پیرۆزباییەک لە بافڵ جەلال تاڵەبانییەوە بۆ ئێزدییەکان بەبۆنەی پیرۆزترین جەژنیانەوە
پووختەى هەواڵەکە
- جەژنی جەما؛ دێرینترین جەژنی ئێزدییەکان و حەوت ڕۆژ ڕێوڕەسم دەکرێت.
- بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرەڕاى پیرۆزبایى جەخت لە پاراستنى مافى ئێزدییەکان دەکاتەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەبۆنەی جەژنی جەما گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێزدییەکان دەکات و هیوادارە هەمیشە لە خۆشی و بەختەوەریدابن، پشتیوانى خۆشى بۆ ئەو پێکهاتەیە دووپات دەکاتەوە.
پەیامەکەى بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ ئێزدییەکان:
- یەکێتى وەک هەمیشە پشتیوانی لە پاراستنی ماف و بەدیهێنانی داخوازییە ڕەواکانی ئێزدییەکان دەکات.
- هەموو هەوڵێکمان دەخەینەگەڕ لەپێناو بەهێزکردنی گیانی پێکەوەژیان و تەبایی لە نیشتمانەکەماندا.
جەژنی جەما؛ دێرینترین جەژنی ئێزدییەکان
جەژنی جەما، کە بە یەکێک لە جەژنە هەرە دێرین و پیرۆزەکانی ئایینی ئێزدی دادەنرێت، ساڵانە لە پەرستگەی لالش بەڕێوەدەچێت و بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ بەردەوامە، زنجیرەیەک رێوڕەسمی ئایینیی تایبەت لەخۆدەگرێت. ئەم جەژنە بە "جەژنی پایز"یش ناسراوە و پەیوەندییەکی قوڵی بە کشتوکاڵ و سوپاسگوزارییەوە هەیە.
حەوت ڕۆژ رێوڕەسمی تایبەت
بە درێژایی حەوت ڕۆژی جەژنەکە، سەرجەم بەشداربووان لە لالش خێوەت هەڵدەدەن و لەوێ دەمێننەوە. هەموو ئێوارەیەک چرای مەزارگە پیرۆزەکان هەڵدەکرێن و رێوڕەسمی "سەما" (گۆڤەندی ئایینی) بە وتنەوەی قەول و بەیتی ئایینی بەڕێوەدەچێت. هەروەها هەر ئێزدییەک سەردانی لالش بکات، دەبێت بەسەر پردی سیڕاتدا تێپەڕێت و دەست و چاوی بە ئاوی "کانیی سپی" بشوات، کە بە ئاوێکی پیرۆز و پاککەرەوە دادەنرێت.
ڕۆژژمێری رێوڕەسمەکان
ڕۆژی یەکەم: بە ئامادەبوونی میری ئێزدییەکان، بابەشێخ و جڤاتی رووحانی، رێوڕەسمەکان بە خوێندنی "بەیتی ئێوارە" و ئەنجامدانی "سەما" دەستپێدەکەن.
ڕۆژی دووەم: رێوڕەسمی "قنتار" بەڕێوەدەچێت، کە بریتییە لە تەوافکردن و گەڕان بە دەوری مەزارگە پیرۆزەکانی ناو لالشدا.
ڕۆژانی سێیەم و چوارەم: رێوڕەسمی ئایینیی ئاسایی بەڕێوەدەچن.
ڕۆژی پێنجەم: ناسراوە بە "ڕۆژی پەری"، تێیدا حەوت کوڕ و کچ بە جلی سپییەوە دەڕازێندرێنەوە، کە هەر یەکێکیان ئاماژەیە بۆ یەکێک لە حەوت فریشتە پیرۆزەکە.
ڕۆژی شەشەم: رێوڕەسمی "قەباغ" بەڕێوەدەچێت، کە بریتییە لە پێشکەشکردنی گایەک وەک قوربانی بۆ خوداوەندی خۆر. گۆشتی قوربانییەکە دەبێتە زادێکی پیرۆز، کە پێی دەوترێت "سمات".
ڕۆژی حەوتەم: ڕۆژی "بەر بەرسوارکردن"ە، کە تێیدا تەختێکی پیرۆز ئامادە دەکرێت و لە ئاوێکی تایبەت هەڵدەکێشرێت و دواتر لە شوێنێکی دیاریکراوی ناو لالش دادەنرێت، وەک ئاماژەیەک بۆ کۆتاییهاتنی سەرکەوتووانەی جەژنەکە.
هاوشێوەی حەج و پەیوەندی بە کشتوکاڵەوە
رێوڕەسمەکانی جەژنی جەما هاوشێوەی رێوڕەسمەکانی حەجن لە ئایینی ئیسلامدا؛ وەک چۆن ئاوی زەمزەم پیرۆزە، ئاوی "کانیی سپی"یش بە هەمان شێوە پیرۆزە و پێویستە هەر ئێزدییەک لە ژیانیدا جارێک بەو ئاوە "مۆر" بکرێت. هەروەها جەژنەکە بە "جەژنی پایز"یش دادەنرێت، چونکە پەیوەندیی بە وەرزی چاندن و دروێنەی بەرهەمە کشتوكاڵییەکانەوە هەیە.
مەرجی بەڕێوەچوونی جەژنەکە
بەڕێوەچوونی ئەم جەژنە پەیوەستە بە بڕیاری پێشوەختەی ئەنجوومەنی رووحانیی ئێزدییەکانەوە. ئەگەر بارودۆخی ئێزدییەکان خراپ بێت، جەژنەکە بەڕێوەناچێت. بۆ نموونە دوای هێرشەکانی داعش بۆ سەر شنگال لە ساڵی 2014، ئەنجوومەنی رووحانی بڕیاریدا جەژنەکە رابگیرێت و بۆ ماوەی چوار ساڵ هیچ رێوڕەسمێک ئەنجام نەدرا، تاوەکو ساڵی 2018 کە جارێکی دیکە دەستپێکرایەوە.
زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:
بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئاوەدانکردنەوەی شنگال لە ئاست زامی ئێزدییەکان نییە
کەناڵ8 ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى عەلى زەیدى و شاندى ئێزدییەکان بڵاودەکاتەوە
2 کاتژمێر پێش ئێستا