دوای 8 مانگ مانەوە لە بەندینخانە؛ 11 کۆچبەری کورد لە لیبیاوە ڕزگار دەکرێن

کیژان مەحمود 50 خولەک پێش ئێستا
بەلەمێکی گواستنەوەی کۆچبەران لە ناوەڕاستی دەریادا
بەلەمێکی گواستنەوەی کۆچبەران لە ناوەڕاستی دەریادا

پووختەی هەواڵەکە

  • حکومەتی هەرێمی کوردستان:  لەم چەند ڕۆژەدا 11 کۆچبەر لە لیبیاوە دەگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان
  • حکومەت:  هەندێک لەو کۆچبەرانە بۆ ماوەی 8  مانگ لە بەندینخانەکاندا بوون
  • حکومەت:  بەدواداچوون بۆ سۆراخی 10  کۆچبەری دیکەی دەڤەری ڕاپەڕین بەردەوامە

حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، لەپاش ئاگاداربوونیان لە هەواڵی بێسەروشوێن بوونی کۆمەڵێك کۆچبەر لە وڵاتی لیبیا لایەنە پەیوەندارەکان لە وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ڕاسپێردران، کە بەپەلە ڕێککاری پێویست بگرنەبەر بۆ دۆزینەوە و ڕزگارکردن و هێنانەوەیان.



حکومەتی هەرێمی کوردستان:

  • لە ئێستادا تەواوی مامەڵەکانی تایبەت بە هەر 11 کۆچبەرەکە تەواوبووە لەم چەند ڕۆژەدا دەگەڕێنرێنەوە هەرێمی کوردستان.
  • کۆچبەرەکان ڕووبەڕووی بارودۆخی سەخت بوونەتەوە کە هەندێکیان بۆ ماوەی 8  مانگ لە بەندینخانەکاندا بوون و لەو ماوەیەدا بە بەردەوامی ڕووبەڕووی مەترسییەکانی مردن بوونەتەوە.
  • لە هەوڵەکانمان بەردەوامین بۆ دۆزینەوە و سۆراخی 10  کۆچبەری دیکەی دەڤەری ڕاپەڕین کە ماوەیەکە بێسەروشوێنن.
  • بەهەماهەنگی لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا و لەڕێگەی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەڕان و بەدواداچوون بەردەوامە.

ڕێگە مەترسیدارەکە

حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی کردووەتەوە لەسەر پێویستی و گرنگی خۆپارێزیی گەنجان و خانەوادەکانیان لە گرتنەبەری ڕێگەی کۆچی نایاسایی و نائاسایی بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا و دەشڵێن، "ئەم جۆرە کۆچە نەک هەر مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەکات، بەڵکو دەبێتە هۆی پێشێلکاری یاسای وڵاتانی دیکە و لێپرسینەوەی توندی یاسایی بەدوادا دێت".


پیشتریش ئەحمەد سەحاف کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا بە کەناڵ8ـی ڕایگەیاند، توانیویانە نۆ کۆچبەری خەڵکی هەرێمی کوردستان ک بەشێوەی نایاسایی هاتوونەتە لیبیا بدۆزنەوە و ڕێکارەکانی گەڕاندنەوەیان دەستیپێکردووە. گوتیشی، بەردەوامن لە بەدواداچوونەکانیان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی 18 کۆچبەری کورد کە دەگوترێت لە لیبیاوە بەڕێکەوتوون بۆ ئیتالیا و چارەنووسیان نادیارە. و موونەی DNA لە کەسوکارەکانیان وەرگیراوە.

زانیاری زیاتر بۆ تۆ

چارەنووسی کۆچبەرانی کورد لە لیبیا؛ پشکنینی DNA ڕاستییەکان ئاشكرا دەکات

کیژان مەحمود

50 خولەک پێش ئێستا