ژمارەیەک ئەفسەر 56 هەزار پسوڵەیان ساختە کردووە
پووختەى هەواڵەکە
- دەستەى دەستپاکیى عێراق دۆسیەیەکى گەورەى گەندەڵى ئاشکرا کرد.
- ژمارەیەک ئەفسەر لە لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سەڵاحەدین تێوەگلاون.
- لە دۆسیەکەدا دزینى زیاتر لە دوو ملیار دینار ئاشکرا کراوە.
ڕاگەیێنراوێکى دەستەى دەستپاکیى عێراق بە کەناڵ8 گەیشتووە و تیایدا ئاماژە بەوە کراوە، تیمێک لە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی سەڵاحەدین، دوای پڕۆسەی بەدواداچوون ئاشکرای کردووە، بەرپرسی هۆبەی سزای دارایی و دزییەکان لە کۆمەڵگەی تۆمارکردنی مۆڵەت و ئۆتۆمبێل لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سەڵاحەدین کە ئەفسەرێکە بە پلەی عەقید و ئێستا لەسەر لێکۆڵینەوە دەستبەسەرە، دەستکاری 34 هەزار و 164 پسوڵی سزای دارایی کردووە، کە لەلای بووە و بڕی یەک ملیار و هەشت سەد و پەنجا و سێ ملیۆن و دوو سەد هەزار دیناری دزیوە.
بەشێک لە ئەنجامى لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکە:
- تیمەکە لە هاتوچۆى سەڵاحەدین توانیویانە دەست بەسەر ئەو پسوڵانەدا بگرن کە دەستکاری کرابوون و بڕە پارەکەیان دزرابوو.
- ئەفسەرێکی دیکە بە پلەی عەقید دەستبەسەرە و بڕی 339 ملیۆن و 135 هەزارى دزیوە.
- تیمەکە دەستی بەسەر 22 هەزار پسوڵەدا گرتووە.
لێکۆڵینەوە لە سێ ئەفسەرى دیکە:
ئەوەش ڕوونکراوەتەوە، لێکۆڵینەوەکان سێ ئەفسەری دیکەیان گرتووەتەوە، یەکێکیان بە پلەی عەمید و دوانەکەی دیکە بە پلەی عەقید، بەهۆی ئەوەی بڕە پارە و نێردراوەکانی سزای داراییان بە وردی وردبینی نەکردووە، ئەوەش بووەتە هۆی ئاشکرانەبوونی دەستکارییەکان، لە کاتێکدا ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوە بەردەوامن بۆ دەرخستنی هەموو لایەنەکانی دۆسیەکە و دیاریکردنی کەمتەرخەمەکان.
ڕاپۆرتی دەستبەسەرداگرتنی دروست بۆ ئەو بەڵگە و بەڵگەنامە و پسوڵەی دەستبەسەردا گیراوەكان لە دوو ئۆپەراسیۆنەکەدا، کە بە پشتبەستن بە بڕیارەکانی دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی سەڵاحەدین کە تایبەتە بە دۆسیەکانی دەستپاکی کراون.
زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:
3 کاتژمێر پێش ئێستا