هێزەکانی عمالقەی باشوور کێن کە حوسییەکانیان لە گەرووی بابولمەندەب دەرپەڕاند؟
پووختەى ڕاپۆرتەکە
- پێکهاتەیەکی سەربازیی یەمەنیی خاوەنی پاشخانی سەلەفین.
- لە ساڵی 2015 بۆ شەڕکردن لە دژی ئەنساڕوڵای حوسییەکان دامەزراوە.
- لە ساڵی 2022 فەرماندەکەیان عەبدولڕەحمان مەحرەمی کرایە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ڕاگوزەری باشوور.
- ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەمەنە کە نوێنەرایەتیی حکومەتی دانپێدانراوی یەمەن دەکات.
پێش پێشڕەوییەکانی ئەم دواییەی حوسییەکان بەرەو ناوچەکانی بابولمەندەب و پارێزگای تەعز، لیواکانی عمالقە لە ڕووبەڕێکی فراوانی یەمەندا بڵاوببوونەوە کە لە لەحج و بابولمەندەبەوە درێژدەبووەوە بۆ زاڵع، شەبوە و ئەبیەن و بەشێک لە ناوچەکانی پارێزگای مەئرەب.
لە پێنجی تشرینی یەکەمی 2026ـەوە لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئۆپراسیۆنی سەربازی بە پاڵپشتی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی سعودیە لە دژی حوسییەکان، جارێکی دیکە ناوی هێزە هاتەوە ناو دیمەنەکە و ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە دووبارە کۆنتڕۆڵکردنەوەی گەرووی بابولمەندەب و دوورگەی مەیون وەک ئەوەی حکومەتی یەمەن ڕایگەیاندووە.
ناونان
- ناوی "عمالقە" پاشخانێکی سەربازیی کۆنی هەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو.
- ئەو ناوە لە لیوایەکی تایبەت لە باکووری یەمەن نرابوو، لە ماوەی سەرۆکایەتیی ئیبراهیم حەمدی سەرۆکی کۆچکردوودا.
- لە ساڵی 1978 بەشێک لە ئەندامانی لیواکە بۆ وەرگرتنی ڕاهێنانی تایبەت ڕەوانەی عێراق کران.
- لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی هاوکاریی سەربازی لەنێوان عێراق و یەمەن بوو.
- لە دوای یەکگرتنەوەی یەمەن لە ساڵی 1990، لیواکە لە پارێزگای ئەبیەن جێگیر بوو.
- ژمارەی ئەندامەکانی گەیشتە نزیکەی 10 هەزار چەکدار.
- لە ماوەی جەنگی 1994 ڕۆڵی یەکلاکەرەوە بینی لە کۆنتڕۆڵکردنی شاری عەدەن.
دامەزراندن
بەگوێرەی سەرچاوە ڕۆژنامەوانییە عەرەبییەکان، گەنجانی سەلەفی بناغەی دامەزرێنەری هێزەکانی عمالقە بوون بۆ شەڕکردن لە دژی حوسییەکان لە شاری عەدەن لە ساڵی 2015 تاوەکو کۆنتڕۆڵکردنی شاری مەخا لە ساڵی 2017.
عەبدولڕەحمان مەحرەمی فەرماندەی هێزەکە کە ناسراوە بە " ئەبو زرعە" دەرچووی پەیمانگەیەکی سەلەفییە لە دماج و پێش ئەوەی تێکەڵ بە کاری سەربازیی ببێت لە شاری عەدەن هەنگوینی فرۆشتووە.
زۆربەی چەکداران و فەرماندەکانی هێزەکە خەڵکی ناوچەکانی باشووری یەمەنن و بەگوێرەی زانیارییەکان لە 16 لیوا پێکهاتوون کە ژمارەی چەکدارەکانی هەر لیوایەک 1800 بۆ 3600 کەسە و بە گشتی ژمارەی ئەندامانی هێزەکە زیاترە لە 30 هەزار چەکدار.
پاڵپشتیی ئیمارات
لە دوای ئۆپراسیۆنی گەردەلوولی حەزم لە 25ـی ئازاری 2015 لەلایەن وڵاتانی هاوپەیمانیی حکومەتی یەمەن بە سەرۆکایەتیی سعودیە، ژمارەیەک یەکەی سەربازی لە دژی حوسییەکان پێکهێنران.
ئیمارات وەک یەکێک لە وڵاتەکانی پێکهێنەری هاوپەیمانێتییەکە، پشتیوانی هێزە سەلەفییەکانی کرد و پرچەکیکردن ئەوەش بە دوو ئاڕاستە، یەکەمیان لە ڕێگەی پشتێنەى ئەمنییەوە کە لە ساڵی 2015 دروستکرا، دووەمیان پێکهێنانی لیوا سەربازییەکان کە هێزەکانی عمالقە بڕبرەی پشتی ئەو لیوا سەربازییانە بوون.
لە ساڵی 2022، بەرپرسێکی هێزەکانی عمالقە بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتوە، " ئیماراتی پشتیوانیی سەربازیی گەورەیان دەکات لە پڕچەککردن و دابینکردنی کەرەستەی جەنگی و پشتیوانیی ئاسمانی و وشکانی لە ئۆپراسیۆنەکانیاندا".
زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:
2 کاتژمێر پێش ئێستا