بەغداد زیاتر لە 10 ملیار دینار بۆ شایستەی دارایی جووتیارانی سلێمانی خەرج دەکات
پووختەی هەواڵەکە
- بەغداد 10 ملیار دینار بۆ جووتیارانى سلێمانى خەرج دەکات
- بەغداد 4.6 ملیار دینارى پارەى گەنمى 2025ـى جووتیاران خەرج دەکات
- بەغداد 5.4 ملیار دینارى پارەى گەنمى 2026ـى جووتیاران خەرج دەکات
حەیدەر نورى گەرعاوى، بەڕێوەبەرى گشتیى کۆمپانیاى بازرگانیى دانەوێڵە لە وەزارەتى بازرگانیى عێراق، ئەوەى خستووەتەڕوو، پشتیوانى دابینکردنى چوار ملیار و 602 ملیۆن دینار لە شایستەى جووتیارانى 2025 و پێنج ملیار و 435 ملیۆن دیناری شایستەى جووتیارانى 2026 بۆ لقى سلێمانى دەکەین.
بڕی پارەی شایستەی جووتیاران
بەغداد بڕیاریداوە 170 ملیار دینارى شایستەى دارایی جووتیارانى ساڵى ڕابردوو خەرج بکات کە لەو بڕە چوار ملیار و 602 ملیۆن دینارى بۆ جووتیارانى پارێزگاى سلێمانییە.
خەرجکردنى شایستە داراییەکان لەلایەن بەغدادەوە بۆ ساڵانى 2025 و 2026 بەگشتى دەگاتە 10 ملیار و 37 ملیۆن دینار، کە پاش گەیشتنى لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى بازرگانى و دانەوێڵەى سلێمانى دەست بە دابەشکردنى دەکرێت.
کەی چەکی پارەکە دابەشدەکرێت؟
نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەرى بازرگانیى سلێمانى بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند" چەکى بانکییەکان ڕاستاندنى بۆ کراوە و چاوەڕوانن لە چەند رۆژى داهاتوودا پارەکە بگاتە دەستیان و دابەشی بکەن.
جووتیارانى هەرێمى کوردستان، بۆ ساڵى 2026 بڕى زیاتر لە 390 هەزار تۆن گەنمیان ڕادەستى بەغداد کردووە، کە 292 تۆنى لە چوارچێوەى پلان و هەر تۆنێک بە 700 هەزار دینار و 108 هەزار تۆن لەدەرەوەى پلان، بۆ هەر تۆنێک 500 هەزار دینار تەرخانکراوە، کە 390 هەزار تۆنەکە زیاتر لە 250 ملیار دینار دەکات، کە بەغداد پێویستە بۆ جووتیارانى هەرێمى کوردستانى خەرج بکات.
زانیاریی زیاتر بۆ تۆ
هەفتەی داهاتوو دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیارانی سلێمانی دەستپێدەکات
دەرگای سایلۆکان کرایەوە؛ وردەکاریی وەرگرتنی گەنم و خەرجکردنی پارەی جووتیاران
2 کاتژمێر پێش ئێستا