تورکیا سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی ڕیاز دەکات
پووختەى هەواڵەکە
- تورکیا جارێکی دیکە بە توندی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی مەلیک خالید لە سعودیە کرد.
- تورکیا: ئەم هێرشانە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
- حوسییەکان بە مەبەست ژێرخانی مەدەنی و هاوڵاتییانی بێتاوان دەکەنە ئامانج.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕاگەیێنراوێکی لەبارەی هێرشی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مەلیک خالید لە ڕیاز لەلایەن حوسییەکانەوە، بڵاوکردووەتەوە و بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکان دەکات.
لە ماوەى سێ ڕۆژ دوو ڕاگەیێنراو لەسەر هێرشى حوسییەکان
- لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا ئەمە دووەم ڕاگەیێنراوی تورکیایە لە بارەی هێرشەکانی سەر فڕۆکەخانەکانی سعودیە.
- لە کاتێکدا لەگەڵ پاکستان، لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی بەرگریی مەککە هاوپەیمانی سعودیەن.
- بە گوێرەی ڕێککەوتننامەى مەککە هێرش بۆ سەر هەریەکێک لەو سێ وڵاتە هێرشە بۆ سەر هەرسێکیان.
- وەزارەتی دەرەوەی تورکیا: هێرشەکان بە مەبەست ژێرخانی مەدەنی و هاوڵاتییانی بێتاوان دەکەنە ئامانج و بە ڕوونی یاسای نێودەوڵەتی و بنەماکان پێشێل دەکەن.
- بە پێویستیشی زانیوە دەستبەجێ هێرشەکان ڕابگیرێن کە دەبنە هۆی دروستکردنی مەترسی بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و زیان بە هەوڵەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پێناو چەسپاندنی ئاشتیدا دەگەیەنن.
- لە ڕاگەیێنراوەکەدا، ئەنقەرە پشتیوانیی بۆ سەروەری و پاراستنی خاکی سعودیە دووپات دەکاتەوە.
- هێرشی حوسییەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مەلیک خالید لە ڕیاز، 12 کوژراو و 309 برینداری لێکەوتەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە، حەوتی ئابى ڕابردوو، تورکیا و پاکستان و سعودیە ڕێککەوتننامەیەکی بەرگریی هاوبەشیان بە ناوی (رێککەوتننامەکەی بەرگریی مەککە) واژۆکرد و بە گوێرەی ڕێککەوتننامەکە هێرش بۆ سەر هەر لایەنێکیان هێرشە بۆ سەر هەرسێکیان.
ڕێککەوتننامەکە تاوەکو ئێستا لە پەرلەمانی تورکیا پەسەندنەکراوە و تاوەکو پەسەند نەکرێت لەلایەن ئەنقەرەوە ناکەوێتە بواری جێبەجێکرنەوە.
لە بارەی هێرشەکانی سەر سعودیە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پێشتر ئاماژەی بەوەکردبوو، پشتیوانییەکان لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەکەدا بەگوێرەی داواکارییەکانی ئەو وڵاتە دەبێت کە هێرشی کراوەتە سەر.
کۆبوونەوەى ڕێککەوتننامەى مەککە لە ڕیاز
پێنجی ئەم مانگە لیژنەی ستراتیجیی سیاسی و بەرگریی ڕێککەوتننامەی مەککە لە ڕیازی پایتەختی سعودیە بە ئامادەبوونی وەزیرانی دەرەوە، بەرگری و سوپاسالاری هەریەک لە تورکیا، سعودیە و پاکستان کۆبووەوە.
لە پاش کۆبوونەوەکەش ڕاگەیێنراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتبوو، "هەر هێرش یان هەڕەشەیەک لە دژی ئاسایشی سعودیە بێدوودڵی ڕەتدەکەنەوە و دەستبەجێ هەنگاو دەنێن بۆ جێبەجێکردنی پراکتیکی پابەندبوونە بەرگرییە بەکۆمەڵەکان. هەروەها ڕێوشوێنی پێویست بۆ دابینکردنی هێز و توانا سەربازییەکان دەگرنەبەر.
زانیاریى زیاتر بۆ تۆ
1 کاتژمێر پێش ئێستا