سیسرکەکان پایتەختی هیندستانیان خستە ئامادەباشییەوە
پووختەى ڕاپۆرتەکە:
- شەپۆلێکی نوێی خۆپیشاندانی بزووتنەوەی سیسرکی گەنجانی هیندستان دەستیپێکردووەتەوە.
- بزووتنەوەکە کێشەى لەگەڵ کۆمیسیۆن و سەرۆکوەزیران هەیە.
- حکومەتى نیودەلهی ترسی زۆرى لەم بزووتنەوەیە هەیە.
ڕۆژی شەممە، بزووتنەوەی سیسرک، خۆپیشاندانێکی لە نیودەلهی ڕێکخست، بەڵام بەرپرسان هەرزوو دەستیان بە ڕێگریکردن لە خۆپیشاندەران کرد، لەڕێگەی بڵاوەپێکردنی هەزاران ئەندامی هێزی ئەمنییەکان و داخستنی وێستگەی میترۆ و پاس و ڕاگرتنی هێڵەکانی ئینتەرنێت، لەگەڵ سەپاندنی قەدەغەکردنی کۆبوونەوەی گشتی لە چەند ناوچەیەکدا.
ڕەخنەکانى بزووتنەوەى سیسرک:
- تۆماری دەنگدەران لە بەرژەوەندیی پارتی نارێندرا مۆدی سەرۆکوەزیران دانراوە.
- ناوی دەنگدەرانی ئێمە لە تۆمارەکەدا سڕاوەتەوە.
- کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی هیندستان: کارى نایاساییمان نەکردووە.
دامەزرێنەرى سیسرکەکان گیرا
ڕۆژی شەممە، ئەبجیت دیبکەی، دامەزرێنەری بزووتنەوەی سیسرک و دوو سەرکردەی دیکە، پێش ئەوەی بتوانن لە فڕۆکە دابەزن بۆ بەشداری کردن لە خۆپیشاندانەکە دەستبەسەرکران، بە گوتەی بزووتنەوەکە و ڕاپۆرتە میدیاییەکان، هەزاران خۆپیشاندەری دیکەش دەستبەسەرکراون.
ئەمڕۆ سەرکردەکانی بزووتنەوەی سیسرک ئازادکران و بەڵێنیان دا لە هەڵمەتەکەیان دژی کۆمیسیاری هەڵبژاردن بەردەوام بن تاوەکو سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن دەستلەکاردەکێشێتەوە.
زانیاریى لەبارەى بزووتنەوەى سیسرکەکان:
- دامەزراندنی ئەم بزووتنەوەیە، دوای قسەیەکی سەرۆکی دادوەری هیندستان بوو.
- لە دانیشتنێکی دادگادا لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا، ڕەخنەگرانی خۆی و هەندێک گەنجی بێکاری بە سیسرک چوواند.
- لێدوانەکەى کاردانەوەى توندى لەنێو گەنجانی نائومێدی هیندستان لێکەوتەوە.
- ئەبجیت دیبکەی، کە خوێندکارە لە زانکۆی بۆستن، ئەم سووکایەتییەی وەکو ئیلهامێک بۆ دامەزراندنی بزووتنەوەیەکی سیاسیی بەکارهێنا.
- ناوى پارتی گەلی سیسرکى لە بزووتنەوەکەى نا.
- ڕەخنە لە بێکاری و گەندەڵی و ناکارایی سیاسی دەگرێت.
- ئێستا یەکێک لە دیارترین دەنگەکانی ناڕەزایەتی دژی حکومەتەکەی نارێندرا مۆدییە.
لە مانگی تەمموزدا، شەپۆلێکی دیکەی خۆپیشاندانی سیسرکەکان، وەزیری پەروەردەی هیندستانی ناچارکرد دەست لەکاربکێشێتەوە.
زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:
2 کاتژمێر پێش ئێستا