سەردانى شاندە باڵاکەى هەرێمى کوردستان بۆ بەغداد دواخرا؛ بەشە بودجە لە بەردەم ئاڵنگاریدایە
پووختەى هەواڵەکە
- سەردانى شاندەکەى باڵاى هەرێمى کوردستان بۆ بەغداد دواخرا.
- شاندەکە چوارشەممە دەچێتە بەغداد.
- شاندەکە نووسراوی نوێ بۆ گفتوگۆکانیان لەسەر بودجە ئامادە دەکات.
- بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان لە بەردەم چەند ئاڵنگارییەکدایە.
- هەرێمى کوردستان داواى پشکى 14.14% لە بودجەى گشتیی عێراق دەکات.
- هەرێمى کوردستان داوا دەکات بڕگەى خەرجیى ڕاستەقینە لە بودجەدا لاببرێت.
- هەرێمى کوردستان داواى ڕێککەوتنێکى نوێ لەبارەى بەرهەمهێنانى نەوت دەکات.
بەگوێرەى ئەو زانیارییەى گەیشتووە بە کەناڵ8، هەموو ئامادەکارییەک کرابوو تاوەکو ئەمڕۆ دووشەممە شاندەکە بچێتە بەغداد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2027ـدا، بەڵام بەهۆی پێویستییان بە چەند نووسراوێک سەردانەکە دواخراوە.
ئەندامانی شاندەکە لەکێ پێکدێن؟
- لە ئومێد سەباح، سەرۆکى دیوانى ئەنجوومەنی وەزیران.
- ئامانج ڕەحیم، سکرتێرى ئەنجوومەنى وەزیران.
- کەمال محەمەد، وەزیرى سامانە سروشتییەکان.
- عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکى فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون.
- دارا ڕەشید وەزیرى پلاندانان یان سیروان محەممەد، بریکارى وەزارەتى پلاندانان لە شاندەکەدا بەشدار دەبن لەگەڵ چەندین ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرێکی گشتی.
ئاڵنگارییەکانى بەردەم بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان
بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان لە بودجەی 2027ـدا لە بەردەم ئاڵنگاریى زۆر گەورەدایە و خەمساردییەک لەلایەن بەرپرسانى باڵاى حکومەتى کاربەڕێکەر دەبینرێت، کە بەغداد لە ئێوارەى ڕۆژى شەممە واتە سەرەتاى ئەم هەفتەیە داوایکردووە شاندى هەرێمى کوردستان بچنە بەغداد، بەڵام گوتوویانە دووشەممە و ئێستاش دەڵێن چوارشەممە دێین.
بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان لە چوارچێوەى بودجەى گشتیی 2027ـى عێراق ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ژیان و گوزەرانى زیاتر لە شەش ملیۆن دانیشتووى هەرێمى کوردستان.
ئاڵنگارییەکانى بەردەم بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان چین:
- یەکەم لە پڕۆژە بودجەى 2027ـى عێراق بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان بە 12.70% دیاریکراوە.
- بەڵام لەسەر بنەماى دوایین سەرژمێرى دانیشتووان لەسەدا 14.14%ـە.
- بۆیە یەکەم داواکاریى شاندى باڵاى هەرێمى کوردستان بریتییە لە زیادکردنى پشکەکە و جێگیرکردنى بۆ لەسەدا 14.14%.
- ئاڵنگارى دووەم، کە مەترسییە لەسەر کەمکردنەوەى بەشە بودجە بڕگەى خەرجیی ڕاستەقینە (انفاق الفعلى)یە.
- شاندى تەکنیکى دارایی هەرێمى کوردستان کە لە کۆبوونەوەى ئامادەکردنى پڕۆژە بودجە لە وەزارەتى دارایی عێراق بەشدار بوون، داواى لابردنى ئەم بڕگەیەیان کردووە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق هەر دایناوە.
- شاندى باڵاى حکومەتى کاربەڕێکەر دەیەوێت ئەم بڕگەیە لاببات کە لە ساڵى 2015ـەوە بەردەوام لە بودجەدا جێگیرکراوە.
- لە بڕگەکەدا ئاماژە بەوەدەکات: پشکى هەرێمى کوردستان لە خەرجى ڕاستەقینە بدرێت نەک لە بودجەى گشتی.
- هەرێمى کوردستان، ئەو بڕگەیە بە ستەمێکى گەورەى دەزانێت، بۆ بودجەى 2027، ڕژدە لەسەر ئەوەى پشکى لە بودجەى گشتیی بێت نەک لە خەرجى کردارى.
- هەرێمى کوردستان لە بودجەى سەروەرى (سیادی) کە بریتییە لە خەرجییەکانى (ئاسایش و بەرگرى، سەرۆکایەتییەکان، وەزارەتى دەرەوە و نوێنەرایەتییەکان لە دەرەوە، قەرزە دەرەکییەکان، دادگاى باڵاى فیدراڵى) داواى پشکى 14.14% دەکات.
- بەڵام بەغداد ئامادەنییە پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى سیادى بدات، بە پاساوى ئەوەى کورد لە سێ سەرۆکایەتییەکە و دەسەڵاتى دادوەریدا هەیە.
- ئاڵنگارییەکى دیکە هەرێمى کوردستان داوا دەکات مووچەى مانگانە بخرێتە چوارچێوەى بودجەى حاکیمە.
- (بودجەى حاکیمە بریتییە لە خەرجییەکانى کڕینى دەرمان، پارەى گەنمى جووتیاران، کڕینى کارەبا و سووتەمەنى بۆ وێستگەکانى کارەبا، پارە بۆ سەرژمێرى و هەڵبژاردنەکان).
- بۆ ئەوەى ئەگەر کێشەیەک لە نێوان هەردوولا ڕوویدا، گرفت بۆ ناردنى مووچە دروستنەکرێت.
- خاڵێکى دیکەى ناکۆک و ئاڵنگارییەکى دیکە لە نێوان هەردوو حکومەت، دۆسیەى نەوتى هەرێمى کوردستانە، تاوەکو ئێستا هەردوولا پابەندن بەو ڕێککەوتنە سێقۆڵییەى لە نێوان هەردوو حکومەت و کۆمپانیاکانى نەوت کراوە.
- بە گوێرەى ئەو ڕێککەوتنە هەرێمى کوردستان تەواوى نەوتەکەى دواى گلدانەوەى 50 هەزار بەرمیل نەوت، ڕادەستى سۆمۆ دەکات.
- بەڵام لە گفتوگۆکانى ئەمجارەدا هەرێمى کوردستان داواى ڕێککەوتنێکى نوێ دەکات، بەجۆرێک کە بڕى دیاریکراو بۆ پێداویستیی ناوخۆیی لە 50 هەزارەوە زیاد بکرێت، لانى کەم بۆ 90 هەزار بەرمیل.
داواکارییەکانى بەغداد
لە بەرامبەردا بەغداد داوا دەکات بەرهەمى نەوتى هەرێمى کوردستان بکرێتە 400 هەزار بەرمیل، بەڵام بەرپرسانى هەرێمى کوردستان گوتوویانە دەتوانن بیگەیەننە 300 هەزار بەرمیل، جگە لەوەش بەغداد نیازى وایە ئەگەر هەرێمى کوردستان مانگانە بڕى دیاریکراوى نەوتى ڕادەست نەکرد، بە گوێرەى هەمان ئەو بڕەى کەمبووەتەوە لە بودجەى هەرێمى کوردستانیش کەمبکەنەوە.
هەروەها عێراق دەیەوێت شایستەى دارایی کۆمپانیاکانى دەرهێنانى نەوت لە هەرێمى کوردستان بخاتە سەر بودجەى وەبەرهێنانى هەرێمى کوردستان.
ئەوەى کە پەیوەستە بە مووچەو بابەتى دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوە و بەهەمیشەییکردنى گرێبەستەکانیش پرسێکى دیکەى گفتوگۆکانى هەردوو حکومەتە.
داوا دەکات بەگوێرەى ژمارەى دانیشتووان پشکى هەبێت لە دامەزراندن و بەهەمیشەییکردنى گرێبەستەکان، لەم ڕووەوە بەڵێندراوە، ئەگەر تەرخانکراوى دارایی بۆ دامەزراندن هەبوو هەرێمى کوردستانیش بگرێتەوە.
ناکۆکی لەسەر پلەبەرزکردنەوە
بەغداد بڕوایوایە؛ ڕاگرتنى پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەران حکومەتى هەرێمى کوردستان خۆى لێى بەرپرسیارە، لەگەڵ ئەوەشدا بەڵێندراوە ئەگەر تەرخانکراوى دارایی هەبوو، پلەبەرزکردنەوە دەستپێدەکاتەوە، بە ئەگەرێکى زۆریشەوە ئەگەر پلە بەرزکردنەوە دەستپێبکاتەوە، یەک پلە دەبەسترێت، لەکاتێکدا فەرمانبەران سێ پلەیان بۆ نەبەستراوە.
بە کۆى گشتى هەرێمى کوردستان داواى 29 تریلیۆن دینارى وەک پشکى خۆى لە بودجەدا کردووە، کە 23 تریلیۆن و 500 ملیار دینارى بۆ مووچە، لەو دوو تریلیۆن دینارە، بۆ خانەنشینان و خەرجییەکانى حکومەت دابین دەکرێت لەگەڵ پێنج تریلیۆن دیناریش بۆ وەبەرهێنان.
بەرپرسانى هەرێمى کوردستان دەڵێن، پشکى هەرێمى کوردستان لە پڕۆژەیاساى بودجەى 2027ـى عێراق لە بەردەم چەندین ئاڵنگاریدایە، بە تەنیا سەردانى لیژنە تەکنیکییەکان، بەس نییە بۆ مسۆگەرکردنى ماف و شایستە داراییەکانى هەرێمى کوردستان، پێویستە سەرۆکوەزیران و جێگرەکەى بچنە بەغداد و چەند ڕۆژێک لە بەغداد بمێننەوە، تاوەکو ڕێککەوتن لەسەر پشکى بودجەى هەرێمى کوردستان دەکە، چونکە ئەم پرسە چەندە تەکنیکى و داراییە دوو هێندە سیاسییە.
زانیارى زیاتر بۆ تۆ
هەرێمی کوردستان داوای گۆڕینی پشکی خۆی لە بودجەی 2027 دەکات
دیلان غەفور بۆ کەناڵ8: بەهای 100 دۆلار لە بودجەی 2027 بە 150 هەزار دینار دیاریکرا
شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدادە؛ دۆسییەی زیندانیانی سیاسی دەخرێتە ناو بودجەی 2027
2 کاتژمێر پێش ئێستا