یەکێتیی ئەورووپا هۆشداری دەداتە تورکیا: پاشەکشەی دیموکراسی خەونی ئەندامێتیتان لاواز دەکات
پووختەی هەواڵەکە
- یەکێتیی ئەورووپا: پێشێلکارییەکانی تورکیا پڕۆسەی ئەندامێتى لە یەکێتییەکە پەکخستووە
- ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ تورکیا بە پاشەکشەکردن لە مافە دیموکراتییەکان تۆمەتبار دەکەن
یەکێتیی ئەورووپا، نیگەرانیی قووڵی خۆی سەبارەت بە ستانداردە دیموکراتییەکان لە تورکیا دەربڕی و هۆشداری دا سەرکوتکردنی مافەکان، هەوڵە درێژخایەنەکانی ئەنقەرە بۆ بوون بە ئەندام لە یەکێتییەکە لاوازتر دەکات.
مارتا کۆس، کۆمیسیاری فراوانکردنی یەکێتیی ئەورووپا:
- نیگەرانییەکانمان سەبارەت بە ستانداردە دیموکراتییەکان وەکو خۆی ماونەتەوە.
- نوێترین پێشهاتەکان کە کاریگەرییان لەسەر ئازادیی میدیا،دیموکراسیی ناوخۆیی هەیە، بۆشایی ئامانجی تورکیا بۆ پەیوەندیکردن بە یەکێتیی ئەورووپاوە فراوانتر دەکەن.
- ڕاپۆرتی ساڵانەی فراوانبوونی یەکێتییەکە، کە بڕیارە لە 28ـی تشرینی یەکەمدا بڵاوبکرێتەوە، نیگەرانییە جددییەکانی ئێمە لەم بوارانەدا دەخاتەڕوو.
ئازادییە مەدەنییەکان تەسکدەبنەوە
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، چەندین جار تورکیایان بە پاشەکشەکردن لە مافە دیموکراتییەکان تۆمەتبار کردووە، ئاماژەیان بە فشارخستنە سەر میدیا سەربەخۆکان، دادگاییکردنی ڕۆژنامەوانان، سیاسەتمەدارانی ئۆپۆزسیۆن و زیادبوونی سنووردارکردنی ئازادییە مەدەنییەکان کردووە.
دەمێکە تورکیا هەوڵدەدات
هەوڵەکانی تورکیا بۆ پەیوەندیکردن بە یەکێتیی ئەورووپا کە لە ساڵی 2005ـەوە دەستیپێکردووە، بە چەقبەستوویی ماوەتەوە.
گفتوگۆکان لەگەڵ تورکیای ئەندامی ناتۆ، سەبارەت بە پەیوەندیکردنی بە یەکێتیی ئەورووپاوە تا ڕادەیەکی زۆر گەیشتووەتە بنبەست، بەتایبەتی بەهۆی نیگەرانییەکانی برۆکسل سەبارەت بە پاشەکشەی دیموکراسی، سەروەریی یاسا و مافە بنەڕەتییەکان لەو وڵاتە.
لە مانگی ئابدا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، بەئەندامبوونی تورکیای لە یەکێتیی ئەورووپا بە بابەتێکی لاوەکی ناوبرد، هەرچەندە ئەنقەرە دەرگای بوون بە ئەندامی دانەخستووە.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
ئەردۆغان: جەخت لە خواستمان بۆ ئەندامێتی لە یەکێتیی ئەوروپا دەکەینەوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا