لە یادی سەروەریدا؛ سەرۆکوەزیرانی عێراق چەند بڕیار و دەستپێشخەرییەک ڕادەگەیەنێت
پووختەی هەواڵەکە
- عەلى زەیدى بەبۆنەى ڕۆژى سەربەخۆیی عێراق پەیامێکى بڵاوکردەوە
- عەلى زەیدى: بەردەوام دەبین لە بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى
- زەیدى: بە فرەچەشنکردنى ئابوورى ڕووبەڕووى ئاڵنگارییەکان دەبینەوە
عەلى زەیدى سەرۆکوەزیرانى عێراق بەبۆنەى یادى سەربەخۆیی عێراق پەیامێکى بڵاوکردەوە و دووپاتیکردەوە، حکومەتەکەى بەردەوام دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى و پاراستنى ماڵى گشتى ، دەشڵێت، سەروەرى دەکەنە ڕێگەیەک بەرەو چاکسازى، بە فرەچەشنکردنى ئابوورى و پەرەپێدانى هاوبەشیش لەگەڵ وڵاتان ڕووبەڕوو ئاڵنگارییەکان دەبنەوە.
عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق:
- ڕەوشى هەرێمى و نێودەوڵەتى تاوەکو دێت ئاڵۆزتر دەبێت، کاردەکەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى لەڕێگەى ئابوورییەکى هەمەچەشن و پەرەپێدانى هاوبەشیی کاریگەر لەگەڵ وڵاتانى جیهان.
- کاردەکەین بۆ توانادارکردنى کەرتى تایبەت تاوەکو هاوبەش بێت لە گەشەپێدان و دەستەبەرکردنى هەلیکار.
- لە هەنگاوێکى پێشەنگدا دەچین بەرەو بودجەى پرۆگرام و ئەدا، بۆ بەستنەوەى خەرجیى حکومى بە ئەنجامەوە.
- بەردەوامین لە دەستپێشخەریى یەک ملیۆن پارچە زەویى نیشتەجێبوون و دامەزراندنى سندووقى نەوەکان، بۆ گرەنتی داهاتووى ڕۆڵەکانمان شارى ئابوورى دروست دەکەین .
- ڕێگەى گەشەپێدان جێبەجێ دەکەین، تاوەکو عێراق ببێتە ڕێگەى بازرگانى و ڕێڕەوێک بۆ وزە و ناوەندێک بۆ وەبەرهێنان، پردێک بێت لەنێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا.
- بەردەوام دەبین لە بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى و پاراستنى ماڵى گشتى و بەهێزکردنى چاودێرى.
- لە ڕۆژى نیشتمانیی عێراق دووپاتیدەکەینەوە، بەرپرسیارین لەوەى سەروەرى بکەینە ڕێگایەک بەرەو چاکسازى.
- بەم بۆنە مەزنەوە بەڵێنتان پێدەدەم، بەرژەوەندیى عێراق لەسەروو هەموو پێوەرێکەوە بێت، هاوڵاتى چەقی گرنگیپێدان و دەوڵەتێکى بەهێز و دادپەروەر ئامانجمانە.
ڕۆژی سەروەریی عێراق
30ی ئەیلوولی 2026 وەک "ڕۆژی سەروەری" لە عێراق دیاریکرا، کە تێیدا کۆتاییهاتنی فەرمی بە ئەرکی سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بە سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕاگەیەندرا. ئەم ڕووداوە مێژووییە دوای نزیکەی 12 ساڵ لە بوونی سەربازی و هاوکاری هاوبەش هات، و گواستنەوەی تەواوی بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکان بۆ سەر شانی هێزە نیشتمانییەکانی عێراق دەستپێکرد.
بەو بۆنەیەوە حکومەتی عێراق سێ ڕۆژ پشووی لە ڕۆژی 30ی ئەیلوول تاوەکو 3ی تشرینی یەکەم لەسەرجەم عێراق ڕاگەیاند.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
سەباح نوعمان بۆ کەناڵ8: کشانەوەی هاوپەیمانان لە هەولێر و بەغداد دەستیپێکرد
1 کاتژمێر پێش ئێستا