لە هەفتەیەکدا 10 هەزار داواکاری بۆ تۆمارکردنی چەک لە عێراق پێشکەش کراوە
پووختەی هەواڵەکە
- سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق ڕایگەیاند، خواست لەسەر تۆمارکردنی چەک لەلایەن هاووڵاتیانەوە لە زیادبووندایە.
- لە هەشت ڕۆژدا زیاد لە 10 هەزار داواکاری پێشکەش کراوە بۆ تۆمارکردنی چەکی هاووڵاتیان.
- وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، تاوەکو ئێستا نزیکەی شەش ملیۆن پارچە چەک تۆمارکراو
سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق ڕایگەیاند، خواستی هاونیشتمانیان بۆ تۆمارکردنی چەکەکانیان لەچوارچێوەی بەرنامەی نیشتمانی بۆ رێکخستنەوەی چەک لە زیادبووندایە و دەشڵێت، لەکاردانەوەی زیادبوونی متمانەدایە بە پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری و چەسپاندنی ئاسایش.
سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق:
- لەماوەی هەشت ڕۆژدا واتە لە 2ـی تشرینی یەکەمەوە تاوەکو 9ـی تشرینی یەکەم، 10 هەزار و 222 داواکاری لەلایەن هاونیشتمانیانەوە پێشکەشکراوە بۆ تۆمارکردنی چەکەکانیان.
- ئەم پێشکەوتنە بەهۆی هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتی کۆنترۆڵ و ڕێکخستنی چەکە لە وەزارەتی ناوخۆ و لەڕێگەی نووسینگەکانی تایبەت بەو پرسە کە 449 نووسینگەیە لەسەرتاسەری عێراق .
- دەشڵێت، کارەکانیان بەردەوامە بۆ ئاسانکاری بۆ هاووڵاتیان و تۆمارکردنی چەکەکانیان و پتەوکردنی پەیوەندی و بەیەکگەیشتن لەگەڵ هاووڵاتیان.
ئەوە لەکاتێکدایە، تۆمارکردنی چەک بەرنامەی وەزارەتی ناوخۆی عێراقە بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک و دەشڵێن چەکی تۆمارنەکراو ڕێگە پێدراو نییە و داواکاری پێشکەشکردنی ئەلیکترۆنی خۆڕایی بۆ تۆمارکردنی چەک تاوەکو 31ـی کانوونی یەکەمی 2026 کراوە دەبێت و دواتر داواکارییەکە دەبێتە پارە، جیالەوەش ئەگەر چەک تۆمارنەکرا ئەوا لە قۆناغی دواتردا خۆیان دەگەڕێن بەدوای چەکە تۆمارنەکراوەکاندا و دەستیبەسەردا دەگرن.
شەش ملیۆن پارچە چەک تۆمارکراون
چەند ڕێکارێکی یاسایی هەن بۆ ئەوانەی دەیانەوێت چەک تۆماربکەن، بەگوێرەی بڕگەکانی یاسای ژمارە 51ـی ساڵی 2017، پێویستە کەسەکە عێراقی بێت، تەمەنی سەروو 25 ساڵ بێت، لەڕووی جەستەیی و دەروونییەوە گرفتی نەبێت، هیچ تاوانێکی ئەنجام نەدابێت، لەلایەن یاساوە داواکراو نەبێت وهۆکارێکی دیاریکراوی هەبێت بۆ خاوەندارێتیکردنی چەک.
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، پلاتفۆڕمێکی ئەلیکترۆنیش کراوەتەوە بەناوی "پلاتفۆڕمی ئوور"، لەم ڕێگەیەوە ئەوانەی خواستی تۆمارکردنى چەکیان هەیە، دەتوانن داواکاری پڕبکەنەوە.
زانیاریی زیاتر بۆ تۆ
1 کاتژمێر پێش ئێستا