ئەنجوومەنى وەزیران بەهاى دۆلارى گۆڕى؛ 100 دۆلار بۆ 150 هەزار دینارە

کیژان مەحمود 2 کاتژمێر پێش ئێستا

پووختەى هەواڵەکە:

  • بەشێوەیەکى فەرمى حکومەتى عێراق نرخێکى نوێى بۆ دۆلار لەبەرامبەر دینار دیاریکرد.
  • لە ئەمڕۆوە بەهاى فەرمى 100 دۆلار بە 150 هەزار دینارە.
  • چاوەڕواندەکرێت بڕیارەکە بەهاى دۆلار لە بازاڕدا بەرزبکاتەوە.

ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق لە کۆبوونەوەى دوێنێى 6ـى تشرینى یەکەمدا بڕیاریدا گۆڕانکارى لە بەهاى دۆلار لە بەرامبەر دینار بکات، ئەوەش لەسەر بنەماى ڕاپۆرتى وەزیرى دارایى و پارێزگارى بانکى ناوەندى بووە.


گۆڕانکارییەکە:

  • هەزار و 500 دینار بۆ یەک دۆلار بۆ کڕین لە وەزارەتى دارایى، واتە 100 دۆلار بە 150 هەزار دینار.
  • هەزار و 510 دینار بۆ یەک دۆلار  کە بە بانکەکان دەفرۆشرێت، واتە 100 دۆلار بە 151 هەزار دینار .
  • هەزار و 520 دینار بۆ یەک دۆلار  بۆ بازاڕ و هاوڵاتییان واتە 100 دۆلار بە 152 هەزار دینارە.

بڕیارەکەى ئەنجوومەنى وەزیران لە ئەمڕۆ چوارشەممە 7ـى تشرینى یەکەمى 2026ـەوە دەکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

لە بودجەشدا جێگیر دەکرێت

ڕۆژی 4ـی تشرینی یەکەم دیلان غەفوور، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، لە ڕەشنووسی بودجەدا، بەهاى فەرمیی دۆلار بە 150 هەزار دینار جێگیرکراوە، گوتیشی، بڕیارەکە بەوشێوەیەیە لەمەودوا جیاوازی لە نێوان بەهاى فەرمیی دۆلار و بەهاى لە بازاڕدا نامێنێت بەهاى بازاڕ و نرخی حکومەت هەر بە 150 هەزار دینار دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، دیاریکردنی نرخی دۆلار بە 150 هەزار دینار، دەبێتە هۆکاری زیادبوونی بڕی20  تریلیۆن دینار بۆسەر بودجە، گوتیشی "لە پرۆژەیاسای بودجەدا، نرخی بەرمیلێک نەوت بە 58 دۆلار دیاریکراوە و  بودجەی خەمڵێنراو دەگاتە 218 تریلیۆن دینار".

کۆتاجار لە شوباتى 2023 دەستکارى بەهاى دۆلار کرا بوو، ئەوکات بەهاى 100 دۆلار کرا بە 130 هەزار دینار.

زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:

هۆکارى شڵەژانەکەى بازاڕ بەهۆى دۆلارەوە ئاشکرا بوو

کیژان مەحمود

2 کاتژمێر پێش ئێستا