شاندی ئیمراڵی و دەوڵەت باخچەلی لەسەر پرۆسەی چارەسەری کۆبوونەوە

محەمەد عەلی 2 کاتژمێر پێش ئێستا
ئەندامانی شاندی ئیمراڵی پێکهاتوون لە پارێزەر ئۆزگور فایەق ئەرۆڵ و میدحەت سانجار و پەروین بوڵدان
ئەندامانی شاندی ئیمراڵی پێکهاتوون لە پارێزەر ئۆزگور فایەق ئەرۆڵ و میدحەت سانجار و پەروین بوڵدان

پووختەی هەواڵەکە

  • شاندی ئیمڕاڵیی پارتی دەم و دەوڵەت باخچەلی کۆبوونەوە
  • شاندەکە و باخچەلی بیروڕایان لەبارەی پرۆسەکە ئاڵوگۆڕکردووە

پاش کۆبوونەوەی دوێنێیان لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) لە پەرلەمانی تورکیا، ئەمڕۆ ئەندامانی شاندی ئیمراڵی لە باڵەخانەی پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی کۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا، بیروڕا لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی چارەسەریی ئاڵوگۆڕکراوە و هەنگاوەکانی داهاتوو خراونەتە بەرباس.


شاندەکە لە کێ پێکهاتووە ؟

  • پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری پارتی دەم و بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا.
  •  میدحەت سانجار، پەرلەمانتاری پارتی دەم.
  • فایەق ئۆزگور ئەرۆڵ، پارێزەری عەبدوڵڵا ئۆجەلان.

ڕۆڵی پەرلەمانی تورکیا

دوێنێ شاندی ئیمراڵیی پارتی دەم لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) کۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی قۆناغی ئێستای پرۆسەکە و پێکهێنانی لیژنەی چاودێری لە پەرلەمان لە چوارچێوەی یاسای چوارچێوەدا، تاوتوێ کراوە.

چاوەڕوان دەکرێت نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا سەبارەت بە پێکهێنانی لیژنەی چاودێری لەگەڵ نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان کۆبێتەوە.

کاری لیژنەکە چی دەبێت؟

بەگوێرەی یاسای چوارچێوە، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا بە مەبەستی چاودێریکردنی چالاکییەکان و پرۆسەکە، لیژنەیەکی چاودێری پێکدەهێنێت.

لیژنەکە چاودێری ئەو چالاکییەکانە دەکات کە لە چوارچێوەی یاساکەدا بەڕێوەدەچن و لەوبارەیەوە ڕاسپاردە پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکات.

کۆبوونەوەکەی کورتوڵموش لەگەڵ هەماهەنگیکاری فراکسیۆنی پارتەکانی بەشدار لە لیژنەی هاودەنگیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی دەبێت کە لە چوارچێوەی پرۆسەکەدا پێکهات و ڕاپۆرتی خۆی لە ناوەڕاستی شوباتی ڕابردوودا پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد.

چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەکاندا پەیکەر، پێکهاتە و بنەماکانی کارکردنی لیژنەی چاودێری تاوتوێ بكرێن.

ئاکپارتی داوایکردووە لەجیاتی پێکهێنانی لیژنەیەکی گەورە و فراوان، لیژنەی چاودێریی بچووکتر بێت و ئاماژە بەوە دەکرێت لیژنەکە لە 15، 7 یان 20 ئەندام پێکدێت.

پارتە سیاسییەکان بەشداردەبن

پێشبینی دەکرێت ئەو پارتە سیاسییانەی فراکسیۆنیان لە پەرلەمانی تورکیا هەیە، بەگوێرەی ڕێژەی نوێنەرایەتییان لە پەرلەماندا، ئەندامیان لە لیژنەکەدا هەبێت.

چاوەڕوان دەکرێت ئەم بابەتە لە کۆبوونەوەکانی نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ نوێنەرانی پارتە سیاسییەکاندا یەکلا بێتەوە.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

شاندی ئیمراڵی بۆ تاوتوێکردنی پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ ئۆجەلان کۆدەبێتەوە

باخچەلی بە شاندی ئیمراڵیدا سڵاوی بۆ ئۆجەلان نارد

محەمەد عەلی

2 کاتژمێر پێش ئێستا