حەسەکە بە دۆخێکی ئەمنی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت و ڕێگری لە پێکدادانی نێوان پێکهاتەکان دەکرێت

رێبوار حەمەوەیس 2 کاتژمێر پێش ئێستا
ساتی لابردنی تابلۆی عەرەبیی سەر باڵەخانەی دادگای حەسەکە
ساتی لابردنی تابلۆی عەرەبیی سەر باڵەخانەی دادگای حەسەکە

پووختەی هەواڵەکە

  • دوو ڕۆژە پارێزگاى حەسەکە بە دۆخێکى ئەمنى ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت
  • عەرەبەکانى حەسەکە دەیانەوێت دەسەڵاتى دەوڵەت بەسەر شارەکەدا بسەپێنێنن
  • عەرەبەکانى حەسەکە داواکەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە شارەکەدا نەمێنێت
  • ئێوارەى پێنجشەممە بە تەقەى هێزە ئەمنییەکان ژمارەیەک گەنجى کورد برینداربوون

ماوەى دوو ڕۆژە پارێزگاى حەسەکەى ڕۆژئاواى کوردستان، بە دۆخێکى ئەمنى ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، هاوڵاتییانى عەرەبى گەڕەکى غوێران و ناوچەکانى دیکەى حەسەکە، بۆ نەهێشتنى سیماى بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و سەپاندنى دەسەڵاتى دەوڵەت، هێرش و پەلامارەکانیان بۆ سەر گەڕەک و سیمبولە کوردییەکانى شارەکە دەستپێکردووە.


لە حەسەکە چی ڕوو دەدات ؟

دواى ئاڵۆزییەکانى ڕۆژى پێنجشەممە، کە ژمارەیەک گەنجى کورد بە تەقەى هێزەکانى ئاسایشى گشتیی حکومەتى سووریا برینداربوون، ئەمڕۆ دواى نوێژى هەینى، سەدان کەس بە دەیان ئۆتۆمبێل لە ناوچەى شەدادییەوە هاتنە ناو شارەکە و بەنیازبوون لەگەڵ عەرەبەکانى دیکەى شارەکە، پەلامارى گەڕەکە کوردییەکانى وەک (موفتى و تلحەجەر و ساڵحیە) بدەن.

بەر لەوەى خۆپیشاندەران نزیکببنەوە لە گەڕەکە کوردییەکان، لەلایەن هێزەکانى ئاسایشى گشتییەوە ڕێگرییان لێکرا و بە گازى فرمێسکڕێژ بڵاوەیان پێکرا.

هاوکات، ژمارەیەکى زۆر لە هێزەکانى ئاسایشى ناوخۆى حەسەکە کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرن، لە گۆڕەپانى (ئاشتى- کەڤوک) و گەڕەکە کوردییەکان بڵاوەیان پێکراوە و خراونەتە حاڵەتى ئامادەباشییەوە.

عەرەبەکان چییان دەوێت؟

ئاڵۆزییەکانى ئەمڕۆ هەینى درێژکراوەى ئەو ئاڵۆزییانەیە کە ڕۆژى پێنجشەممە، عەرەبەکانى گەڕەکى غوێران دروستیانکرد.

ڕۆژى پێنجشەممە عەرەبەکانى گەڕەکى غوێران، پەلامارى ئاڵا و سیمبولە کوردییەکانیان دا، دواتریش لە ڕێوشوێنێکى ئەمنیدا ئاڵاى سووریایان لە بەردەم کۆشکى داد لە حەسەکە هەڵکرد، عەرەبەکان هەر بەوە نەوەستان، بەڵکو دەیانویست کوردانى شارەکە بە ڕەفتارى شۆڤێنییانە بجوڵێنن و کاردانەوەیان هەبێت.

هەروەها ئێوارەى ڕۆژى پێنجشەممە، ژمارەیەکى زۆرى هاونیشتمانییانى کورد بە ئاڵاى کوردستانەوە ڕژانە سەر شەقامەکان و ناڕەزایی خۆیان دژى ڕەفتارى گەنجانى عەرەب و هێزەکانى ئاسایشى گشتیى سەر بە حکومەتى سووریا دەربڕى.

هێزەکانى ئاسایشى گشتی بۆ بڵاوەپێکردنى خۆپیشاندانى گەنجانى کورد، هێزێکى زۆریان بردە ناو خۆپیشاندەران و هەوڵیاندا بە تەقەى هەڕەمەکى بڵاوە بە خۆپیشاندانەکە بکەن، بەڵام گەنجانى کورد ڕژدبوون لەسەر خۆپیشاندانەکەیان و هێزە ئەمنییەکانیان ناچار بە پاشەکشە کرد.

هاوکات، بەهۆى تەقەى هەڕەمەکى هێزەکانى ئاسایش، ژمارەیەک گەنج برینداربوون و بۆ چارەسەر ڕەوانەى نەخۆشخانە کران.

هەوڵی کۆنترۆڵکردنی گرژییەکان

ڕووداوەکانى ئەمڕۆ ترس و نیگەرانى لاى هاوڵاتییان و بەرپرسان دروستکردووە، هێزە ئەمنییەکان هەوڵدەدەن بەر بە ئاڵۆزییەکان بگرن، چونکە ئەگەر ئاڵۆزییەکان لە حەسەکە کۆنترۆڵنەکرێن دەگوازرێتەوە بۆ قامیشلۆ و عامودا و ترپەسپى و ناوچە کوردییەکانى دیکە.

هەروەها لایەنەکان هەوڵدەدەن، ئەمجۆرە کردەوانە کاریگەرییان لەسەر پرۆسەى تێکەڵاوبوون نەبێت و مافى هەموو پێکهاتەکان پارێزراو بێت.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

شەوى ڕابردوو گەنجانى کورد لە حەسەکە خۆپیشاندانیان کرد

ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی شەهید سیپان حەسۆ لە لەشاری حەسەکە

رێبوار حەمەوەیس

2 کاتژمێر پێش ئێستا