‌ێیەكی خوێندكار و بە ئامۆژگاری یەكێك لە مامۆستاكانی كۆمەڵەیەكی فێركاری نهێنی دامەزراند بە ناوی كۆمەڵەی پێشخستنی خوێندنەوە و مام جەلال بە سكرتێری هەڵبژێردراوە.


ناوی نهێنیی ئاگر

دواى دامەزراندنى پارتى دیموکراتى کوردستان لە 16ـى ئابى 1946 لە رێکخستنەکانى خوێندکارانى ئەو حیزبەکەدا کاریکردووە، لە رۆژنامەى( رزگارى) بە ناوى نهێنى ( ئاگر) وتارى بڵاوکردووەتەوە.


نوێنەرایەتیی خوێندکارانی کۆیە

لە ساڵى 1947 بووە بە ئەندامى پارتى و ئەرک و فەرمانى حیزبى پێسپێردراوە، ساڵى 1948 خوێندنى سەرەتایی تەواوکردووە، لە نیسانى هەمان ساڵدا بە نوێنەرایەتیی خوێندکارانى کۆیە لە یەکەم کۆنگرەى خوێندکارانى عێراق کە لە گۆڕەپانى ( السباع) لە بەغداد بەسترا بەشداربووە.


ئەندامی لیژنەی ناوەندی

لە ساڵى 1949 لە پلەى حیزبیدا سەرکەوتووە و بووە بە ئەندامى لیژنەى ناوچەى کۆیە، لە شوباتى 1951 و لە کۆنگرەى دووەمى پارتى بە ئەندامى لیژنەى ناوەندى هەڵبژێردراوە، بەڵام پلەکەى بە هەڤاڵێکى دیکەى بەخشیوە.


دەستگیرکردن و دوورخستنەوە

لە ساڵى 1951 دەستگیرکراوە و دوورخراوەتەوە بۆ موسڵ، دواتر بۆ تەواوکردنى خوێندن چووەتە کەرکوک، لە ساڵى 1952 چووەتە کۆلێجى ماف لە بەغداد، لە کانوونى دووەمى 1953بەشداریی کۆنگرەى سێیەمى پارتى کردووە و بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەڵبژێردراوە، لە مانگى شوباتى هەمان ساڵدا سەرپەرشتیی یەکەمین کۆنگرەى یەکێتیى قوتابیانى کوردستانى کردووە و بە سکرتێر هەڵبژێردراوە، هەر لە ساڵى 1952 یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانى یەکێتیی لاوانى دیموکراتى کوردستان.


وێستگەکانی خەبات

لە ساڵى 1954 بە ئەندامى مەکتەبى سیاسیی پارتى هەڵبژێردراوە، لە ساڵى 1955 بەشداری لە فێستیڤاڵى قوتابیان و لاوانى جیهان لە وارشۆ کردووە و سەردانى یەکێتیی سۆڤییەت و چینى کردووە.

لە ساڵى 1956 خەباتى نهێنى دەستپێکردووە و ناچاربووە لە قۆناغى چوارەمدا واز لە خوێندنى ماف بهێنێت.

لە ساڵى 1957 سەردانى سووریا و مۆسکۆى کردووە و بەشداریی فێستیڤاڵى قوتابیانى مۆسکۆى کردووە.

لە یەکەمین رۆژى سەرکەوتنى شۆڕشى 14ـى تەمموزى 1958 لە سلێمانى سەرپەرشتیی رێکخستنى خۆپیشاندانى کردووە، پاشان چووەتە بەغداد و بەشداریی کاروبارى مەکتەبى سیاسى و رۆژنامەى رزگارى کردووە.

لە ساڵى 1959 جارێکى دیکە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندیی پارتى هەڵبژێردراوەتەوە، ساڵى 1960 بەرپرسى لقى سلێمانى و ئەندامى مەکتەبى سیاسى بووە.

لە ساڵى 1961 بووە بە سەرنووسەرى رۆژنامەى ( کوردستان)، دواى هەڵگیرسانى شۆڕشى ئەیلولى 1961 فەرماندەیی هێزى پێشمەرگەى لیواى سلێمانى کردووە و دواتریش بووە بە لێپرسراوى هێزى  پێشمەرگەى کوردستان.

دواى کودەتاکەى ساڵى 1963 کراوە بە سەرۆکى شاندى کوردى بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتى نوێى عێراق و سەردانى میسر و جەزائیرى کردووە و لەگەڵ جەمال عەبدولناسر و بن بێلا کۆبووەتەوە،لە هەمان ساڵێشدا سەردانى ژمارەیەک وڵاتى ئەوروپاى کردووە بۆ ناساندنى دۆزى کورد.

ساڵى 1964 گەڕاوەتەوە کوردستان و سەرپەرشتیی هێزى رزگارى کردووە، ساڵى 1967 بەشداری لە کۆڕى ( ئیشتراکییەکانى عەرەب) لە جەزائیر کردووەو لێکۆڵینەوەیەکى لەبارەى دۆزى کورد پێشکەشکردووە.

ساڵى 1970 رۆڵى هەبووە لە یەکگرتنەوەى هەردوو باڵى پارتى دیموکراتى کوردستان، ساڵى 1972 چووەتە دەرەوەى عێراق و لە لوبنان و میسڕ و سووریا ماوەتەوە و دواى هەرەسى شۆڕش لە ئازارى 1975 هەر لەو وڵاتانەدا بووە.


دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

لە یەکى حوزەیرانى 1975 لەگەڵ دەستەیەک لە هەڤاڵانیدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانى دامەزراندووە و لە یەکى حوزەیرانى 1976 شۆڕشى نوێیان هەڵگیرساندووە و بووە بە سکرتێرى یەکێتى.

لە ساڵانى دواى هەڵگیرسانى شۆڕشى نوێ تاوەکو راپەڕین لە پاڵ خەباتى چەکداریی بەردەوامبووە لە کارى سیاسى و دیپلۆماسى و بەشداریی چەندین کۆڕ و کۆبوونەوەى لە وڵاتاندا کردووە.


پرۆسەی ئازادی

دواى پرۆسەى ئازادى عێراق لە ساڵى 2003 بە ئەندامى ئەنجوومەنى حوکم هەڵبژێردراوە و لە تشرینى دووەمى هەمان ساڵدا بە سەرۆکى ئەنجوومەنەکە هەڵبژێردراوە.


یەکەم سەرۆککۆماری کورد لە عێراق

لە شەشى نیسانى 2005 وەک یەکەمین کورد بە سەرۆککۆمارى عێراق هەڵبژێردراوە و تاوەکو ساڵى 2014 دوو خول سەرۆککۆمار بووە.


کۆچی دوایی

لە 17ـى کانوونى یەکەمى 2012 تووشى جەڵتەى مێشک بووە و بۆ چارەسەر رەوانەى ئەڵمانیا کراوە، دواتر گەڕاتەوە  سلێمانى، دواتریش چەند جارێک بۆ چارەسەر سەردانى ئەڵمانیاى کردووەتەوە تاوەکو لە سێى تشرینى یەکەمى 2017 لە ئەڵمانیا کۆچى دوایی کرد.


پوختەی ژیاننامە و خەباتی جەلال تاڵەبانى

هاوینی ساڵی 1933 لە گوندی كەلكان لەدایكبووە

1946 كۆمەڵەی پێشخستنی خوێندنەوەى دامەزراندووە

1948 بەشداریی یەکەم کۆنگرەى خوێندکارانى عێراقى کردووە

1951 دەستگیرکراوە و دوورخراوەتەوە بۆ موسڵ

سەردانى یەکێتیی سۆڤییەت و چینى کردووە

1957 بەشداریی فێستیڤاڵى قوتابیانى مۆسکۆى کردووە

لە 14ـى تەمموزى 1958 لە سلێمانى سەرپەرشتیی خۆپیشاندانى کردووە

1961 بووە بە سەرنووسەرى رۆژنامەى  کوردستان

دواى هەرەسى شۆڕش لە ئازارى 1975 هەر لە دەرەوە ماوەتەوە

لە یەکى حوزەیرانى 1975 یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانى دامەزراندووە

لە یەکى حوزەیرانى 1976 شۆڕشى نوێیان هەڵگیرساندووە

لە شەشى نیسانى 2005 وەک یەکەمین کورد بە سەرۆککۆمارى عێراق هەڵبژێردراوە

لە 17ـى کانوونى یەکەمى 2012 تووشى جەڵتەى مێشک بووە

لە سێى تشرینى یەکەمى 2017 لە ئەڵمانیا کۆچى دوایی کرد

زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:

فۆتۆ؛ مام جەلال لەگەڵ ژمارەیەک سیاسەتمەدار لە 1993 لەکاتی گفتوگۆی پرۆسەی چارەسەری

کەناڵ8

3 کاتژمێر پێش ئێستا