پلانێکی نوێی عێراق؛ هەناردەی نەوت لە ڕێگەی هێڵی کوردستانەوە بۆ 750 هەزار بەرمیل زیاد دەکرێت
پووختەی هەواڵەکە
- هەناردەى نەوتى عێراق و هەرێمى کوردستان 450 هەزار بەرمیلە بۆ جەیهان.
- 200هەزار بەرمیل لە نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ بەندەرى جەیهان هەناردە دەکرێت.
بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى کەناڵ8، کە لە کۆمپانیاى نەوتى باکوورەوە دەستى کەوتووە، هەناردەى نەوتى عێراق و هەرێمى کوردستان بۆ بەندەرى جەیهان 450 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا و عێراق دەیەوێت هەناردەی نەوت لە ڕێگەی هەرێمەوە بۆ 750 هەزار بەرمیل زیاتر بکات
هەناردەی نەوت بۆ جەیهان
- لە کێڵگە نەوتییەکانى هەرێمى کوردستانەوە، 200 هەزار بەرمیل نەوتى خاو لە هێڵى نەوتى هەرێمى کوردستانەوە بۆ بەندەرى جەیهان دەگوازرێتەوە لە رۆژێکدا.
- لە کێڵگە نەوتییەکانى بەسرەوە رۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوتى بەسرە بە تانکەر و بۆرى دەگاتە پارێزگاى کەرکوک.
- لەو بڕە 250 هەزار بەرمیل بە تانکەر لەڕێگەى کۆمپانیاکانى کارو قەیوانەوە دەگوازرێتەوە، کە 200 هەزار بەرمیل نەوتى ڕۆژانە دەبرێتە خورمەڵە بۆ هەناردەى نەوت و 50 هەزارەکەى دیکە کۆمپانیاى قەیوان بۆ بەرهەمە نەوتییەکان دەیگوازێتەوە.
- 200 هەزار بەرمیلەکەى دیکەى نەوتى بەسرە بە هێڵى نەوتى تاوەکو پارێزگاى ئەنبار دێت و پاشان لەوێوە بۆ پاڵاوگەکانى سەڵاحەدین و کەورگۆسک دەگوازرێتەوە.
هەناردەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان
وەزارەتى نەوتى عێراق پلانى داناوە لە داهاتوودا هەناردەى نەوت لە هێڵى نەوتى هەرێمى کوردستانەوە تاوەکو 750 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیاد بکات، لەسەر ئەو بنەمایەش گواستنەوەى نەوتى بەسرە بۆ پارێزگاى کەرکوک زیاتر دەکات.
دەربارەى نەوتى کێڵگە نەوتییەکانى پارێزگاى کەرکوک، کە رۆژانە زیاتر لە 325 هەزار بەرمیلە، بەشى زۆرى نەوتەکەى بۆ پاڵاوگەکانى بێجى و کارو بازیان دەڕوات و تەنیا 50 هەزار لەو بڕە بۆ بەندەرى جەیهان هەناردە دەکرێت.
بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان دەرفەتێکی گرنگ بۆ عێراق
زانیارییەکانى کۆمپانیای نەوتی باکوور ئەوە دەردەخات، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و عێراق لەڕێگەی هێڵی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهان زیادیکردووە و ڕۆژی شەممە بە گشتی نزیکەى 450 هەزار بەرمیل هەناردە کراوە.
هێڵی نەوتی هەرێمی کوردستان بووەتە دەروازەیەکی گرنگ بۆ بەدەستهێنانی داهات بۆ عێراق، بەوپێیەی نەوتی خاوی کێڵگە نەوتییەکانی بەسرە، کەرکووک و هەرێمی کوردستانی پێدا تێپەڕ دەبێت و دەگەیەنرێتە بەندەری جەیهان لە تورکیا.
زانیاری نوێ بۆ تۆ
42 خولەک پێش ئێستا