سەرچاوەیەک بۆ کەناڵ8: ئەمریکا هەڕەشەی خستنە لیستی تیرۆر لە عێراق دەکات

رێبوار حەمەوەیس 1 کاتژمێر پێش ئێستا
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا

پووختەی هەواڵەکە

  • ئەمریکا هۆشداریی داوەتە عێراق
  • ئەمریکا:  ئەگەر گرووپەکان چەک دانەنێن عێراق دەخرێتە لیستى پشتیوانانى تیرۆر
  • چوارچێوەی هەماهەنگی دەسەڵاتی داوەتە زەیدی ڕێکاری یاسایی دژی گرووپەکان بگرێتەبەر

سەرچاوەیەکى ئاگادار بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، لە دوایین کۆبوونەوەى چوارچێوەى هەماهەنگى کە لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەى هەڵوێستى ئەو دوو گرووپە چەکدارە کراوە کە ڕەتیانکردووەتەوە چەک دابنێن و بە پێچەوانەى ئەو ڕێککەوتنەى لەگەڵیاندا کراوە ڕاگەیێنراویان بڵاوکردووەتەوە و ڕەتیانکردووتەوە پابەندى هیچ وادەیەک بن بۆ چەکدانان.


ئاڵنگارییە گەورەکە، چەکی گرووپەکان

  • بڕیاربوو ڕۆژى دواى ڕاگەیاندنى سەروەرى و کشانەوەى ئەمریکا، گرووپەکان پێکەوە ڕاگەیێنراوێک بڵاوبکەنەوە و پابەندبوونیان بە ڕێککەوتنەکە و چەکدانان ڕابگەیێنن.
  • دووان لە گرووپە چەکدارەکانی بەرەی موقاوەمە ڕەتیانکردووەتەوە چەک دابنێن.
  • سەرچاوەیەک: ئەمریکییەکان لەبارەى هەڵوێستى ئەو گرووپانە نامەیەکیان بۆ عەلى زەیدى ناردووە.
  • سەرچاوەیەک: ئەمریکا زیدی ئاگادارکردووەتەوە ئەگەر ڕێکنەکەون و گرووپەکان بمێننەوە، عێراق دەخەنە لیستى پشتیوانانى تیرۆر.


ئایا زەیدی ڕووبەڕووی گرووپەکان دەبێتەوە؟

ئەو نامەیەش عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى تووڕە کردووە و داواى کۆبوونەوەى بەپەلەى چوارچێوەى هەماهەنگى کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا سەرکردەکانى چوارچێوە پشتیوانییان بۆ زەیدى ڕاگەیاندووە و ڕازى بوون هەر گرووپێک دژى ڕێککەوتنەکە بێت، زەیدى دەتوانێت هەموو ڕێکارێکى یاسایی لەدژیان بگرێتەبەر و هەمووشیان واژۆى دەکەن.

بەگوێرەى زانیارییەکان، ڕۆژى دووشەممە چوارچێوەى هەماهەنگى لەبارەى تەواوکردنى کابینەى حکومەت کۆدەبێتەوە و واژۆش بۆ پشتیوانیکردنى حکومەت کۆدەکرێتەوە.

هەروەها بڕیارە ڕاگەیێنراوێکى هاوبەش لەلایەن سەرکردەکانى چوارچێوەى هەماهەنگییەوە بڵاوبکرێتەوە و ئەو پەیامە بنێردرێت بۆ ئەمریکییەکان کە هەموویان پشتیوانیی حکومەت دەکەن، هەر گرووپێکیش پابەند نابێت، زەیدى ڕێکارى یاسایی لەدژ دەگرێتەبەر.

گرووپەکان کێن و کامیان چەک دانانێت؟

لە ڕۆژى 30ـى ئەیلوولەوە، ئەبو ئالا وەلائى، ئەمیندارى کەتیبەکانى سەیدولشوهەدا و حەیدەر غەراوی، ئەمیندارى بزووتنەوەى ئەنساروڵا ئەوفیا پابەندبوونیان بە ڕاگەیێنراوەکەى سەرۆکوەزیران پیشانداوە.

هەروەها ئەکرەم کەعبى، ئەمیندارى بزووتنەوەى نوجەبا پێشوازى لە کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا کردووە و بە دەستکەوت ناویبرد.

بەڵام کەتیبەکانى حیزبوڵا ڕەتیانکردەوە پابەندى وادەى چەکدانان بن، جەعفەر حسێنی، گوتەبێژى کەتیبەکانى حیزبوڵا لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژەى بەوەکرد، گرووپەکان ماوەی 40 ڕۆژە سەرقاڵی دانوستانن لەگەڵ حکومەت لەڕێگەی لیژنەیەکی چوار کەسی لە چوارچێوەی هەماهەنگییەوە، ڕەتیشیدەکاتەوە پابەندی هیچ وادەیەک بن، کە لەلایەن حکومەت یان لایەنی سیاسییەوە دابنرێت بۆ چەکدانان.

چەند گرووپێکى دیکەش وەک ئەولیا دەم و ئەسحاب کەهف بەهەمان شێوە ڕەتیانکردووەتەوە پابەندى ڕێککەوتنى چەکدانان بن.

 زانیاری زیاتر بۆ تۆ

رۆیتەرز: بەشێك لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق ئامادەن چەکەکانیان دابنێن

گرووپە چەکدارەکانی عێراق: هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی درێژکراوەی کاروانی شۆڕشە

رێبوار حەمەوەیس

1 کاتژمێر پێش ئێستا