دوای 65 ساڵ ترەمپ بڕیاری لەسێدارەدانی سەربازیی پەسەند کرد
پووخەی هەواڵەکە
- ترەمپ ڕەزامەندیی دەربڕی بە لەسێدارەدانی "نیدال حەسەن" بە گولـلەبارانکردن
- نیدال حەسەن تاوانبارە بە کوشتنی 13 کەس و برینداربوونی 32 کەسی دیکە
- بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری جەنگ بووە
شۆن پارنێل، گوتەبێژی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا ئاشکرای کرد، بڕیارەکەی ترەمپ بەگوێرەی ڕاسپاردەی ڕاستەوخۆی پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا بووە، ئەمەش ڕێگە خۆشدەکات بۆ جێبەجێکردنی یەکەم حوکمی لەسێدارەدانی سەربازی لە دوای ساڵی 1961ەوە.
چیرۆکی تاوانبارەکە
- ڕووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ 5ـی تشرینی دووەمی ساڵی 2009، کاتێک نیدال حەسەن کە ئەوکات پلەی ڕائیدی هەبووە.
- لە ناوەندی ئامادەکردنی سەربازان لە بنکەی سەربازیی "فۆرت هوود" لە ویلایەتی تێکساس تەقەی کرد.
- لەو هێرشە خوێناوییەدا 12 سەرباز و هاوڵاتییەکی مەدەنی کوژران و 32 کەسی دیکەش بریندار بوون.
- دوای تەقەکردن لێی و برینداربوونی، نیدال دەستگیرکرا و لە ساڵی 2013 بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست و هەوڵی کوشتن، حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو.
لە کوێ سزاکە جێبەجێدەکرێت؟
بڕیارەکەی ترەمپ دەستبەجێ بە مانای جێبەجێکردنی حوکمەکە لە ئەمڕۆدا نایەت، چونکە بەگوێرەی یاساکانی سوپای ئەمریکا، دوای ڕەزامەندیی سەرۆک، ماوەی 60 تاوەکو 150 ڕۆژ پێویستە بۆ دیاریکردنی وادە و شوێنی کۆتایی سێدارەکە.
تۆڕی "ئەی بی سی نیوز" ئاشکرای کردووە کە پنتاگۆن لە مانگی حوزەیرانی ڕابردووەوە ئامادەکاری کردووە بۆ گواستنەوەی سزادراوانی سێدارەی سەربازی لە زیندانی "فۆرت لیڤنوۆرس" لە کەنساسەوە بۆ گرتووخانەی فیدراڵیی "تێر هۆت" لە ویلایەتی ئیندیانا، بەڵام تاوەکو ئێستا دیار نییە ئایا دەستڕێژی گولـلەکە لە کوێ بەڕێوە دەچێت.
نیدال حەسەن یەکێکە لەو چوار سزادراوە سەربازییەی لە ئەمریکا حوکمی سێدارەیان بەسەردا دراوە.
دوایین جار کە حوکمی لەسێدارەدانی سەربازی لە ئەمریکا جێبەجێ کرابێت، ساڵی 1961 بوو، کاتێک "جۆن بێنێت"ـی سەرباز بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی و هەوڵی کوشتنی کچێکی 11 ساڵان لە نەمسا لەسێدارە درا، بەم بڕیارەی ترەمپیش، بێدەنگیی 65 ساڵەی سیستمی دادوەریی سەربازیی ئەمریکا کۆتایی دێت.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
ئەمنست ئینتەرناشناڵ: لەسێدارەدان لەماوەى 44 ساڵدا 78% زیادیکردووە
ئەمریکا و ئەمنستی لەسێدارەدانی چوار زیندانیی سیاسیی کورد سەرکۆنە دەکەن
2 کاتژمێر پێش ئێستا