پڕۆژەی ڕووناکی: تەنیا 8 ڕۆژ ماوە بۆ داشکاندنی قەرزی کارەبا و پاشان بڕینی کارەبا دهستپێدهکات
پووختەی هەواڵەکە
- پڕۆژەى ڕووناکى ڕایگەیاند، تەنیا هەشت ڕۆژ بۆ داشکاندنى قەرزى کۆنى پێش ڕووناکى ماوە.
- لە دوای 19ـی مانگەوە دەبێت هاوبەشان بەقیست قەرزی کۆن لەگەڵ پارەی ڕووناکی بدەنەوە.
- زانیاریى کەناڵ8: نزیکەى 550 ملیار دینارى قەرزى کۆنى کارەبا گەرێندراوەتەوە بۆ حکومەت.
تەنیا هەشت رۆژ بۆ داشکاندنى قەرزى کۆنى پێش ڕووناکى ماوە و لە 19ـى ئەم مانگە ئۆتۆماتیکى داشکاندنەکە کۆتایی دێت و پاش ئەو وادەیە پێویستە ئەوانەى قەرزى کۆنیان لاماوەو نەیانگەڕاندووەتەوە بۆ حکومەت لەگەڵ پارەى پرۆژەى ڕووناکى لە ماوەى 50 ڕۆژدا پارەکە بدەن، ئەگەر نا ئۆتۆماتیکى کارەباکەیان دەکوژێندرێتەوە.
نووسینگەى سەرەکى پڕۆژەى ڕووناکى ئەوەی دووپاتدەکەنەوە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە 24ـى ئەیلول تاوەکو کاتژمێر 12:00ـى شەوى 18ـى تشرینى یەکەم وەک دووەم دەرفەت، داشکاندنى قەرزى کۆنى بۆ ماوەی 25 ڕۆژ نوێ کردەوە، کە بۆ هاوبەشانى ماڵان و کشتوکاڵى 50% و بۆ پیشەوەران و پیشەسازى بچووک 25% بووە.
پڕۆژەى ڕووناکى:
- ئامانجی حکومەت ئەوەیە زۆرترین هاوبەشی کارەبا لەم ئاسانکارییە لەڕووى داراییەوە سوودمەند ببن.
- لە 19ـی تشرینی یەکەم، واتا پاش هەشت ڕۆژى دیکە وادەی داشکاندنەکە کۆتایی پێدێت و پاش ئەوە دانەوەی قەرزەکان ڕاستەوخۆ بە ئۆتۆماتیکی لەگەڵ پرۆژەی ڕووناکی دەبێت.
- بۆ هەموو ئەو هاوبەشانەى قەرزى کۆنییان لا دەمێنێت ، پێویستە لە ماوەى 50 رۆژدا، پارەى پرۆژەى ڕووناکى و قەرزى کۆن پێکەوە بدەنەوە، ئەگەر پارەکە نەدەن ئۆتۆماتیکى کارەباکەیان دەکوژێننەوە.
- بۆ هاوبەشانی ماڵان و کشتوکاڵ ماوەی دانەوەی قەرزە کۆنەکە تاوەکو 24 مانگ دەبێت و کەمترین قیستی مانگانە 20 هەزار دینار دەبێت، هاوکات بۆ هاوبەشانی بازرگانیی بچووک دەبێت لە ماوەی 12 مانگدا قەرزەکە بدەنەوە بە قیستی مانگانەی 20 هەزار دینار.
- بۆ هاوبەشانی بازرگانیی گەورە و پیشەسازیی گەورەش، ماوەی گەڕاندنەوەی قەرزەکان شەش مانگ دەبێت و قیستی مانگانەیان لە 200 هەزار دینار کەمتر نابێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە 3ـى ئابى ئەمساڵ تاوەکو 10ـی ئەیلوول، نزیکەی 800 هەزار هاوبەش قەرزى کۆنى کارەبایان گەڕاندووەتەوە، هاوکات لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیران لە 23ـى ئەیلول بڕیاردرا بە نوێکردنەوەى داشکاندنى قەرزى کۆنى کارەبا بۆ ماوەى 25 ڕۆژ کە لە 24ـی ئەیلوول تاوەکو 18ـی تشرینی یەکەم دەخایێنێت.
400 ملیار دینار پارە گەڕێندراوەتەوە
بەگوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8، لە داشکاندنى یەکەمى حکومەت لە نێوان 3ـى ئاب بۆ 10ـى ئەیلول نزیکەى 400 ملیار دینار پارە گەڕێندراوەتەوە بۆ حکومەتى کاربەڕێکەر و لە داشکاندنى دووەم لە 24ـى ئەیلول تاوەکو 8ـى تشرینى یەکەم نزیکەى 150 ملیار دینارى دیکە گەڕێندراوەتەوە، کە بە کۆى گشتیی دەکاتە نزیکەى 550 ملیار دینار.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە کۆی دوو ملیۆن هاوبەشی کارەبا، لە ئێستادا زیاتر لە یەک ملیۆن و 250 هەزار هاوبەش هیچ قەرزێکی کۆنى کارەبایان لەسەر نەماوە.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
پڕۆژەی ڕووناکی شێوازی قیستکردنی قەرزی کۆنی کارەبا ئاشکرا دەکات
2 کاتژمێر پێش ئێستا