هێزەکانی حکومەتی یەمەن کۆنترۆڵکردنی گەرووی بابولمەندەبیان ڕاگەیاند
پووختەی هەواڵەکە
- سعودیە کۆنترۆڵکردنی بابولمەندەبی لەلایەن حکومەتی یەمەنەوە ڕاگەیاند
- سەرچاوەیەکی یەمەنی: هێزەکانی حکومەت بابولمەندەب و دوورگەی مەیونیان کۆنترۆڵ کرد
محەممەد ئەلجابر، باڵیۆزی سعودیە لە یەمەن لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی: "هەینییەکی پڕ بەرەکەت و سەرکەوتن بۆ هەموو یەمەنی و عەرەبێک، بابولمەندەب لە پاشماوەی حوسییەکان پاککرایەوە".
گەروو و دوورگە سترایتیجییەکە
ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازیی یەمەنەوە بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنێکدا بە ناوی 'بەرەبەیانی یەمەن'، سەرلەبەیانیی هەینی، هێزەکانی حکومەتی یەمەن هێرشی بەرفراوانیان بۆ سەر ناوچە کەناراوییەکان لە گەرووی بابولمەندەب و ڕۆژئاوای یەمەن ئەنجامداوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزەکانی حکومەتی یەمەن سەربازگەی ئەلعەرزی، خاڵەکانی چاودێریی پاسەوانیی کەناراوەکان و زنجیرە چیاکان کە دەڕوانن بەسەر گەرووی بابولمەندەبدا کۆنترۆڵ کردووە و لەئێستاشدا دوورگەی مەیون بە تەواوی لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی حکومەتی یەمەندایە و بەشێک لە چەکدارانی حوسییەکانیش خۆیان ڕادەستی هێزەکانی حکومەتی یەمەن کردووە.
حوسییەکان لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولدا دەستیان بەسەر دوورگەی مەیوندا گرت، بەدرێژایی کەنارەکانی ڕۆژئاوا لە شارەکانی موخا و زووبابەوە پێشڕەوییان کرد و کۆنترۆڵکردنی گەرووی بابولمەندەبیان ڕاگەیاند.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
2 کاتژمێر پێش ئێستا