جووتیاران چاوەڕوانى بارانى پەڵەن

ئارام قەرەداغی 2 کاتژمێر پێش ئێستا

پووختەى هەواڵەکە


  • بارانى پەڵە لە هەرێمى کوردستان ساڵانە لە مانگى تشرینى دووەم یاخود کانوونى یەکەم دەبارێت.
  • هەندێک ساڵ پێش دەکەوێت و لە مانگى تشرینى یەکەم دەبارێت و هەندێک ساڵیش دوادەکەوێت بۆ مانگى کانوونى دووەم.

بارانى پەڵە چییە؟
ئەو بڕە بارانەیە کە پێکەوە لە ماوەیەکى دیارییکراو دادەبارێت و ئەگەر بارانەکە بەشێوەى نەرمە بارانبێت ئەوا زەوى باشتر هەڵى دەمژێت و ئەم جۆرە بارانەیان زیاتر بە دڵى جووتیارانە.


پەڵە لە گەرمیان و کوێستان

لە هەرێمى کوردستان هەردوو ناوچەى کوێستان و گەرمیان هەیە، بۆ ناوچەکانى گەرمیان ئەگەر بارانى پەڵە بکەوێتە مانگى تشرینى یەکەم و تاوەکو ناوەڕاستى تشرینى دووەم ئەوە جووتیاران دەڵێن ئەم ساڵ ساڵەکەى هاتە، بەڵام لە ناوچە کوێستانییەکان ئەگەر بارانى پەڵە دوابکەوێت تاوەکو ناوەڕاستى مانگى کانوونى یەکەم هیچ گرفتێکیان بۆ دروست ناکات.

بەگشتى لە ناوچەکانى گەرمیان کە ئیدارەى سەربەخۆى گەرمیان، پارێزگاى کەرکووک، دەشتى هەولێر و نەینەوا دەگرێتەوە ئەم مانگە لەناو جووتیاران پێى دەگوترێت هەقە پەڵە واتە کاتى ئەوەیە کە بارانى پەڵە ببارێت.


پەڵە لە ڕووى زانستییەوە

  • ئەو ناوچانەى دێمەکارن ئەگەر لە سێ ڕۆژدا لەنێوان 70 بۆ 100 ملیم باران ببارێ
  • ئەو کات جووتیاران دەتوانن بەبێ خەم بەروبوومى دانەوێڵە وەک گەنم و جۆ دابچێنن.

ئەزموونى جووتیاران:

 ئەگەر لە پاش بارانى پەڵە زەویی کشتوکاڵیت داچاند و لە کاتى کێڵانى زەوییەکە هیچ خۆڵێکى وشک دەرنەکەوت، ئەوکات پەڵەى داوە

ئەگەر خۆڵى وشکى تێدابێت ئەو تۆوانەى کە دەکەونە ناو خۆڵە وشکەکەوە سەوز نابن و لەناودەچن


یەکەم بارانى ئەمساڵ
ئەو بڕەبارانەى ئەمساڵ تاوەکو ئێستا لە هەرێمى کوردستان باریوە لە هیچ ناوچەیەک پەڵەى نەداوە، بەڵام جووتیاران ئەم بارانەیان بەلاوە گرنگە چونکە دەبێتە هۆى سەوزبوونى گژوگیا و دوو سودى هەیە سودى یەکەمى ئەوەیە کە ئەوناوچانەى دواتر بە گەنم و جۆ دادەچێندرێن بژارى تێدا سەوز نابێت و ئاژەڵدارەکانیش وەک لەوەڕگا بۆ ئاژەڵەکانیان سوودى لێوەردەگرن.

زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:

لە 12 کاتژمێردا زۆرترین بڕى بارانبارین لە سلێمانى بووە

ئارام قەرەداغی

2 کاتژمێر پێش ئێستا