نۆیەمین ساڵیادی کۆچی دوایی مام جەلال لە شاری بەغداد بەڕێوەچوو
رێبوار حەمەوەیس 2 کاتژمێر پێش ئێستا
پوختەی هەواڵەکە
- بەرپرسانی باڵای عێراق لە یادەکەدا ستایشی ڕۆڵی سیاسی و مێژووی مام جەلالیان کرد
- نزار ئامێدى: مام جەلال یەکێکە لە مەزنترین سەرکردەکانى عێراق
- نزار ئامێدى: مام جەلال دامەزرێنەرى عێراقى فیدراڵ و دیموکراسە
- هەیبەت حەلبووسى: مام جەلال سیمبولێکى نیشتمانى بوو
- هەیبەت حەلبووسى: مام جەلال جێپەنجەیەکى دیارى بە مێژووى هاوچەرخەوە بەجێهێشت
- عەممار حەکیم: پەیوەندییەکانى بەغداد و هەرێمى کوردستان بەرەوپێشچوون
- عەممار حەکیم: مام جەلال بڕواى وابوو عێراقێکى بەهێز بەکوردستانەوەیە
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ 3ی تشرینی یەکەمی 2026، بە سەرپەرشتی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتی حیزبی و حکومی و سیاسیی عێراقی و کوردستانی، نۆیەمین ساڵیادی کۆچی دوایی مام جەلال لە بەغداد بەڕێوەچوو و تیایدا بەرپرسانی باڵای عێراق و کەسایەتییە سیاسییەکان ستایشی ڕۆڵی مام جەلالیان کرد.
نزار ئامێدى، سەرۆککۆمارى عێراق:
- مام جەلال ئەو سەرکردە مێژووییە بوو کە بەهاى بە پۆستەکان دابوو نەک پۆست و پلە دروستى کردبێت.
- مام جەلال سەرکردەى ساتەوەختێکى مێژوویی بوو، بەیەکێک لەو سەرکردە مەزنانە دادەنرێت کە ڕۆڵى گێڕاوە لە دامەزراندنى دەوڵەتى عێراقى فیدراڵ و دیموکراسیدا.
- هەمیشە کەسایەتیی مام جەلال بۆ ئێمەى بەرجەستەیە و ئەو لە نێوانماندا ئامادەیە، ئەو وەک سەرکردە و مامۆستا و ڕێبەرێک لە ژیانماندا ئامادەیە.
هەیبەت حەلبووسى، سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق:
- مام جەلال ڕۆڵێکى گەورەى هەبوو لە لێکنزیککردنەوەى ڕوانگەکان و کردنەوەی کەناڵەکانی دیالۆگ لە نێوان هێزە سیاسییەکان.
- یاد و یادەوەریى مام جەلال لە ئەندێشەى نیشتمانیدا وەک خاوەن ئەزموونێکى گەورەى سیاسى لە بەدیهێنانى دیالۆگ و پێویستیى پێشخستنى بەرژەوەندیى گشتى لەسەروو هەموو بابەتەکانى دیکە دەمێنێتەوە.
- مام جەلال لەماوەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆماردا، یەکێک بوو لەو کەسایەتییە بەرجەستانەی ڕۆڵێکی دیاری بینی، لە قۆناغێکدا کە وڵات زۆر پێویستی بە لێکگەیشتن و سازان بوو.
عەممار حەکیم سەرۆکى ڕەوتى حیکمەى نیشتمانی:
- لە یادى مام جەلالدا ناکرێت قسە لەبارەى عێراقەوە بکەین بەبێ قسەکردن لەسەر پەیوەندییەکانى بەغداد و هەرێمى کوردستان.
- پەیوەندییەکانى بەغداد و هەرێمى کوردستان بەرەو پێشچووە و هەماهەنگى نێوان هەردوو حکومەت پێویستە پەرەى پێبدرێت
- پێویستە پەیوەندییەکان بگوازینەوە بۆ دامەزراندنى پەیوەندی سەقامگیر و درێژخایەن، ئەمەش ئەو بەرنامەیەیە کە مام جەلال بڕواى پێ هەبوو
- ئەوەى ئەمڕۆ دەبینرێت لە ئاستى پێشکەوتوو لە دیالۆگ و هەماهەنگى لە نێوان حکومەتى فیدراڵ و حکومەتى هەرێمى کوردستان، ڕێڕەوێک پێویستە بونیادى لەسەر بنێین.
- بەغداد و هەولێر نابێت لێکدابڕێن، لە بەرژەوەندى هیچیاندا نییە ئەوى دیکە لاواز بکات.
- دەستوور و هاوبەشى و مافەکان و ئەرکى دوولایەنە، بەرژەوەندى نیشتمانیی هاوبەش، بنەمایەکى دروستە بۆ بەڕێوەبردنى ئەم پەیوەندییانە.
ئەحمەد داود ئۆغلۆ، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا:
- سەرۆک مام جەلال دوای خۆیشی هەمووانی کۆکردووەتەوە
- لە دیدارەکانمدا لەگەڵ مام جەلال هەمیشە هەستم بەوەکردووە بەبەرپرسیارێتییەوە قسەی دەکرد و دەیویست عیراقییەکان و کوردەکان یەکبخات.
- مام جەلال کەسێک نەبوو، کارێک بکات و شتێکی دیکەی لەدڵدا بێت، ئەو زۆر راستگۆ بوو، کە باوەشی پێدا دەکردیت، بە دڵ باوەشی پێدا دەکردیت.
د. محەمەد سابیر، سەرۆكی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی:
- مام جەلال کاتێک پۆستی سەرۆککۆماری وەرگرت، وەک بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانیی سەیری کرد و هەمووانی لە دەوری خۆی کۆکردەوە.
- مام جەلال سەر بەنەوەیەکی سیاسی بوو کە لە قۆناغێکی ئاڵۆزدا ژیا.
- سەرۆک مام جەلال توانایەکی ناوازەی هەبوو، لە نزیککردنەوەی لایەنەکان و پەیوەندییەکی فراوانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی هەبوو .
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
پەیامی نێچیرڤان بارزانی لە ساڵیادی کۆچی دواییی مام جەلال: باشترین وەفاداری تەبایی و یەکڕیزییە
رێبوار حەمەوەیس
2 کاتژمێر پێش ئێستا