پاکستان و تورکیا هێز بۆ سعودیە دەنێرن

عەدنان ئەحمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا

پووختەى هەواڵەکە:

  • لایەنە بەشدارەکانى هاوپەیمانیى مەککە لە سعودیە کۆبوونەوە
  • کۆبوونەوەکە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکى هێرشى حکومەت بۆ سەر حوسییەکان.

پاکستان و تورکیا ڕۆژی دووشەممە بەڵێنیان دا کە لە چوارچێوەی پەیمانێکی نوێی بەرگریی هاوبەشدا هێزەکانیان لە سعودیە بڵاوبکەنەوە، ئەمەش دوای چەند هەفتەیەک لە هێرشەکانی حوسییەکان دێت، لە کاتێکدا ڕیاز و حکومەتی یەمەنى هاوپەیمانى هێرشی بەرپەرچدانەوەیان بۆ سەر ئەو گرووپە دەستپێکرد.


لیژنەی ستراتیجیی سیاسی و بەرگریی ڕێککەوتننامەی مەککە لە ڕیازی پایتەختی کۆبووەوە و وەزیرانی دەرەوە، بەرگری و سوپاسالاری وڵاتانی ئەندام بەشدارییان کرد.

ناوەڕۆکى ڕاگەیێنراوە هاوبەشەکەیان:

  • ڕەتکردنەوەی بێ دوو دڵی هەر هێرش یان هەڕەشەیەک لە دژی ئاسایشی سعودیە.
  • دەستبەجێ هەنگاو بنێن بۆ جێبەجێکردنی پراکتیکی پابەندبوونە بەرگرییە بەکۆمەڵەکان.
  •  گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ دابینکردنی هێز و توانا سەربازییەکان و دڵنیابوون لە جێگیرکردنی خێرایان لە سعودیە.
  • فەریقی یەکی خانەنشینی پاکستانی نوعمان مەحموود وەک سکرتێری گشتیی هاوپەیمانێتییەکە، بۆ ماوەی سێ ساڵ دیاریکراوە.

هاوپەیمانیى مەککە:

ڕۆژی حەوتی ئابی ئەمساڵ، لە شاری ڕیاز ڕێککەوتنی بەرگریی سەربازیی مەککە لەلایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان و محەممەد بن سەلمان، جێنشینی سعودیەوە واژۆکرا.

بەگوێرەی ڕێککەوتننامەی بەرگریی مەککە، هێرش بۆ سەر هەر وڵاتێکی ئەندام، هێرشە بۆ سەر هەرسێکیان.

یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەکە لە 31ـی ئابی ئەمساڵ لە ئیستانبوڵ بەڕێوەچوو. ڕۆژی 24ـی ئەیلوول وەزیرانی دەرەوەی هەرسێ وڵاتەکە لە نیویۆرک و ڕۆژێک دواتریش سوپاسالاری ئەو سێ وڵاتە لە ڕیاز کۆبوونەوە.

کۆبوونەوەکە هاوکاتە لە دەستپێکى هێرشى سوپای یەمەن بۆ سەر حوسییەکان کە لە ڕۆژى یەکەمدا زیاتر لە هەزار هێرشیان ئەنجامداوە و دەستیان بە هێرشکردنە سەر شاری سەنعای پایتەختی ژێردەستی حوسییەکان کرد.

زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:

حکومەتی یەمەن: بابولمەندەبمان کۆنتڕۆڵکرد

عەدنان ئەحمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا