لە بەغدادەوە هۆشداریى دەدرێت؛ ڕێککەوتن نەکراوە و مووچەش کێشەى لەسەرە
پووختەى هەواڵەکە
- جەمال کۆچەر بۆچوونى وایە پەرتەوازەیى کورد لە بەغداد کاریگەرى نەرێنى هەبووە.
- چەند پێشنیازێکى لە بارەى داواکارییەکانى هەرێمى کوردستانەوە بۆ شاندەکە کردووە.
- بە گوتەى ئەو لایەنە شیعەکان بەربەستن لەبەردەم مووچەدا.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵ8 هۆشداریى دەدات و داوا لە بەرپرسانى باڵا دەکات تاوەکو کار لەکار نەترازاوە بچنە بەغداد و پشکى هەرێمى کوردستان لە پڕۆژەى بودجە جێگە بکەنەوە.
ناوەڕۆکى قسەکانى جەمال کۆچەر:
- لاوازى و پەرتەوازەى کورد لە بەغداد کاریگەرى لەسەر جێگیرکردنى پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجە دەبێت.
- شاند لەسەر ئاستى باڵا، بەسەرۆکایەتیى سەرۆکوەزیران یاخود سەرۆکى هەرێمى کوردستان بچێتە بەغداد.
- بەغداد لەسەر ئاستى چوارچێوەى هەماهەنگى مامەڵە لەگەڵ بودجە دەکەن.
- هەرێمى کوردستان لەسەر ئاستى باڵا مامەڵە لەگەڵ بودجە ناکات.
"ڕێککەوتن نەکراوە"
جەمال کۆچەر ڕۆژى یەکشەممە 4ـى تشرینى یەکەم، لە کۆبوونەوەى لیژنەى دارایى ئامادەبوو کە تێیدا پڕۆژەیاساى بودجەى 2027 تاوتوێ کرا، ئەو گوتى "تاوەکو ئێستا پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى عێراق یەکلاینەکراوەتەوە و هیچ ڕێککەوتنێک لەسەر ئەو پرسە نەکراوە".
بەگوێرەى زانیارییەکانى جەمال کۆچەر، چاوەڕواندەکرێت شاندێکى هەرێمى کوردستان بۆ ئەو مەبەستە سەردانى بەغداد بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا نازانن لەسەر چ ڕێککەوتن دەکرێت.
جەمال کۆچەر هۆشدارى زیاتریدا و گوتى "مەرج نیە ئەوەى لە ئەنجوومەنى وەزیران پەسەند دەکرێت بەهەمان شێوە لە ئەنجوومەنى نوێنەرانیش پەسەند بکرێت چونکە ئەوە دوو قۆناغى هەستیارن".
بە گوتەى جەماڵ کۆچەر مووچە یەکێکە لەو بابەتانەى زۆرترین قسەوباسى لەسەر دەکرێت تاوەکو ئێستا لایەنە شیعەکان "بەربەستن لەوەى مووچە لە پرۆژەیاساى بودجە جێگیر بکرێت".
پێشنیازەکانى جەمال کۆچەر:
- لەسەر بنەماى دامەزراوەکان پێداگرى لەسەر پشکى هەرێمى کوردستان بکرێت.
- ئەگەر مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکان بکرێت پێویستە بودجە بۆ پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان تەرخان بکرێت.
- ئەگەر وەک هەرێم مامەڵەى لەگەڵ بکرێت بەهەمانشێوە پێویستە بودجەى لەو چوارچێوەیەدا بۆ تەرخانبکرێت.
- لە بەرامبەر بودجەى سەرۆکایەتیى کۆمار داوا بودجەى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان بکرێت.
- لە بەرامبەر بودجەى ئەنجوومەنى نوێنەران داواى بودجەى پەرلەمانى کوردستان بکرێت.
- لە بەرامبەر بودجەى ئەنجوومەنى وەزیران داواى بودجەى ئەنجوومەنى وەزیران بکرێت.
- لە بەرامبەر بودجەى دامودەزگا دادوەرییەکان و پارێزگاکان داواى بودجەى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان بکرێت.
"وەزیرەکان دەتوانن"
پەرلەمانتارەکەى یەکگرتوو بۆچوونى وایە، بوونى ئەو ژمارە بەرچاوەى وەزیرانى کورد لە ئەنجوومەنى وەزیران یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەى پشکى هەرێمى کوردستان جێگیربکرێت. گوتی "بەگوێرەى دەستوور و یاساش وەزیرەکان دەتوانن پشکى کورد لە پرۆژەیاساکەدا جێگر بکەن".
لێدوانەکەى جەمال کۆچەر لە کاتێکدایە، بەگوێرەى ئەو زانیارییەى گەیشتووە بە کەناڵ8، هەموو ئامادەکارییەک کرابوو تاوەکو ئەمڕۆ دووشەممە شاند بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2027ـدا بچێتە بەغداد، بەڵام بەهۆی پێویستییان بە چەند نووسراوێک سەردانەکە دواخرا.
زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:
سەردانى شاندە باڵاکەى هەرێمى کوردستان بۆ بەغداد دواخرا؛ بەشە بودجە لە بەردەم ئاڵنگاریدایە
1 کاتژمێر پێش ئێستا