شێروان دووبەردانی: ڕێباز حەملان بۆ پۆستی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بەربژێرە
پووختەى هەواڵەکە
- شێروان دووبەردانی: بەربژێرمان بۆ پۆستی جێگری چوارەمی سەرۆکوەزیران دەستنیشان نەکردووە.
- پۆستی جێگری چوارەمی سەرۆکوەزیران و وەزیری ئاوەدانکردنەوە، پشکی پارتین لە کابینەکەی عەلی زەیدی.
- پارتى دیموکراتى کوردستان لە دوو پۆست یەکێکیانى یەکلاکردووەتەوە.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، ڕێباز حەملان بۆ پۆستی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بەربژێر کراوەتەوە.
بەربژێرکردنى ڕێباز حەملان
- مانگی ئایاری ئەمساڵ، ڕێباز حەملان لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بەربژێر کرا، بەڵام دەنگی پێویستی نەهێنا.
- بەگوتەی شێروان دووبەردانی، فراکسیۆنەکەیان بە فەرمی ڕێباز حەملانی بۆ پۆستی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی عێراق دەستنیشان کردووە.
- دووبەردانی ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا بەربژێری فراکسیۆنی پارتی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە یەکلایی نەکراوەتەوە و دەستنیشان نەکراوە.
ئەوە لە کاتێکدایە، ڕۆژی 14ـی ئایاری ڕابردوو، کابینە وەزارییەکەی عەلی زەیدی لە پەرلەمانی عێراق متمانەی پێدرا، بەڵام ژمارەیەک بەربژێر بۆ پۆستی وەزیرەکان دەنگی پێویستیان نەهێنا.
بە کۆی گشتی، 14 وەزیر دەنگیان پێدرا و 4 وەزیر دەنگیان نەهێنا و بەربژێرى وەزیری ناوخۆش دەنگی لەسەر نەدرا بەهۆی دروستبوونی گرژییەوە دواخرا، بەوەش کابینەکە 50+1ـی تێپەڕاند و دەستبەکار بوو.
سێ بەربژێرى دیکەی کورد پەسەندکران ئەوانیش فوئاد حسێن لە پشکی پارتی بۆ وەزیری دەرەوە، خالید شوانی لە پشکی یەکێتی بۆ وەزیری داد، سروە عەبدولواحید لە پشکی نەوەی نوێ بۆ وەزیری ژینگە.
هەریەکە لە بەربژێران بۆ وەزیری ناوخۆ، ڕۆشنبیری، پلاندانان، خوێندنی باڵا و ئاوەدانکردنەوە دەنگی پێویستیان نەهێنا.
زانیارى زیاتر بۆ تۆ
لایەنە سیاسییەکان لەسەر پڕکردنەوەی 9 وەزارەتەکەی زەیدی ڕێککەوتن
چوارچێوەی هەماهەنگی داوای پەلەکردن لە تەواوکردنی کابینەکەی عەلی زەیدی دەکات
1 کاتژمێر پێش ئێستا