شەپۆلێکى باران بەڕێوەیە؛ لە سلێمانى تیمە فریاگوزارییەکان خرانە ئامادەباشییەوە
پووختەى هەواڵەکە:
- لە سلێمانى ئامادەکارى بۆ شەپۆلێکى بارانبارین دەستیپێکرد.
- تیمە فریاگوزارى و خزمەتگوزارییەکان خرانە حاڵەتى ئامادەباشییەوە.
- سبەى کەشوهەواى هەرێمى کوردستان ناسەقامگیر دەبێت.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ڕایگەیاند، بە پشتبەستن بە پێشبینییەکانی کەشوهەوا و ڕاپۆرتەکانی کەشناسی، سەبارەت بە هاتنی شەپۆلێکی بارانبارینی بەهێز بۆ ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، سەرجەم تیمە خزمەتگوزاری و فریاگوزارییەکان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
تیمەکانى شارەوانى لە ڕۆژانى ڕابردوودا چیان کردووە؟
- مەترسیی کۆبوونەوەی ئاو و دروستبوونی لافاو کەمکراوەتەوە.
- پێشوەختە هەڵمەتێکی فراوانی پاککردنەوەی مەنهۆل و ئاوەڕۆ کراوە.
- ڕێڕەوی ئاو لە شەقامە سەرەکییەکان و کۆڵانەکان و شوێنە گشتییەکان پاککراونەتەوە.
پەیوەندى بە هێڵى گەرمەوە بکەن:
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی داوا لە هاونیشتمانییان دەكات پابەندی ڕێنماییەکانی پاراستن بن و لە کاتی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو، دروستبوونی لافاو یان پێویستبوون بە یارمەتیی بەپەلە، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە هێڵی گەرمی فریاکەوتن (JCC) بە ژمارە 100 بکەن.
تیمەکانمان بەشێوەی 24 کاتژمێرى لە خزمەت و ئامادەباشیدان، بۆ پاراستنی سەلامەتی و ئارامیی هاونیشتمانییان.
ئامادەباشییەکەى شارەوانى لە کاتێکدایە، کەشناسى پێشبینى کردووە، سبەی ئاسمان هەوری تەواو بێت و کەشوهەوا ناجێگیر دەبێت، نمەباران بەشێوەیەکی پچڕ پچڕ و مامناوەند دەبێت، هەندێ کات هەورە بروسکەشی لەگەڵدا دەبێت.
زانیاریى زیاتر بۆ تۆ :
کەشناسی: باران بارین بەردەوامی دەبێت و هەورەبروسکەی لەگەڵدا دەبێت
2 کاتژمێر پێش ئێستا