پارتی دەم داوا لە سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دەکات پەلە لە پێکهێنانی لیژنەی چاودێری بکات

محەمەد عەلی 1 کاتژمێر پێش ئێستا
ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان (پارتی دەم)،
ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان (پارتی دەم)،

پووختەی هەواڵەکە

  • پارتی دەم: داوا لە سەرۆکی پەرلەمان دەکەین بە زووترین کات لیژنەی چاودێریی پرۆسەکە پێبکبهێنێت
  • دۆغان: دەبێت ناڕوونییەکانی پەیوەست بە پرۆسەکە بڕەوێندرێنەوە

ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی پارتی دیموکراسیی و یەکسانیی گەلان (پارتی دەم) لەمیانی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانییدا داوای لە سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کرد، کارەکانی پێکهێنانی لیژنەی چاودێریی خێرابکات.


ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی پارتی دەم :

  • لە ئێستا بەدواوە پێویستە ناڕوونییەکانی پەیوەست بە جێبەجێکردنی یاسای چوارچێوە کۆتاییان پێبهێنرێت.
  • واتە ئەوەی کەی یاساکە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، چۆن دەبێت، ئەنجوومەنی باڵا چۆن کار دەکات؛ کارکردنی لیژنە لاوەکییەکانی سەربە ئەنجوومەنەکە، ئەندامەکانی، و ئەو کارانەی کە دەبێت بكرێن، ڕوونبکرێتەوە.
  • لەمەودوا پێویستە پرۆسەکە بە خێرایی بەرەو پێشەوە بچێت.
  • لێرەوە بانگەوازێک ئاڕاستەی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دەکەین، پێویستە کارەکانی دامەزراندنی لیژنەی چاودێری کە لە یاسای چوارچێوەدا هاتووە، بەشێوەیەک تەواو بکرێن .
  • دەبێت لیژنەکە گشتگیری و فرەیی تێدا کرابێت و بە جۆرێک بێت پشتگیری لە پرۆسەکە بكات و بەهێزی بكات.
  • بەپێویستی دەزانین نوعمان کورتوڵموش سەردانەکانی بەمەبەستی کۆبوونەوە و دیدار لەگەڵ پارتە سیاسییەکان تەواو بکات، پێشنیازەکانیان وەربگرێت.

یاسای چوارچێوە چۆن جێبەجێ دەکرێت؟

پاشخانی ئەم داواکارییەی پارتی دەم بۆ خێراکردنی ڕێکارە یاساییەکان لە چوارچێوەی ئەو پەرەسەندنە مێژووییانەدا دێت کە پەرلەمانی تورکیا لە 18ی ئابی 2026دا یاسای "بەهێزکردنی هاودەنگیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتیی پەسند کرد، کە ناسراوە بە یاسای چوارچێوە بۆ ڕێکخستنی پرۆسەی ئاشتی نوێ لە وڵاتەکەدا .

ئەم یاسایە دوای ئەوە هات کە لە سەرەتای ساڵی 2025دا عەبدوڵڵا ئۆجەلان بانگەوازی چەکدانانی ئاڕاستەی پەکەکە کرد و پارتەکەش لە کۆنگرەیەکی فەرمیدا کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی ڕاگەیاند، بەمەش پرۆسەکە پێویستی بە دامەزراندنی دەستەیەکی چاودێری و لیژنەی پەرلەمانیی گشتگیر هەیە بە سەرۆکایەتی جەودەت یەڵماز، جێگری سەرۆککۆمار، بۆ بەڕێوەبردنی قۆناغی گواستنەوە.

هەوڵەکانی شاندی ئیمراڵی

لە لایەکی دیکەوە، ئەم بانگەوازە هاوکاتە لەگەڵ زنجیرە دیدارە فەرمییەکانی شاندی ئیمراڵیی پارتی دەم لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی ئاکپارتی و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، لەناو باڵەخانەی پەرلەماندا بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی داهاتووی چەسەپاندنی ئاشتی .

نیگەرانییەکانی پارتی دەم لە سستیی ڕێکارەکان لە کاتێکدایە کە پرۆسەکە لە لایەکەوە ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی سەرکردە کوردەکانی وەک ئەحمەد تورک بووەتەوە بەهۆی بەردەوامیی سیستەمی قەیووم و ئازادنەکردنی زیندانیانی سیاسی وەک سەڵاحەددین دەمیرتاش .

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

جووڵەی مەیدانی بۆ پڕۆسەی ئاشتی؛ سەرۆکی پەرلەمان و 81 پارێزگار و فەرماندە ئەمنییەکانی تورکیا کۆدەبنەوە

ڕاپرسییەک: 45.5%ـی خەڵکی تورکیا پشتیوانی لە یاسای پڕۆسەی ئاشتی ناکەن

محەمەد عەلی

1 کاتژمێر پێش ئێستا