بودجەیەک بەبێ ئاگاداری کورد؛ ئەترووشى: کارەسات بەڕێوەیە

مەعاز فەرحان 2 کاتژمێر پێش ئێستا

پووختەى ڕاپۆرتەکە:

  • ڕەشنووسى بودجەى 2027 گەیشتووەتە ئەنجوومەنى نوێنەران.
  • ڕەشنووسەکە پیشانى وەزیرە کوردەکان نەدراوە و ژمارەى مەترسیدارى تێدایە.
  • لە ڕەشنووسەکەدا چەندین کۆتوبەند بۆ هەرێمى کوردستان دانراون.

پەیوەندییەکانى هەولێر و بەغداد جارێکى دیکە بەرەو پایزى تەمەنیان دەڕۆن، بودجە خەریکە دەبێتە بۆمبێک و پردى متمانەى نێوانیان دەڕوخێنێت. ئەوەش لە کاتێکدایە شاندى هەرێمى کوردستان کۆتایى هەفتەى ڕابردوو چووە بەغداد، بەڵام وادیارە ئاڕاستەى دانوستانەکان بەرەو لێکترازان دەڕوات.

فەرهاد ئەترووشى جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕەشنووسى پرۆژەیاساى بودجەى 2027ـى بینیوە و زانیارییەکانى ناوى تایبەت بە کەناڵ8 دا و بە "بۆمب و کارەسات" بۆ هەرێمى کوردستان ناویبرد.


بودجە یان "پیلان"

ئەترووشى جەختدەکاتەوە بەغداد ئەوەى بەشەڕ پێى نەکراوە دەیەوێت لەڕووى داراییەوە بەرامبەر هەرێمى کوردستان بیکات و دەسەڵاتەکانى بەتەواوى کەم بکاتەوە.

بەڵگەى بۆ قسەکانى هێنایەوە و گوتى "حکومەتى فیدراڵ بودجەى وەک بۆمبێک داناوە، تەنانەت تاوەکو ئێستا ڕەشنووسەکە نەدراوەتە وەزیرە کوردەکان و ژمارەکانى ناو بودجە بۆ هەرێمى کوردستان شۆکهێنەرە".


ژمارە مەترسیدارەکەى بودجە وەک ئەوەى فەرهاد ئەترووشى بینیویەتى:

  • بودجەى گشتى بۆ ساڵى داهاتوو 217 تریلیۆن دینارە.
  • 72 تریلیۆن وەک بودجەى سیادى دیاریکراوە.
  • هیچ بڕە پارەیەکى بۆ هەرێمى کوردستان نییە.
  • وەک پارێزگا مامەڵە لەگەڵ هەرێمى کوردستان کراوە.
  • 47  تریلیۆن دینار بۆ کەرتى کارەبا تەرخانکراوە کە دەکاتە 25%ـى بودجەى عێراق.
  • لەم بڕە پارەیەش هیچى بۆ هەرێمى کوردستان نییە.

بۆمبێکى دیکە لە غاز و نەوتدا بە گوتەى ئەترووشى:

  • لە کاتى شەڕى داعش کە سەربەخۆ نەوت فرۆشراوە هەمووى کراوەتە قەرز و بڕەکەى بە 12 تریلیۆن دینار خەمڵێنراوە.
  • لەناو بودجەدا داواى غازى هەرێمى کوردستان کراوە ئەوەى زیادە ئەگەر نەدرێتەوە بەغداد بە ئەندازەى ئەوە لە پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجە دەبڕدرێت.
  •  داواکراوە 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکرێت، ئێستا نزیکەى نیوەى ئەو بڕە هەناردە دەکرێت.

12.7 جێگیر کراوە

  • هەرێمی کوردستان داواى %14.14 پشکى بودجەى کردووە.
  • بەغداد لە ڕەشنووسەکەدا بە %12.7 دیاریکردووە.
  • هەرێمى کوردستان بە فەرمى داواى 29 تریلیۆن دینارى لە کۆى 217 تریلیۆن دینارەکە.
  • فەرهاد ئەترووشى: وەزیرى دارایی ئەو بڕە پارەیەى بەلاوە زۆرە.

مووچەش هاوتا نەکراوە

شاندى هەرێمى کوردستان بەردەوام داواى هاوتاکردنى مووچەى کەسوکارى شەهیدان و زیندانیانى سیاسى و شەهیدانى شەڕى داعشى کردووە، فەرهاد ئەترووشى لەمبارەیەوە مەترسییەکى دیکەى خستەڕوو "لە بودجەدا تاوەکو ئێستا مووچەى پێشمەرگە، زیندانییانى سیاسى، کەسوکارى شەهیدان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان هاوتانەکراوە، هیچ بڕگەیەکیش نییە بودجە بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکانى هەرێمى کوردستان تەرخان بکرێت".

بانگەوازێکى بەپەلە بۆ یەکێتى و پارتى

فەرهاد ئەترووشى، داواکارییەکى بەپەلە ئاڕاستەى یەکێتى و پارتى دەکات و دەڵێت دۆخەکە لە هەموو کات زیاتر پێویستى بە یەکهەڵوێستى ئەو دوو حیزبە گەورەیەى هەرێمى کوردستانە چونکە بودجە بەمشێوەیە تێپەڕێت "کارەساتە".

زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:

ڕیسەکە لە هەرێمى کوردستان دەبێتەوە بەخورى.. 12.70% لە جیاتى 14.14%ـە

وەزیرى دارایى بڕواى بە داتاکان نەبووە..هەولێر و بەغداد ڕێکدەکەون؟

مەعاز فەرحان

2 کاتژمێر پێش ئێستا