عێراق هاوردەکردنی کارەبای تورکیا بۆ 600 مێگاوات زیاد دەکات

شۆڕش محەمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
لۆگۆی وەزارەتی کارەبای عێراق
لۆگۆی وەزارەتی کارەبای عێراق

پووختەی هەواڵەکە

  • کارەباى عێراق: ڕۆژانە لە تورکیاوە 600 مێگاوات کارەبا هاوردە دەکەین
  • کارەباى عێراق: پلانمان هەیە هاوردەکردنى کارەبا لە تورکیا بگەیەنینە دوو هەزار مێگاوات

ئەحمەد ترکى جەیاد، گوتەبێژى وەزارەتى کارەباى عێراق بە ئاژانسى هەواڵى عێراقى ڕاگەیاند، یەکێک لە تەوەرەکانی پلانی بەهێزکردنی دابینکردنی سیستمی نیشتمانی بریتییە لە بەستنەوەى کارەباى عێراق بە وڵاتان، چونکە وەزارەت کار لەسەر پڕۆژەکانی بەستنەوەى کارەبا بە کەنداو، تورکیا و ئوردن دەکات، جگە لە بەستنەوەى کارەبا لەگەڵ سعودیە. 


گوتەبێژى وەزارەتى کارەباى عێراق:

  • بەشى عێراق لە پڕۆژەى بەستنەوەى کارەباى کەنداو بەیەکەوە لە ئێستادا بەڕێژەى نزیکەى 98% تەواو بووە.
  •  تواناى هێڵەکە 500 مێگاواتە لە کاتێکدا ئەوەى ماوە تەواو بکرێت بریتییە لەو بەشەى کە دەکەوێتە لاى وڵاتى کوەیتەوە.
  • کارکردن لە بەشی کوەیتدا بەهۆی ئەو ڕووداوانەی ناوچەکە پێیدا تێپەڕ دەبێت وەستاوە.
  •  هیوادارین بۆ دەستپێکردنەوەى کارکردن لە پڕۆژەکەدا دانوستانەکان لەگەڵ لایەنى کوەیتى دەستپێبکاتەوە.
  • لە کاتى سەردانەکەى عەلى زەیدى بۆ تورکیا داوا لە لایەنى تورکى کرا بڕی هاوردەکراو بۆ عێراق بە بڕی 300 مێگاوات زیاد بکەن و ئەو بڕە لە ئێستادا چووەتە ناو سیستمی نیشتمانییەوە.
  • لە ئێستادا عێراق ڕۆژانە 600 مێگاوات لە لایەنی تورکییەوە هاوردە دەکات .

چارەسەری کێشەی کارەبا

ئەحمەد ترکى ئاماژەی بە بوونی ڕێککەوتنێک کرد لە قۆناغى دووەمدا لەگەڵ تورکیا بۆ بەرزکردنەوەى هاوردەکردنى کارەبا لەو وڵاتەوە بۆ نزیکەی دوو هەزار مێگاوات.

سەبارەت بە بەستنەوەى کارەباى ئوردنیش، گوتەبێژەکەى وەزارەتى کارەبا ئاماژەى بەوە کرد، لە لایەنی ئوردنەوە 50 بۆ 100 مێگاوات وەرگیراوە و گرێبەستەکە لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولی ڕابردوودا کۆتایی هات، بەو هیوایەى لە هاوینی ساڵی داهاتوودا نوێ بکرێتەوە.

سەبارەت بە پڕۆژەی  بەستنەوەى کارەبا لەگەڵ سعودیەش، گوتەبێژەکەى وەزارەت جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، پلانی تایبەت بە پڕۆژەکە دانراوە و دانوستانەکان لەگەڵ لایەنی سعودی لەم بارەیەوە دەستیپێکردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆژەکە لە یەکەم قۆناغیدا ئامانجی گواستنەوەی نزیکەی دوو هەزار مێگاواتە و ماوەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە بە نزیکەی 24 مانگ خەمڵێنراوە.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

عێراق بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ 35 هەزار مێگاوات زیاد دەکات

بە فەرمانی زەیدی گاز بە 400 دینار بۆ مۆلیدە ئەهلییەکانی عێراق دابیندەکرێت

شۆڕش محەمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا