حیزبى دەعوە داواى سنووردانان بۆ بەرزبوونەوەى دۆلار دەکات
پووختەى هەواڵەکە
- دەعوەی ئیسلامی یەکێکە لە پێکهێنەرەکانى حکومەتى عەلى زەیدى.
- نیگەرانى خۆى لە بەرزبوونەوەى هەڵاوسان پیشانداوە.
- حیزبى دەعوە داواى نەکردووە گۆڕانکارى بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار ڕابگیرێت.
مەکتەبی سیاسی حیزبى دەعوەی ئیسلامی بە سەرۆکایەتیى نوورى مالیکى بەبێ ئەوەى گۆڕانکارى لە بەهاى دینار ڕەتبکاتەوە، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات سنوورێک بۆ هەڵاوسان و بەرزبوونەوەى نرخەکەى لە بازاڕدا دابنێن.
ناوەڕۆکى ڕاگەیێنراوەکەى مەکتەبی سیاسی حیزبى دەعوەی ئیسلامی:
- بە نیگەرانییەوە بەدواداچوون بۆ کاریگەرییەکانی ناسەقامگیری و بەرزونزمى نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار دەکەین.
- بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان و دابەزینی توانای کڕینی هاوڵاتییانى لێدەکەوێتەوە.
- کاریگەری نەرێنی لەسەر دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەبێت.
"سنوورێک بۆ هەڵاوسان دابنرێت"
حیزبى دەعوەی ئیسلامی، لە کاتێکدا دان بەو هەلومەرجە سەختەدا دەنێت کە لە ئەنجامی شەڕی بەردەوامی ناوچەکە و کورتهێنانی دارایی هاتووەتە ئاراوە، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات هەرچى زووە ئەم بەرزبوونەوە بێ سەروبەرەییەی دۆلار ڕابگرێت و چارەسەری بەپەلە بۆ کۆنترۆڵکردنی کاردانەوەکانی بدۆزنەوە.
داواش دەکات چارەسەرکردنی قەیرانی ئابووری لەسەر حیسابی توانای هاوڵاتی بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان نەبێت. "پێویستە ڕەگوڕیشەی قەیرانەکان چارەسەر بکەین، بەرهەمی ناوخۆیی بەهێز بکەین، بەفیڕۆدان و گەندەڵی کەم بکەینەوە، هاوردەکردن ڕێکبخەین، چاودێری بازاڕ توندتر بکەین". حیزبى دەعوە واى گوتووە.
هەروەها داوا لە بازرگانان دەکات ئەو بارودۆخە سەختانەی ڕووبەڕووی هاوڵاتییان دەبنەوە لەبەرچاو بگرن، هاوکار بن لە تێپەڕاندنی ئەم هەلومەرجە پڕ لە ئاڵنگارییە و خۆیان لە چاوچنۆکى و قۆرخکاری بەدوور بگرن. بە بازرگانان دەڵێت "زۆرێکیان لە ڕابردوودا قازانجیان کردووە، ئەمڕۆش دەبێت بە دادپەروەری و یەکسانی مامەڵە بکەن و بەرپرسیارێتی نیشتمانی و ئەخلاقی خۆیان بەرامبەر گەلەکەمان هەڵبگرن".
گۆرانکارى لە بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار
ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق لە کۆبوونەوەى دوێنێى 6ـى تشرینى یەکەمدا بڕیاریدا گۆڕانکارى لە بەهاى دۆلار لە بەرامبەر دینار بکات، ئەوەش لەسەر بنەماى ڕاپۆرتى وەزیرى دارایى و پارێزگارى بانکى ناوەندى بووە.
- هەزار و 500 دینار بۆ یەک دۆلار بۆ کڕین لە وەزارەتى دارایى، واتە 100 دۆلار بە 150 هەزار دینار.
- هەزار و 510 دینار بۆ یەک دۆلار کە بە بانکەکان دەفرۆشرێت، واتە 100 دۆلار بە 151 هەزار دینار .
- هەزار و 520 دینار بۆ یەک دۆلار بۆ بازاڕ و هاوڵاتییان واتە 100 دۆلار بە 152 هەزار دینارە.
بڕیارەکەى ئەنجوومەنى وەزیران لە ئەمڕۆ چوارشەممە 7ـى تشرینى یەکەمى 2026ـەوە دەکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:
2 کاتژمێر پێش ئێستا