تونجەر باکرهان: چاوەڕێبووین لەم مانگەدا گەڕانەوەی ئەندامانی پەکەکە دەستپێبکات
پووختەى هەواڵەکە
- باکرهان: نابێت پرۆسەکە دوابخرێت.
- باکرهان: چاوەڕێبووین لەم مانگەدا گەڕانەوەی ئەندامانی پەکەکە دەستپێبکات.
- باکرهان: ئازادکردنی دەمیرتاش پەیوەندیی بە پرۆسەکەوە نییە.
- باکرهان: چاوەڕێین ئۆجەلان ببێتە ڕێکخەری لیژنەی لاوەکیی چەکدانان.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان، لەبارەی پرۆسەی چارەسەری کە دوای ئەوەی یاسای چوارچێوە چووە بواری جێبەجێکردنەوە و هەنگاوە یاساییە چاوەڕوانکراوەکان، ڕەخنەکانی نەشاردەوە، گوتی: "ئەگەر ئەو کاتەی بۆ ئامادەکاریی تەکنیکی پێویستە، بگۆڕدرێت بۆ دواخستنی سیاسی، پرۆسەکە تووشی داخوران دەبێت".
هۆشدارییەکان لەبارەی دواخستنی هەنگاوەکانی داهاتوو
- بێمتمانەیی دوولایەنە گەشەپێدەدات و مەودایەکی بەربڵاوتر بۆ ئەوانە دەکاتەوە کە دەیانەوێت پڕۆسەکە شکست بهێنێت.
- باکرهان: پێویستە دەستبەجێ لیژنە پەیوەندیدارەکان پێکبهێنرێن.
- باکرهان: چوارچێوە و پێناسەی ئەرکەکانیان ڕوون ببنەوە.
- باکرهان: میکانیزمی چەکدانان و گەڕانەوە بەرجەستە بکرێت و پاشان بپەڕینەوە بۆ قۆناغی نوێ.
- باکرهان: لە پڕۆسەکانی ئاشتییدا کاتێک سیاسەت بۆشایی بەجێدەهێڵێت، گومان، ئاژاوەگێڕی و دژایەتی ئەو بۆشاییە پڕ دەکەنەوە.
لە بارەی ڕەخنەکان لە پەکەکە و دواخستنى پرۆسەی چەکدانان
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی دەم گوتی: "بابەتی چەکدانان ئەوە نییە دەست بنێیت بە دوگمەیەکدا جێبەجێ ببێت، چەک لە کوێ، ڕادەستی کێ و بە چ ڕێگەیەک دەکرێت؛ گەڕانەوەکان بۆ تورکیا بە چ پێگەیەکی یاسایی ئەنجام دەدرێن؛ چۆنیەتی کارکردنی میکانیزمەکانی ئاسایش، تۆمارکردن و چاودێریکردن خۆی لە خۆیدا پێویستی بە پلانڕێژی هەیە، بۆیە بوونی ماوەیەک بۆ ئامادەکاریی و درێژەکێشانی چەکدانان شتێکی سەرسوڕهێنەر نییە".
یاساییبونى ئۆجەلان و کارى سیاسى
تونجەر باکرهان باسی لەوەشکرد، پڕۆسەکە بە ڕابەرایەتیی سیاسیی ئۆجەلان بەرەو پێشەوە دەچێت و گوتی: "بۆ ئەوەی ئۆجەلان بتوانێت هاوکاریی بونیادنانی ئاشتی و دیموکراسی پێشکەش بکات، دەبێت سەرەتا مافی بە یاسا بناسرێت، کاتێک کەسێک کە مافی بە یاسایی ناسێنرا، دەتوانێت سیاسەت بکات، هەروەها دەبێت مەرجەکانی کاری ئازاد و پەیوەندیکردن بۆ ئۆجەلان فەراهەم بکرێن".
لە بارەی ئەرکی ئۆجەلان لە چوارچێوەی یەکێک لەو لیژنانەی پێکدەهێنرێت، باکرهان گوتی: "چاوەڕوانین لە لیژنەی چەکداماڵین و هەماهەنگیی ستراتیجیدا وەک ڕێکخەر کار بکات، لە حاڵەتی دابینکردنی هەموو ئەم ئامانجانەدا، دەتوانین لە پڕۆسەی ئاشتیدا بە خێرایی بەرەو ئامانجی کۆتایی هەنگاو بنێین".
گەڕانەوەى ئەندامانى پەکەکە
لە بارەى هەنگاوی داهاتووی پڕۆسەکەش، هاوسەرۆکی پارتی دەم گوتی: "چاوەڕێین یەکەم قۆناغی گەڕانەوە پێش هاتنی زستان دەستپێبکات، بڕوامانوابوو مانگی تشرینی یەکەم دەتوانێت ببێتە سەرەتایەک بۆ ئەمە، بەڵام هیچ کەس ناگەڕێتەوە بۆ دۆخێکی نادیار، خەڵک ناچنە شوێنێک کە نەزانن بەیانی چییان بەسەر دێت، پێویستە دڵنیایی یاسایی بدرێت و مەرجەکانی گەڕانەوە بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی ئامادە بكرێت".
دۆسیەى سەڵاحەددین دەمیرتاش
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان (پارتی دەم) لە بارەی ئەوەی سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە لە ڕەوتی ڕووداوەکانی پرۆسەی چارەسەریی ڕازی نییە و ڕەخنە لە پارتەکەی ئەوانیش لەوبارەیەوە دەگرێت، ڕایگەیاند: "دەکرێت دەمیرتاش ڕەخنەی لە ڕەوتی ڕووداوەکان هەبێت؛ ئێمەش هەمانە و ڕۆژانە بە ئاشکرا دەیانڵێین، بەڵام ئەوانەی ئەمە وەک دژایەتیکردنی پرۆسەکە لێکدەدەنەوە، نادادپەروەری دەکەن، ڕەخنەگرتن لە ڕێگەکە، دەستبەرداربوون نییە لە بەردەوامبوون".
گوتیشی: "دەبێت ڕاستییەک بخەینەوە جێگەی خۆی، سەڵاحەددین دەمیرتاش بەشێوەیەکی سەربەخۆ لە هەر جۆرە پرۆسەیەک، ڕووبەڕووی نادادپەروەرییەکی گەورە بووەتەوە، بڕیارەکانی دادگای دەستووری و دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا و چۆنێتیی جێبەجێکردنیان دیارە".
هاوسەرۆکی پارتی دەم گوتیشی: "ئازادکردنی دەمیرتاش بەخشندەیی نییە، بەڵکو قەرزێکی یاساییە، ئازادیی دەمیرتاش، فیگەن یوکسەکداغ، جان ئاتالای و زیندانییانی سیاسی بابەتێکی یاساییە".
زانیاریى زیاتر بۆ تۆ
تونجەر باکرهان: ڕاپۆرتەکەی پەرلەمان تەنیا دەسپێکێکە و پرسی کوردی تێیدا چارەسەر نەکراوە
47 خولەک پێش ئێستا