پڕۆژەی ڕووناکی شێوازی قیستکردنی قەرزی کۆنی کارەبا ئاشکرا دەکات
پووختەی هەواڵەکە:
- پڕۆژەی ڕووناکی دانەوەی قەرزی کۆنی کارەبا دەکاتە قیستی مانگانە لەسەر پسوولەی بەشداربووان.
- یەکەم قیستی قەرزەکان دەخرێتە سەر پسوولەی مانگی 9 کە لە مانگی 10 دابەش دەکرێت.
- هاوبەشانی ماڵان و کشتوکاڵ دەتوانن قەرزەکانیان بە قیستی 24 مانگ بە کەمترین بڕی 20 هەزار دینار بدەنەوە.
- زیاتر لە 1.2 ملیۆن هاوبەش لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان لە قەرزی کۆنی کارەبا پاکبوونەتەوە.
ئیدارەی پڕۆژەی ڕووناکی سیستمی نوێی پابەندکردنی هاوبەشانی بۆ دانەوەی قەرزە کەڵەکەبووەکانی کارەبا کاراکردووە. دوای کۆتاییهاتنی وادەی داشکاندنی 50%، قەرزە کۆنەکان بەبێ لێخۆشبوون و بە شێوەیەکی ناچاری دەخرێنە سەر پسوولەی مانگانەی کارەبای 24 کاتژمێری. ئەم ڕێکارە بۆ دڵنیابوونەوەیە لە پاکتاوکردنی تەواوەتیی شایستە داراییەکان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 لە سەرانسەری پارێزگاکانی هەرێمدا.
مەرج و خشتەی قیستکردنی قەرزەکان بەپێی پۆلی هاوبەشان:
- خستنەسەری یەکەم قیست لەسەر پسوولەی مانگی 9 کە لە مانگی 10ـدا بەبێ هیچ داشکاندنێک دەدرێتە هاوبەشان.
- پۆلی ماڵان و کشتوکاڵ: گەڕاندنەوەی قەرز بە ماوەی تاوەکو 24 مانگ و بە کەمترین قیستی مانگانەی 20 هەزار دینار.
- پۆلی بازرگانیی بچووک: دانەوەی قەرز بە ماوەی تاوەکو 12 مانگ بە کەمترین بڕی 20 هەزار دینار بۆ هەر مانگێک.
- پۆلی بازرگانی و پیشەسازیی گەورە: پێدانی ماوەی تاوەکو 6 مانگ بۆ پاکتاوکردن بە کەمترین قیستی مانگانەی 200 هەزار دینار.
ئاماری لێخۆشبوون و گشتاندنی کارەبای 24 کاتژمێری:
بەپێی داتاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی دەرفەتی داشکاندندا نزیکەی 800 هەزار هاوبەش قەرزەکانیان بە داشکاندنی 50% دایەوە، کە تێیدا بڕی 360 ملیار دینار لێخۆشبوون ئەنجامدرا و 300 ملیاری تایبەت بوو بە ماڵان. لە ئەنجامدا لە کۆی 2 ملیۆن هاوبەش ئێستا زیاتر لە 1.2 ملیۆن هاوبەش قەرزیان لەسەر نەماوە و زیاتر لە نیوەی ئەوانەشی ماون قەرزەکانیان کەمترە لە 300 هەزار دینار، هاوکات 90%ـی هاووڵاتییان کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە و ئامانجی پڕۆژەکەش گشتاندنیەتی بۆ تەواوی کوردستان تا کۆتایی ساڵی 2026.
زانیاریی زیاتر بۆ تۆ:
وەزارەتى کارەبا: نزیکەی 800 هەزار هاوبەش سوودیان لە داشکاندنی قەرزی کۆن وەرگرتووە
پڕۆژەی ڕووناکی: دوو ملیۆن پارەدانی دیجیتاڵیی کارەبا تۆمارکرا
زانیارى کەناڵ8: زیاتر لە 300 ملیار دینارى قەرزى کۆنى کارەبا گەڕاوەتەوە بۆ حکومەت
51 خولەک پێش ئێستا