موختارى گوندێکى ئامێدى: بڕینەوەى درەختەکان ڕاستە، تکایە فریا بکەون
پووختەى هەواڵەکە:
- بۆ یەکەمجار موختارى گوندێکى ئامێدى ڕاستییەکانى ئاشکرا کرد.
- بڕینەوەى درەختەکان لە سنوورى گوندەکانى ئامێدى و بەروارى باڵایە.
- کاردانەوەى تێکدانى ژینگەى ناوچەکانى بادینان بەردەوامە.
موختارى گوندى ئەرەدنێى سەر بە ئامێدى لێدوانەکەى عەلى تەتەر پارێزگارى دهۆک ڕەتدەکاتەوە و جەختدەکاتەوە کە بڕینەوەى درەختەکان ڕاستە و دارستانى گوندەکەى ئەوانیش بەرکەوتووە.
سلێمان مەجید موختارى گوندەکە بە کەناڵ8ـى گوت "چەند ساڵێکە درەخت بڕین بەردەوامە، بەڵام ئەمساڵ زۆر زیادیکردووە، سەرباز و بەڵێندەرى تورکى بە شەو و ڕۆژ خەریکى داربڕینەوەن".
سلێمان مەجید کە برایەکى شەهیدە و خۆشى پێشمەرگەیە، داخ و حەسرەت هەڵدەکێشێت کە بەو جۆرە سروشتى زێدەکەى تێکدەدرێت و ژینگەى ئاژەڵ و باڵندەکان دەشێوێنرێت، ناوبراو پێشتریش لە تۆمارێکى ڤیدیۆییدا وردەکارى بڕینەوەى درەختەکانى خستووەتەڕوو.
موختارى گوندەکە لە تۆمارێکى ڤیدیۆییدا:
- داوا لە موختارى گوندەکان دەکەین ڕاستییەکان ئاشکرا بکەن.
- سوپاى تورکیا بنکەى لەسەر خاکەکەمان دامەزراندوە و درەختەکانمان دەبڕێتەوە.
- کەس ناتوانێت ڕاستییەکان ئاشکرا بکات چونکە ڕاستى تاڵە.
- درەختى گوندەکەى ئێمە و گوندەکانى سپیندار و کەزان و گوندی دیکەش دەبڕدرێنەوە.
- هەندێک کەس بازرگانى بەم خاکەوە دەکەن و سروشتى جوانى ناوچەکە دەشێوێنرێت.
- هەندێک کەس لە ناوچەکە لەگەڵ بەڵێندەرانى تورکیا کار دەکەن.
- هیوادارم سەرۆکى حکومەت ئەم پەیامەى من ببینێت، بەڵێ درەخت بڕینەوە ڕاستە.
هاوکات پەیامنێرانى کەناڵ8 لە دهۆک زانیاریى پشتڕاستکراوەیان دەستکەوتووە کە بڕینەوەى درەختەکان لەلایەن سوپا و بەڵێندەرانى تورکیاوە ڕاستە و ماوەیەکى زۆریشە بەردەوامە، لە وێنەى مانگە دەستکردەکانیشەوە دەردەکەوێت ساڵ لە دواى ساڵ ژینگەى سەوزاى ناوچەکە بەرەو ڕووتەنى زیاتر دەڕوات.
لێدوانەکەى پارێزگارى دهۆک
بە دەنگهاتنى موختارى گوندى ئەرەدنێ دواى ئەوە دێت، ڕۆژى 4ـى تشرینى یەکەمى 2026، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا کە پەیامنێرى کەناڵ8 ئامادەیى بوو، ڕایگەیاند، ئەو هەواڵانەی باس لە بڕینەوەی درەخت لە سنووری پارێزگای دهۆک دەکەن "دوورن لە ڕاستییەوە".
بە گوتەى عەلى تەتەر، دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، بەدوادواچوونی وردیان کردووە، دەرکەوتووە تەواوی ئەو درەختانە لە ناو خاکی تورکیادا بڕدراونەتەوە و بە پێچەوانەوە هێنراونەتە ناو هەرێمی کوردستانەوە.
چەند ڕۆژێکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ژمارەیەک گرتەى ڤیدیۆى بڵاودەکرێنەوە کە تێیدا بارهەڵگر و تراکتۆری پڕ لە داری بڕاوە دەردەکەون و دەگوترێت لە گوندەکانی بەرواری باڵاوە لەلایەن سوپا یاخود کۆمپانیای تورکیاوە دەبڕدرێنەوە، بەشێک لە میدیاکانى سەر بە پارتى دیموکراتى کوردستان بانگەشەى ئەوەیان کرد کە درەختەکان لەناو خاکى تورکیاوە بڕدراونەتەوە، بەڵام لەناو خاکى هەرێمى کوردستانەوە گوازراونەتەوە.
ئەوەى وایکردووە گومانى زیاتر بەلاى بڕینەوەى درەختەکان بڕوات، ئامادەیى سوپای تورکیایە کە بە درێژایی 38 کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە و 71 بارەگاى سەربازیى داناوە کە بە شێکى زۆریان لە سنووری دهۆکن.
زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:
کاردانەوەى "بڕینەوەى درەختەکان"..پارێزگارى دهۆک دەڵێت ڕاست نییە
49 خولەک پێش ئێستا