سەرۆککۆماری ئێران: سەرکەوتنی دانوستانەکان پەیوەستە بە دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی هەڕەشە و فشار

سامیا حەسەن 2 کاتژمێر پێش ئێستا
مەسعود پزیشکیان لە میانى پێشکەشکردنى وتارى وڵاتەکەى لە لووتکەی "کۆمەڵەی وڵاتە سەربەخۆکان" لە تورکمانستان
مەسعود پزیشکیان لە میانى پێشکەشکردنى وتارى وڵاتەکەى لە لووتکەی "کۆمەڵەی وڵاتە سەربەخۆکان" لە تورکمانستان

پووختەى هەواڵەکە

  • سەرۆککۆماری ئێران: سەرکەوتنی دانوستانەکان پەیوەستە بە دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی هەڕەشە و فشار
  • پزیشکیان: دانوستان و گفتوگۆکان ناگەنە هیچ ئەنجامێک ئەگەر ڕێز لە یەکدی گرتن و بەرژەوەندیی هاوبەشی تێدا پارێزراو نەبێت.
  • پزیشکیان: ئێران هەرگیز دەستبەرداری دیپلۆماسیەت نابێت.

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ئەمڕۆ هەینی لە لووتکەی "کۆمەڵەی وڵاتە سەربەخۆکان" لە تورکمانستان ڕایگەیاند، دانوستان و گفتوگۆکان ناگەنە هیچ ئەنجامێک ئەگەر ڕێز لە یەکدی گرتن و بەرژەوەندیی هاوبەشی تێدا پارێزراو نەبێت و دوور نەبێت لە هەر هەڕەشە و فشارێک


ناوەڕۆکى وتارەکەى پزیشکیان:

  • وڵاتەکەی هەرگیز دەستبەرداری دیپلۆماسیەت نابێت و هەمیشە دیپلۆماسیەتی بە ڕێگەی سەرەکی بۆ چارەسەری کێشەکان زانیوە.
  • سەرۆککۆماری ئێران جەختیکردەوە، "تاران بەردەوامە لە پێداچوونەوە و لێکۆڵینەوە لەو پێشنیازانەی لە نێوان وڵاتەکەی و واشنتن لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە ئاڵوگۆڕ دەکرێن".

مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ ئێران ڕایگەیاند، پلانێکی حەوت خاڵییان بە ئەمریکییەکان داوە بۆ کۆتاییهاتنی جەنگ و کردنەوەی گەرووی هوورمز، بەگوێرەی پلانی پێشنیازکراوی ئێران بۆ ئەمریکا، تاران مۆڵەتێکی حەوت ڕۆژە دەداتە ئەمریکا کە تێیدا بەگوێرەی پلانەکە، ڕۆژی شەشەم گەرووەکە دەکرێتەوە و لە ڕۆژی حەوتەمیشدا دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی دەستپێدەکەنەوە.

پێشتریش وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو، بۆ جێبەجێکردنی پلانەکە، دەبێت ئەمریکا گەمارۆکانی لەسەر بەندەرەکانی ئێران هەڵبگرێت و پارە بلۆککراوەکان ئازاد بکات و سزای سەر نەوتی ئێرانیش کۆتایی پێبهێنێت، ئەوە بوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هەر ئەو کات ڕایگەیاند، پلانەکەی ئێرانی قبوڵ نەکردووە.

زانیارى زیاتر بۆ تۆ

کۆشکی کریملن: کۆبوونەوەکەی پوتن و پزیشکیان هیچ پەیامێکی بۆ ترەمپ تێدا نەبووە

سامیا حەسەن

2 کاتژمێر پێش ئێستا