عەلى زەیدی: پێنج گرووپ ڕازیی بوون چەک ڕادەست بکەن

ئارام یوسف 43 خولەک پێش ئێستا
  • پرۆسەى کۆکردنەوەى چەک لە دەستى دەوڵەت بەردەوامە.
  • بەشێک لە گرووپەکان نەرمیان نواندووە و ئامادەى چەکدانانن.
  • عەلى زەیدى دەڵێت پێنج گرووپە ڕازیی بوون چەک ڕادەست بکەن.

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێشوازی لە چەند کەسایەتی و سەرۆک هۆزێک کردووە و ڕایگەیاندووە، گفتوگۆکانیان لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان بەردەوامە، پێنج گرووپیان لەسەر ڕادەستکردنی چەکەکانیان ڕازیی بوون، سیانیان بە کردارى چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت کردووە و دووانیان ماون.


ئەو گرووپانەی چەکیان ڕادەست کردووە:

  • گرووپەکانی سەرایا سەلام
  • عەسائیب ئەهلی حەق
  •  کەتیبەکانی ئیمام عەلی

پرۆسەى کۆکردنەوەى چەک

ڕۆژی 30ـی ئەیلوولی ڕابردوو، گرووپەکانی سەیدولشوهەدا و ئەنساروڵا ئەوفیا، پێشوازییان لە وتارەکەی عەلی زەیدی بۆ چەکدانان کرد و پابەندبوونی خۆیان بەو ڕێککەوتنە دووپاتکردەوە، کە لەنێوان ئەو گرووپانە و لیژنە چوار کەسییەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی واژۆکراوە.

پرۆسەی کۆکردنەوەی چەک یان کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، یەکێکە لە پڕۆژە و بڕیارە ئەمنی و یاساییە گرنگەکانی ئێستا لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان. ئامانجی سەرەکی ئەم هەنگاوە پاراستنی سەقامگیری، بنبڕکردنی دیاردەی چەکداریی بێ مۆڵەت و سنووردارکردنی تاوانەکانە.

حکومەتی فیدراڵیی عێراق پلانێکی گشتگیری ئامادەکردووە بۆ کۆکردنەوەی چەکی بێ مۆڵەت و خستنە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت، کە بەپێی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکان، مانگی حوزەیرانی 2027 وەک کۆتا وادە بۆ چەکدانانی گرووپەکان دیاری کراوە.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق نووسینگەی تایبەتی لە پارێزگاکان کردووەتەوە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان چەکە بێ مۆڵەتەکانیانی لێ تۆمار بکەن یان ڕادەستی بکەن.

زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:

فوئاد حسێن: حکومەتى عێراق ڕەشنووسى پلانى کۆکردنەوەى چەکى ئامادەکردووە

چوارچێوەى هەماهەنگى پلانێکى نوێى بۆ کۆکردنەوەى چەکى گرووپەکان هەیە

ئارام یوسف

43 خولەک پێش ئێستا