کابینەى زەیدى ڕەشنووسى بودجە تاوتوێ دەکات
پووختەى هەواڵەکە
- ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیى عەلى زەیدەى کۆدەبێتەوە.
- ئەگەر دەنگ لەسەر ڕەشنووسەکە بدرێت ڕەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکرێت.
- لەم پرۆژە یاسایەدا هەرێمی کوردستان داوای نزیکەى 29 تریلیۆن دینارى کردووە.
وا بڕیارە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تاوەکو 15ـی ئەم مانگە ڕەشنووسەکە پەسەند بکات و ڕەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بکات، ئەوانیش تاوەکو پێش کۆتایی ساڵ کاتیان هەیە بۆ پەسەندکردنى.
بەگوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8، پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 بە 200 بۆ 240 تریلیۆن دینار خەمڵێنراوە، نرخی یەک بەرمیل نەوت بە 58 دۆلار دانراوە و بەهای 100 دۆلاریش بەرزکراوەتەوە بۆ 150 هەزار دینار.
هەرێمى کوردستان و بودجە
- داوای نزیکەى 29 تریلیۆن دینارى کردووە.
- بەڕێژەى 14.14% کە ڕێژەى سەرژمێریى دانیشتووان بووە.
- بڕیارە سبەى شاندى هەرێمى کوردستان سەردانى بەغداد بکات.
ئاڵنگارییەکانى بەردەم هەرێمى کوردستان
بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان لەبەردەم چەند ئاڵنگارییەکی گەورەدایە، یەکەم لە پرۆژە بودجەى 2027ـى عێراق بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان بە %12.70 دیاریکراوە، بەڵام لەسەر بنەماى دوایین سەرژمێرى دانیشتووان لەسەدا %14.14ـە، بۆیە یەکەم داواکاریى شاندى باڵاى هەرێمى کوردستان بریتییە لە زیادکردنى پشکەکە جێگیرکردنى بۆ لەسەدا 14.14%.
ئاڵنگارى دووەم؛ کە مەترسییە لەسەر کەمکردنەوەى بەشە بودجە بڕگەى خەرجیی ڕاستەقینە(انفاق الفعلى) یە، شاندى تەکنیکى دارایی هەرێمى کوردستان کە لە کۆبوونەوەى ئامادەکردنى پڕۆژە بودجە لە وەزارەتى دارایی عێراق بەشدار بوون، داواى لابردنى ئەم بڕگەیەیان کردووە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق هەر دایناوە.
شاندى باڵاى حکومەتى کاربەڕێکەر دەیەوێت ئەم بڕگەیە لاببات کە لە ساڵى 2015ـەوە بەردەوام لە بودجەدا جێگیرکراوە و کە دەڵێت، پشکى هەرێمى کوردستان لە خەرجى ڕاستەقینە بدرێت نەک لە بودجەى گشتی، هەرێمى کوردستان ئەو بڕگەیە بە ستەمێکى گەورە دەزانێت، بۆ بودجەى 2027 ، ڕژدە لەسەر ئەوەى پشکى لە بودجەى گشتیی بێت نەک لە خەرجى کردارى.
هەروەها هەرێمى کوردستان لە بودجەى سەروەرى (سیادی) کە بریتییە لە خەرجییەکانى (ئاسایش و بەرگرى، سەرۆکایەتییەکان، وەزارەتى دەرەوە و نوێنەرایەتییەکان لە دەرەوە، قەرزە دەرەکییەکان، دادگاى باڵاى فیدراڵى) داواى پشکى 14.14% دەکات، بەڵام بەغداد ئامادەنییە پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى سیادى بدات، بە پاساوى ئەوەى کورد لە سێ سەرۆکایەتییەکە و دەسەڵاتى دادوەریدا هەیە.
ئاڵنگارییەکى دیکە هەرێمى کوردستان داوا دەکات مووچەى مانگانە بخرێتە چوارچێوەى بودجەى حاکیمە (بودجەى حاکیمە بریتییە لە خەرجییەکانى کڕینى دەرمان، پارەى گەنمى جووتیاران، کڕینى کارەبا و سووتەمەنى بۆ وێستگەکانى کارەبا، پارە بۆ سەرژمێرى و هەڵبژاردنەکان) بۆ ئەوەى ئەگەر کێشەیەک لە نێوان هەردوولا ڕوویدا، گرفت بۆ ناردنى مووچە دروستنەکرێت.
نەوت خاڵێکى دیکەى ناکۆکى
خاڵێکى دیکەى ناکۆک و ئاڵنگارییەکى دیکە لە نێوان هەردوو حکومەت، دۆسیەى نەوتى هەرێمى کوردستانە، تاوەکو ئێستا هەردوولا پابەندن بەو ڕێککەوتنە سێقۆڵییەى لە نێوان هەردوو حکومەت و کۆمپانیاکانى نەوت کراوە، بەگوێرەى ئەو ڕێککەوتنە هەرێمى کوردستان تەواوى نەوتەکەى دواى گلدانەوەى50 هەزار بەرمیل نەوت، ڕادەستى سۆمۆ دەکات، بەڵام لە گفتوگۆکانى ئەمجارەدا هەرێمى کوردستان داواى ڕێککەوتنێکى نوێ دەکات، بەجۆرێک کە بڕى دیاریکراو بۆ پێداویستیی ناوخۆیی لە 50 هەزارەوە زیاد بکرێت، لانى کەم بۆ 90 هەزار بەرمیل.
لە بەرامبەردا بەغداد داوا دەکات بەرهەمى نەوتى هەرێمى کوردستان بکرێتە 400 هەزار بەرمیل، بەڵام بەرپرسانى هەرێمى کوردستان گوتوویانە دەتوانن بیگەیەننە 300 هەزار بەرمیل، جگەلەوەش بەغداد نیازى وایە ئەگەر هەرێمى کوردستان مانگانە بڕى دیاریکراوى نەوتى ڕادەست نەکرد، بەگوێرەى هەمان ئەو بڕەى کەمبووەتەوە لە بودجەى هەرێمى کوردستانیش کەمبکەنەوە.
هەروەها عێراق دەیەوێت شایستەى دارایی کۆمپانیاکانى دەرهێنانى نەوت لە هەرێمى کوردستان بخاتە سەر بودجەى وەبەرهێنانى هەرێمى کوردستان.
ئەوەى کە پەیوەستە بە مووچەو بابەتى دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوە و بەهەمیشەییکردنى گرێبەستەکانیش پرسێکى دیکەى گفتوگۆکانى هەردوو حکومەتە.
دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوە
حکومەتى هەرێمى کوردستان داوا دەکات بەگوێرەى ژمارەى دانیشتووان پشکى هەبێت لە دامەزراندن و بەهەمیشەییکردنى گرێبەستەکان، لەم ڕووەوە بەڵێندراوە، ئەگەر تەرخانکراوى دارایی بۆ دامەزراندن هەبوو هەرێمى کوردستانیش بگرێتەوە.
بەڵام بۆ پلەبەرزکردنەوە ناکۆکی هەیە، بەغداد پێى وایە؛ ڕاگرتنى پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەران حکومەتى هەرێمى کوردستان خۆى لێى بەرپرسیارە، لەگەڵ ئەوەشدا بەڵێندراوە ئەگەر تەرخانکراوى دارایی هەبوو، پلەبەرزکردنەوە دەستپێدەکاتەوە، بە ئەگەرێکى زۆریشەوە ئەگەر پلە بەرزکردنەوە دەستپێبکاتەوە، یەک پلە دەبەسترێت، لەکاتێکدا فەرمانبەران سێ پلەیان بۆ نەبەستراوە.
بە کۆى گشتى هەرێمى کوردستان داواى 29 تریلیۆن دینارى وەک پشکى خۆى لە بودجەدا کردووە، کە 23 تریلیۆن و 500 ملیار دینارى بۆ مووچە، لەو دوو تریلیۆن دینار بۆ خانەنشینان و خەرجییەکانى حکومەت دابین دەکرێت لەگەڵ و پێنج تریلیۆن دیناریش بۆ وەبەرهێنان.
بەرپرسانى هەرێمى کوردستان دەڵێن، پشکى هەرێمى کوردستان لە پڕۆژەیاساى بودجەى 2027ـى عێراق لە بەردەم چەندین ئاڵنگاریدایە، بەتەنیا سەردانى لیژنە تەکنیکییەکان، بەس نییە بۆ مسۆگەرکردنى ماف و شایستە داراییەکانى هەرێمى کوردستان، پێویستە سەرۆکوەزیران و جێگرەکەى بچنە بەغداد و چەند ڕۆژێک لە بەغداد بمێننەوە، تاوەکو ڕێککەوتن لەسەر پشکى بودجەى هەرێمى کوردستان دەکە، چونکە ئەم پرسە چەندە تەکنیکى و داراییە دوو هێندە سیاسییە.
زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:
لە بەغدادەوە هۆشداریى دەدرێت؛ ڕێککەوتن نەکراوە و مووچەش کێشەى لەسەرە
2 کاتژمێر پێش ئێستا