عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ئەنجوومەنی نوێنەرانە
پووختەى هەواڵەکە
- عەلی زەیدی: بۆ تێپەڕاندنی دۆخەکە سێ بژاردەمان لەبەردەمدا بوو
- زەیدی: بژاردەی یەکەم پاشەکەوتی ناچاری مووچە بوو
- زەیدی: بژاردەی دووەم دابەشکردنی مووچە هەموو 45 ڕۆژ جارێک بوو
- زەیدی: بژاردەی سێیەم پەنابردنە بەر قەرزی دەرەکی بوو
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ڕوونکردنەوەی هۆکاری دابەزاندنی بەهای دینار، چووە ئەنجوومەنی نوێنەران و ڕایگەیاند، تەنیا سێ بژاردەیان لەبەردەمدا بووە بۆ تێپەڕاندنی دۆخەکە و قەرزەکانی سەر عێراقیی ئاشکرا کرد و بەڵێنی زیادکردنی دابەشکردنی شایستەی جوتیاران و بەڵێندەرانی دا.
پاشگەزبوونەوە نییە
- زەیدی لەگەڵ فالح ساری، وەزیرى دارایی و نزار ناسڕ، پارێزگاری بانکی ناوەندی، ئێوارەی پێنجشەممە لە ئەنجوومەنی نوێنەران لەگەڵ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنەکە، سەرۆکی فراکسیۆنەکان و لیژنەی دارایی کۆبووەوە.
- باسی لە هۆکارەکانی دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار کرد.
- سەرۆکوەزیرانی عێراق باسیلەوە کردووە، کاتێک ئەرکەکەی وەرگرتووە، بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوت و داخستنی گەرووی هوورمزەوە، ئابووریی عێراق ئابڵوقە دراوە.
- بە گوتەی عەلی زەیدی، لەسەرەتای وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانەوە، قەبارەی قەرزە گشتییەکانی سەر عێراق 208 تریلیۆن دینار زیاتر بووە.
- لەگەڵ ئەوەشدا پێویست بووە حکومەت مانگانە 10 تریلیۆن دینار دابین بکات، سەرەڕای هەموو ئەو فشارانە توانیویانە مانگانە مووچە دابەش بکات.
- زەیدی: لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بڕێکی باش لە دۆلار دەگاتە عێراق و ئەوانیش دەیخەنە بازاڕەوە.
- زەیدی: پێشتر کۆمەڵێک هەلپەرست سوودیان لە جیاوازیی نرخی دۆلار بینیووە.
- سەرۆکوەزیرانى عێراق، بەڵێنیدا لە مانگی داهاتووەوە، دابەشکردنی شایستەی جوتیاران و بەڵێندەران بۆ دوو هێندە زیاد بکات.
- هەیبەت حەلبووسى، سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق ڕایگەیاند، پاشگەزبوونەوە لە بڕیاری دابەزاندنی نرخی دینار نییە.
- هەیبەت حەلبووسی: سەرۆکی فراکسیۆنەکان پشتیوانیی بڕیارەکە دەکەن.
لە ماوەکانى ڕابردوودا، شیروان دووبەردانی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاندبوو، ژمارەیەکی زۆر پەرلەمانتار داواى میوانداریی فالح ساری وەزیری دارایی عێراق و پارێزگاری بانکی ناوەندیان کرد، بەڵام هەڵوەشایەوە و بڕیاردرا میواندارى عەلى زەیدى و هەیبەت حەلبووسى بکرێت.
ئەم میواندارییە دواى ئەوە دێت حکومەتی عێراق لە بڕیارێکدا بەهای دیناری زیاتر لە 15% دابەزاند، بە پاساوی کەمکردنەوەی کورتهێنانی بودجە و یارمەتیدانی عێراق بۆ دەربازبوونی لەو قەیرانە داراییە سەختەی تێیکەوتووە.

زانیارى زیاتر بۆ تۆ
2 کاتژمێر پێش ئێستا