کارەسات لە سودان؛ ٣٠ ژن و منداڵ لە هێرشێکی درۆنیدا لە نزیک کانێکی زێڕ کوژران
پووختەی هەواڵەکە
- لە هێرشێکی درۆنیدا لە لایەن هێزەکانی پشتیوانیی خێرای سودان 26 ژن کوژران
- لە هێرشەکەدا چوار منداڵیش کوژراون و شەڕەکەش بەردەوامە
مەحگوب ئەلشێخ، پارێزگاری واد ئەلماهی بە ئاژانسە فەڕەنسییەکەی ڕاگەیاندووە، درۆنەکە لە پارێزگای واد ئەلماهیی سەر بە ویلایەتی نیلی شین تەقیووەتەوە، کە نزیکە لە سنوورەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی سودان لەگەڵ ئەسیوپیا، ئەم ناوچانەش لە ئێستادا هێڵی گەرمی شەڕی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرای ئەو وڵاتەن، پەڕینەوەی ئاڵۆزییەکان بۆ ناوچە سنوورییەکان، مەترسیی فراوانبوون و گۆڕینی بۆ شەڕێکی هەرێمی لێدەکرێت.
سڤیلەکان قوربانین
شایەتحاڵێک لە کەمپێکی ئاوارەکانی ئەبو شێندی بە فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، بە دەستی خۆیان تەرمی 26 ژن و چوار منداڵیان بە خاک سپاردووە.
نزیک بەو کامپە کانێکی زێڕی نایاسایی هەیە، کە ڕۆژانە ژنان و منداڵان کاری تێدا دەکەن، درۆنەکە لەو ناوچەیە تەقیووەتەوە و هەر بەم هۆکارەش سەرجەم قوربانییەکانی ژن و منداڵ بوون.
بە گوێرەی ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سودان لە مانگی نیسانی ساڵی 2023، زیاتر لە 200 هەزار کەس کوژراون، بەڵام ئامارە نافەرمییەکان باس لە کوژرانی دوو هێندەی ئەو ژمارەیە دەکەن، لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا گەورەترین قەیرانی برسێتی و ئاوارەیی لە جیهان لە سودان درووست بووە، ئەمە جگە لە ئاوارەبوونی زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی وڵاتەکە.
زانیاریی زیاتر بۆ تۆ
نەتەوەيەکگرتووەکان: لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵ لە سودان 880 کەس کوژراون
2 کاتژمێر پێش ئێستا